زانایەکی ئەتۆمیی ئێران کوژرا

ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی زانایەکی ئەتۆمیی ئێرانی لە تارانی پایتەخت بڵاوکردەوە.

ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، ئەو زانایە ناوی موحسین فەخریزادە ئەمڕۆ لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە تاران لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، بکوژەکان پێش ئەوەی تەقە لە ئۆتۆمبێلی فەخریزادە بکەن، ئۆتۆمبێلێکی دیکەیان تەقاندووەتەوە و چەند کەسێکی دیکە کوژراون کە تا ئێستا ناسنامەکەیان نەزنراوە.

دوای ڕووداوەکەش باری نائاسایی لە ئابسەراد ڕاگەیەندرا و ڕێگاکانی هاتووچۆ داخران.

فەخریزادە بە “سندووقی ڕەشی” دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دانراوە و ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بووە.

ف.ق

زانایەکی ئەتۆمیی ئێران کوژرا