لە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران ڕێوشوێن بۆ هێرشی کیمیایی گیراوەتەبەر

زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران سیستمی بەرگری بۆ رێگریکردن لە هێرشی بایۆلۆژی و تیشک و کیمیایی جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی IRIBNews، مەهدی فەرەحی، جێگری وەزیری بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ٥١ شاردا سیستمی بەرگری دانراوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێکی بایۆلۆجی، تیشک و کیمیایی. بە وتەی مەهدی فەرەحی، سیستەمی بەرگریش بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان و پاراستنی خەڵک لەم هێرشانە جێگیر کراوە.

سەدام حوسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا (١٩٨٠-١٩٨٨) پەنای بردە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

بە تایبەتی لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٧ شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە یەکەمین شار کە بە گازی خەردەل بۆردومان کرا. لەو هێرشەدا لانیکەم ١١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٥١٨ کەسیش برینداربوون.

ئەمیر خاتەمی وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران بە هۆی ساڵیادی ئەو هێرشانەوە لە مانگی مارسی ٢٠٢١ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە وڵات لە بەرامبەر ئەگەری هێرشە ئەتۆمی و بایۆلۆجی و کیمیاییەکان ئامادەبێت.

ماوەی ١٦ مانگە ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی رۆژئاوا بۆ گەڕانەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکان دانوستان دەکات. ئەم ڕێککەوتنە کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە ڤیەننا دەستیپێکرد، دوای ٣ ساڵ لەلایەن ئەمریکاوە بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ هەڵوەشایەوە و سیاسەتی سزاکانی سەر ئێران دووبارە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژانی دوایی پێشبینی دەکرێت دانوستانەکانیان کۆتایی ئەنجامی هەبێت. بەڵام ئیسرائیل بە توندی دژی ئەو ڕێککەوتنە دەوەستێتەوە. یایر لاپید سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌  ٢٨ی ئابدا رایگه‌یاند كه‌ رێگه‌ ناده‌ن ئێران بۆمبی ئه‌تۆمی به‌ده‌ست بهێنێت.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران لە وەڵامدا وتی: ئەگەر ئەوان بڕیار لەسەر شتێكی لەم شێوەیە بدەن، ئەوا ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەی نامێنێت بجووڵێتەوە.

ف.ق