لافاو لە ئیران: لە دوو رۆژدا ٢٤ کەس مردوون. ١٩ کەسیش بێسەروشوێنن

لە ناوچەکانی نزیک لە تارانی پایتەختی ئێران لافاو هەڵساوە، لەماوەی دوو رۆژدا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسیش بێسەروشوێنن.

مانگی سوری ئێران لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە: "لە گوندی ئیمامزادە داودی رۆژئاوای و ناوچەکانی فیروزکوه، رودێهێن و دەماوەند بە هۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە ٢٤ کەس ژیانیان لەدەستداوە".

زانرا کە تیمە فریاگوزارییەکان تائێستا بە دوای ١٩ کەسی بێسەرووسوێندا دەگەڕێن.

وەزیری ناوخۆ ئەحمود وەحیدی قسەی بۆ کەناڵی فەرمی حکومەت کرد. وەحیدی باسی لەوەکرد، کە بە گشتی ١٨ پارێزگا کەوتوونەتە بن کاریگەری لافاو. لەوانە ئەلبورز، مازندەران، مەرکەزی، ئەسفەهان، یەزد و تاران. لە یەزد رێگە و شاری مێژووی یونیسکۆ لە ژێر ئاوەوە ماونەتەوە.

لە ئێران کە وڵاتێکە بەشێکی زۆری رووبەرەکەی بیابانە لە ١٠ ساڵی رابردوودا جگە لە وشکەساڵی کە دووبارە دەبێتەوە، بە هۆی بارانی زۆریشەوە لافاو هەڵدەستێت و دەبێتە هۆی زیانی زۆر.

ئەوەش زانراوە کە کۆتایی هەفتە لە پارێزگای فارس لە باشوری وڵاتەکە لە ئەنجامی لافاو ٢٢ کەس ژیانیان لەدەستدابوو. لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ لە هەمان ناوچە ٨ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدابوو.

ساڵی ٢٠١٩ بە هۆی بارانی بەخوڕ لە باشوری وڵاتەکە لانیکەم ٧٦ کەس ژیانیان لەدەستدابوو و زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریش زیان بەر ئەو ناوچانە کەوتبوو.

هـ . ب