ئێران؛ گردبوونەوە ناڕەزایەتیەكان بەردەوامە و داوای دەست لەكاركشانەوەی رەئیسی دەكەن

نرخی دۆلار لەئێران بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لەرۆژانی رابردوو بەردەوام، بەرز دەبێتەوە، ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌ به‌رده‌وامن.

لەچوارچێوەی ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی ئێران لەبەرامبەر بە رەوشی قورسی ژیانی و ئابوری، دۆكانداران و خانەنشینانی ئەو وڵاتە لەچەند شارێكدا، دەستیان بەگردبوونەوەی ناڕەزایەتی كردۆوە.

ناڕەزایەتیكاران رۆژی سێ شەممە، ١٤ی حۆزەیران لەشارەكانی ئەراك، كازرون، میناب، ئیسفهان، ئەهواز، كرماشان، شوش، زەنجان، دورود و كەرەج بەوتنەوەی درۆشمگەلێك وەكو"رئیسی بێ غیرەت، ده‌ستله‌كاربكێشه‌وه‌، ده‌ستله‌كاربكێشه‌وه‌ " و "گفت و به‌ڵێنت باشبوو، به‌ڵام هه‌موو درۆبوو" ناڕەزایەتی خۆیان لەمەڕ سیاسەتی ئابوری دەوڵەت نیشان داوە و داوا دەكەن، بەدەم داواكاریەكانیانەوە بچن.

خانەنشینانی ده‌سته‌به‌ری كۆمەڵایەتی"بیمەی كۆمەڵایەتی" لەم ناڕەزایەتیانەدا، داوا دەكەن، موچەكانیان هاوتا بكرێت و لەبەرامبەر بەزیادكردنی ١٠% موچەكانیان ناڕازین.

دوكانداران لەنێو ناڕەزایەتیەكاندا، لەدژی زیادكردنی رێژەی باج"مالیات" و لەدژی كەرتی تایبەتن و بەگوێرەی زانیاریەكان، دۆكانەكانیان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەزۆرێك لەشارەكاندا داخستووە.

بڵاوكردنەوەی ئەو دیمەنانە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا نیشانی دەدات، ژمارەیەكی زۆر لەهێزە ئەمنیەكان لەكەرەج هەوڵیانداوە رێگری لەگردبوونەوە ناڕەزایەتیەكانی جەماوەر لەو شارەدا بكەن.

هاوكات گروپێك لەو كەسانەی كە تووشی نەخۆشی درێژخایه‌ن و تایبەتن هاوشانی بنەماڵەكانیان، ئەمڕۆ لەبەرامبەر بەباڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی لەتاران كۆبوونەتەوە و لەدژی بەرزبونەوەی نرخی دەرمان و كەمی دەرمان ناڕەزایەتیان نیشانداوە.

گردبوونەوەی خانەنشینان، مامۆستایان و چالاكانی كرێكاری لەهەلومەرجێكدا لەئێراندا بەرێوە دەچن كە پێشتر عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لەوتاردانێكدا"ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی" بە"دۆژمنانەوە" گرێدابوو و بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە هەموو كەس لە رژێمی ئێران رازین.

هـ . ب