سەدریەكان دوای كشانەوەیان دەرگاكان دادەخەن و سەدر دەچێتە سعودیە

مۆقتەدا سەدر پاش ئەوەی داوای لەئەندام پەرلەمانتارانی كرد دەست لەكار كشانەوەیان لە پەرلەمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن و دواتر داوای لەسەدریەكان كرد لەدام و دەزگا حكۆمیەكانیش بكێشنەوە، سەردانی سعودیە دەکات.

رێبەری رەوتی سەدر؛ مۆقتەدا سەدر پاش ئەوەی داوای لەئەندام پەرلەمانتارانی كرد دەست لەكار كشانەوەیان لە پەرلەمان پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن و دواتر داوای لەسەدریەكان كرد لەدام و دەزگا حكۆمیەكانیش بكێشنەوە و بڕیاری داخستنی زۆرینەی نوسینگەكانی لە شارەكانی عێراقداو بەوەش دەرگاكانی بەرووی هەموو لایەكدا داخست و گۆمە لێڵەكەی ئێراقی زیاتر شەڵەقاند و لەئێستاشدا بڕیاری داوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیەی عەرەبستان بكات.

بەگوێرەی راگەیاندنە عێراقیەكان، مۆقتەدا سەدر لەئێستادا رایگەیاندوە؛ ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا بكات. تەنانەت راگەیاندنەكان باس لەوەش دەكەن كە مۆقتە سەدر بەگشتی بڕیاریداوە، لەپرۆسەی سیاسی ئێراق بەگشتی دووربكەوێتەوە.

رێبەری رەوتی سەدر، مۆقتەدا سەدر بەكشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەكانی لەپەرلەمان و حكومەتی عێراق، كەشەی سیاسی عێراقی تاریكتر كردوە و رەنگە رەوشی عێراق لەهەر ئان و ساتێكدا تێكبچێت و بارودۆخەكە بتەقێتەوە.

هەلومەرجی سیاسی عێراق بەرەو كوێ؟

هەندێ لە شارەزایانی كاروباری سیاسی عێراق لەو باوەڕەدان، كشانەوەی سەدر لەپەرلەمان و لەحكومەت بەواتای شەلەل بوونی كۆی جۆمگەكانی حكومەتداری دێ لەعێراقی ئێستاكە و رەنگە ئەم شەلەلبوونەش مەودایەكی درێژ نەخایەنێت و رەوشی عێراق بەرەو پێكدادانێكی ناوخۆیی ببات. مۆقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بەهۆی كاریگەری بەسەر شەقامی عێراقیەوە، دەتوانێت لەماوەیە زەمەنیەكی زۆر كەمدا شەقامی عێراقی بەگژ دام و دەزگاكانی حكومەتی عێراقی راپەڕینێت و لەئەگەر درۆست بوونی هەرچەشنە حكومەتێك لەماوەیەكی كەمدا لەلایەن هەوادارانی سەر بەمۆقتەدا سەدرەوە ئاستەنگی بۆ درۆست بكەن و بیرۆخێنن.

رەنگە شەڕێكی ناوخۆیی هەڵبگیرسێت

لەئەگەری دەستێوەردانی هێز ناوخۆیی و دەرەكیەكانیش لەوەها دۆخێكدا، رەنگە خەڵكە راپەڕیوەكە و لایەنگەرانی مۆقتەدا سەدر، ئەو ئەزموونەی سۆپای  بەدر زیندوو بكەنەوە و دژ بەلایەكی تر سەنگەر بگرن. ئەمەش بەواتای سەرهەڵدانی شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی دێ كە ئەو سەری دیار نەبێت.

هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن

هەندێ لەشارەزایانیش پێیان وایە، بژاردەیەكی تر لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و كردنەوەی ئەم گرێیە كوێرەیە، هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانەی ئێستاكەیە و پێكهێنانی حكومەتێكی كاربەرێكەر و ئامادەكاری لەماوەیەكی كورتدا ئەنجامدانەوەی دووبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام هەندێكیش پێیان وایە ئەگەر بەهەمان میكانیزمەی ئێستاكەوە هەڵبژاردن دووبارەش بكرێتەوە، رەنگە بارودۆخەكە هیچ گۆڕانی بەسەردا نیەت، یا ئەگەر گۆڕانكاریەكانیش بەدڵی لایەكی تر نەبوو، رەوشەكە جارێكی تر ئاڵۆز ببێتەوە و قەناعەتیان بەوەیە كە دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن، پرۆسەی سیاسی عێراق زۆر ناگۆڕێت، ئەوەش بەلایەنی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. دەبێت هەندێ دەرئەنجامی لێبكەوێتەوە كە كەس چاوەڕوانی نەدەكرد.

ئاخۆ كشانەوەكەی سەدر لەپەرلەمان و حكومەت، كشانەوەیەكی هەمیشەییە لەپرۆسەی سیاسی عێراق؟

ئەگەر ئامانجی مۆقتەدار سەدر بەو ئامانجەوە بڕیاری دەست لەكاركشانەوەی دابێت، ئەوا ئێدی تۆپەكە كەوتووەتە گۆڕەپانی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی تر كە هاوپەیمانی سەدر بوون. ئاخۆ ئەوان بەیەكەوە و بەبێ سەدر دەست بۆ هەڵگرتنی ئەو بەردە قورسە دەبەن یا چاوەڕوانن جارێكی تر سەدر لەبڕیارەكانی پەشیمان بكەنەوە یا هیچ نەبێت، حكۆمەتێك بۆنیاد بنێنن كە رەزامەندی سەدری لەسەر بێت.

سەدر دەچێتە سعودیەی عەرەبستان!

دوابەدوای بڕیارەكانی سەدر رایگەیاندوە كە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەكات. لەهەمانكاتیشدا بڕیار وایە لەم ماوەیە سەرۆكی ئەمریكا بەسەردانێك بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، پێش هەموو وڵاتان سەردانی سعودیە دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و رەنگە چوونەكەی مۆقتەدا سەدریش لەم كاتەدا پلانێك بێت كە لەزۆوە ئامادەكاری بۆ كرا بێت و لەو سەردانەشی چاوی بەبایدن بكەوێت و كۆمەڵێك دانوستاندن و رێككەوتنیش بێتە ئاراوە كە بەجۆرێك بێ، كاریگەری لەسەر دوا پێشهاتەكانی هەرێمەكە و عێراقیش دابنێت.

ف.ق