ئاسیا عەبدوڵا: کاتێ ژن سیاسەت دەکات دیموکراسی دەگەشێتەوە

ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لەگەڵ بەشێک لە نوێنەری ژنانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری سلێمانی کۆبوویەوە، داوای کرد ژنان پێشەنگایەتی یەکێتی نەتەوەیی بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سیاسەتی یەکێتی نەتەوەی.

کۆبوونەوەیک کە نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان لە هۆلی تەوار شاری سلێمانی ئامادەی کردبوو دەربارەی دوایین ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی یەکێتی و یەکڕیزی لە نێوان ژنانی کورد  تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری ژنانی پارت و ڕیکخراوەکان چالاکانی ژن تێیدا بەشدار بوون، ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار کۆبوونەوەکەی  بەڕێوە برد بۆ ئامدەبوان قسەی کرد.

ئاسیا عەبدوڵا لە میانەی قسەکانی بۆ ئامادەبوان  ڕایگەیاند: ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە ناوچەکە روودەدەن مەترسیەکی گەورەی دروستکردوە لەسەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد بە تایبەتیش بۆ سەر ژنان، چونکە لە ئامانجی هێرش و ئاڵۆزەیکان لە کوردستان ژنان دەکرێنە ئامانج دەیانەوێت لە کەسایەتی ژنی کورد تەواوی گەلی کورد تێک بشکێنن.

"هێرش لەسەر ژنانی کورد هێرشە لەسەر ئیرادەی ژنانی ئازادیخوازی دونیا"

هەروەها وتیشی هێرش لە سەر ژنی کورد بە واتای هێرش دێت لەسەر تەواوی ژنانی ئازادیخوازی دونیا، چونکە ژنانی کورد ئێستا پێشەنگایەتی ژنی ئازاد دەکەن لە جیهان، دەوڵەتانی سەر دەست و کۆنە پەرست بەتایبەتی تورکیای داگیرکەر دەیەوێت لە کەسایەتی ژنی کورد ئیرادی ئازادی ژن بشکێنن، ئەمریکا و ڕوسیاش هەموو ئەو هێرشانە لەسەر گەلی ئێمە بە ڕوونی دەبینن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی سیاسی ئابوریەکانی خۆیان هیچ هەلوێستێکیان نیە و پێش لەو هێرشانە ناگرن.

لە درێژەی قسەکانی ئەو ئەندامەی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار وتیشی: لە کاتی ‌هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکەر بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە تەواوی کوردستان بەتایبەتی باشور هەڵوێستی گرینگ دژی داگیرکەری پێشاندرا بەتایبەتیش ژنان ڕۆڵی گرینگیان هەبوو، بەڵام ئەوندە بەس نیە بەڵکو دەبێت فشارەکانمان چڕتر بکەینەوە لە دژی داگیرکاری چونکە مەترسی گەورە لەسەر گەلی کورد و بەتایبەتیش ژنان هەیە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات گەلەکەمان کۆمەڵکوژ بکات، هاوشێوەی ئەو کۆمەڵ کوژیەی کە لە تەل ڕەفعەت کردی.

"دەبێت پلاتفۆرمیکی نەتەوەی ژنان دروست بکرێت"

ئاسیا عەبدوڵا داواشی کرد:" ژنانی کورد نابێ چاوەڕێی پیاوان یاخود پارتو لایەنە سیاسیەکان بکەن بەڵکو دەبێت ژنان پێشەنگایەتی یەکڕیزی یەکێتی نەتەوەیی بکەن، سیاسەت لە ژن جوانە، کاتێ ژن سیاسەت دەکات ئیرادەی گەل پێشدەکەوێت دیموکراسی دەگەشێتەوە". ناوبراو داواشی کرد هەرچی  زووە دەبێت پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی تەواوی ژنانی کورد دروست بکرێت لە ئێستاشدا کار بکرێت ژنان کۆنفراسی سێیەمی نەتەوەی خۆیان ببەستن.