ئێران: لە دۆسیەی ئەتۆمیدا پێشکەوتنی باش هەیە

سەعید خەتیبزادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمیدا کە لە ڤیەننا بەڕێوە دەچن، پێشکەوتنی باش هەیە.

سەعید خەتیبزادە لە تارانی پایتەختی ئێران کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و وتی، " ئەو روداوانەی لە ڤیەننا رودەدەن، ئەنجامی هەوڵی هەموو لایەنەکانن بۆ رێککەوتنێکی ئارام."

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەکرد، " لە چوار بابەتدا کە باس کراون، پێشکەوتنی باش هەیە کە ئەمانەن، هەڵگرتنی گەمارۆکان، کێشەی ئەتۆمی، کۆنتڕۆڵکردن و وەرگرتنی گەرەنتی."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پرسی ئەتۆمی رایگەیاند، کێشەی جیاوازی گرنگ هەن کە پێویستە قسەیان لەسەر بکرێت و گوتی، " لە هەندێک خاڵدا ئەنجاممان بەدەستهێناوە و ئەگەر نیەتی لایەنەکان باش بێت، پێشکەوتن دروست دەبێت."

ئەمریکا بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا یەکلایەنە لە پرسی ئەتۆمی کشایەوە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ڤیەننادا ناکات.

ف.ق