تالیبان دوو رۆژی دیکە حکومەتی نوێ رادەگەیەنێت

ئەندامێکی باڵای تاڵیبان ڕایگەیاند، دەوڵەتی نوێی ئەفغانستان لە دوو ڕۆژی داهاتوو ڕادەگەیەندرێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی بی بی سی فارسی، عەباس ئوستانکەزی لە ئەندامە باڵاکانی گروپی تاڵیبان کە لە قەتەر دادەنیشێت، ڕایگەیاندووە، تاڵیبان دەوڵەتێکی نوێ ڕادەگەیەنێت.

ئوستانکەزی بەو ئاژانسەی وتووە: لە دوو ڕۆژی داهاتوو گروپی تاڵیبان، دەوڵتێکی نوێ لە ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت کە دەوڵەتێکی گشتگیر دەبێت.

لەسەر ڕۆڵی ژنان لە دەوڵەتی داهاتووی تاڵیبان، ئوستانکەزی وتوویەتی: ژنان ڕۆڵیان دەبێت بەڵام نە لە ئاستە باڵاکاندا، بەو مەرجەی لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو کە ئەمریکا پشتیوانیی کردووە هاوکارییان نەکردبێت.

ئوستانکەزی هەروەها لەسەر فڕۆکەخانەی کابولیش کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە چوڵکراوە، وتوویەتی: فڕۆکەخانەکە لە دوو ڕۆژی داهاتوو دەکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاڵیبان تا ئێستا بە کردەوە، خۆی لەوە دوور گرتووە کە کەسانی دیکە و بیروڕای جیاواز بەشداریی دەوڵەتی داهاتووی ئەفغانستان بن، هەروەها بە یاسا دژە ژنەکانیان، داوایان لە ژنان کردووە کە نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ف.ق