"لەماوەی کەمتر لە ٧٠ رۆژدا داعش ١٤٥ کەسی لە سوریا کوشتووە"

چەتەکانی داعش لە ماوەی کەمتر لە ٧٠ ڕۆژدا ٣٨ کردەوەی تیرۆریستییان لە دەشتاییەکانی سوریا ئەنجام داوە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی ١٤٥ کەس.

بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا چەتەکانی گروپی تیرۆریستیی داعش بەردەوامن لە کردەوە تیرۆرستیەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی دەشتاییەکانی سوریا.

رێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، داعش بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامەکانی، کە هێزی تەواوی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی، ئەمەش لە ڕێگەی هێرشی لەناکاو و بۆسە و بەئامانجگرتن و تەقینەوە، لەبەرامبەردا ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم بەردەوامن لە هەڵمەتی ئەمنی لە قووڵایی دەشتاییەکان.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ ئەوەشی ڕاگەیاندووە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چەتەکانی داعش ٣٨ کردەوەی تیرۆرستییان لە ناوچە جیاوازە دەشتاییەکانی سوریا ئەنجام داوە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی ٥٤ سەربازی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم و ئێران و کوژرانی ٩١ کەسی مەدەنی و لەبەرامبەریشدا ٤ چەتەی داعش کوژراون".

ژ.ت