ئەرزینجان: دەستدرێژییەکان لەلایەن ئاکەپە و مەهەپەوە ئەنجام دەدرێن

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە وتی، دەبێت ئەو دەستدرێژییانە، کە لەلایەن ئەفسەرە پسپۆڕەکانی دەوڵەتی تورک لە شرنەخ و ئێلح کراونەتە سەر ژنانی کورد لە رووی مێژووی و کۆمەڵکوژکەر – دەستدرێژکارەوە لێکدانەوەى بۆ بکرێت.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەرێوەبەریی کەژەکە رایگەیاند، ژنانی کورد بە تێکۆشان و بەرخودانی پەکەکە و بە پێشەنگایەتیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرلەنوێ ژیانەوە و لە رێگای ئازادیدا بەرەوپێش رۆیشتن و قوربانی زۆر گەورەیان دا و ئەوانەش بە رەنج و فیداکاری و بوێری بەدیهاتوون و ئێستاش ئەو تێکۆشانە بە شێوەیەکى بێ هاوتا درێژەی هەیە. راشیگەیاند، هەر چەند بیانەوێت ئەو بەها مێژووییە، کە بە پێشەنگایەتیی ئۆجالان خوڵقاوە بشارنەوە و لە رێگەى لایدەن، بەڵام ئەو خەباتەى بۆ ئازادی کراوە و ئەو بەهایانەى ئافرێنراون هەموو ئەو هەوڵانە پووچ دەکەنەوە.

ئەرزینجان راشیگەیاند، تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد، تێکۆشانە بەهۆی پارادیگمای ژیانی ئازاد، بەهۆی مێژووی جوگرافیاوە کە تیایدا دەژی و بەهۆی رۆشنبیری و کولتوری کۆمەڵایەتیەوە تاوەکو دێت دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکى گەردونی.

ئەرزینجان لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، بانگەشەیان ئەوەیە سەدەی ٢١ بکەنە سەدەی ژن و بۆ ئەوە تێدەکۆشن، کە ئەو مێژووەى ژن دەکاتە کاڵا پێچەوانە بکەنەوە و تێکۆشان بۆ بوونی ژن و تایبەتمەندییەکانى بوونەوەری ژن دەکەن و وتیشی "لەو رووەوە تێکۆشانی ژیانی سەرۆک ئاپۆ، مێژووی پەکەکە بە گەوهەری خۆیەوە بە ژنانی کورد و لە کەسایەتیی ژنانی کورددا، دادەدۆشرێت. کێشەى ئازادیی ژن ناکۆکیی سەرەکیی ئەم سەدەیەمانە".

'سۆسیالیز بە تێکۆشانی ژنان بووەتە ئومێد'

ئەرزینجان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رۆژئاوا شۆڕشێکى ژن هەیە، ئەوەى ئیلهامی پێدەدات، ئەوەى ئەزمونی خۆی پێشکەشکردووە و بووە رێنیشاندەری بزوتنەوەى ئازادییە، سەرەتا ساکینە جانسز کە لەم تێکۆشانەدا خاوەن رۆڵێکى گرنگ بوو و پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژنانی کرد، بە بیرەوەری و یادی لە ناو ژنان لە باکووری کوردستان، بە رێکخستنەکانی ئەو و چالاکییەکانی ئەم ئاستەی ئێستا ئافرێنراوە و هەنگاوێکى گەورەی دابووە پێش خۆی.

ئەرزینجان راشیگەیاند، لە هیچ شۆڕشێکى جیهاندا بەو ئەندازەییەی ژن لە شۆڕشی کوردستاندا بە رۆڵی خۆی هەستاوە، ژن هەرگیز بەم شێوەیە بە رۆڵێکى ستراتیژیک و ئەرک و بەرپرسیارییەکی ستراتیژییەک هەڵنەستاوە و وتی "ئێمە خاوەنی راستییەکى تێکۆشانی ژنانی لەو جۆرەین، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. ئێمە وەک هێزی ستراتیژیکی هەموو سەردەمەکان و بە هێزێکى بنەڕەتیی زۆرەوە بەشداریی ژیان دەبین. ئەوەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا جاری یەکەم روودەدات. سۆسیالیزم بە تێکۆشانی ئازادیی ژن جارێکیتر بووەتە ئومێد، زیندووبووەتەو و هاتوەتەوە بواری کردارییەوە".

'تێکۆشانی ژنان پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی ئازادیی کورد دەکات'

ئەرزینجان لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی "هێڵی ئازادیی ژن، بەو خەباتەى کە بە رێکخستنیکردووە وەردەسوڕێت بۆ سەر سیستمی ژن، وەردەسوڕێت بۆ سەر سیستمی کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتی بۆ مۆدێلێکى نمونەیی و مێژوویی و ئازادیخواز دەکات. وەک لە رۆژئاوا دەردەکەوێت لە ناو شۆڕش دا شۆڕش دەکرێت. لە ناوەندی خەباتی ئازادیی ژن دا تێکۆشانی ئازادیی کورد گەش دەبێت و پێشەنگایەتی بۆ گەلانی هەرێمەکە دەکات".

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەژەکە لەبارەى هێرشە زایەندەکان و دەستدرێژیی هێزە چەکدارەکانى دەوڵەت کە بە تایبەتی لە کوردستان و بەگشتی لە تورکیا رووی لە زیادبوون کردووە رایگەیاند، دەبێت کۆمەڵکوژکردنی ژنان، رووداوەکانى دەستدرێژیکردن، راگەیاندنی خۆ کشانەوە لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول لە یەک چوارچێوەیەدا شی بکرێنەوە و وتی "چارەسەریی دیموکراتیکی کێشەى کورد و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەى ئیستەنبول و هاوشێوەکانى ئاوێتەى یەکترن و پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. ئەوانەى خاوەنداری لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول دەکەن دەبێت خاوەنداری لە مافی گەلی کوردیش بکەن، ئەوانەى بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد تێدەکۆشن لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول و داوا دیموکراتیکەکانى تر خاوەنداری بکەن، بە تێکۆشانی هاوبەشی رێکخستنی بۆ ئازادی و دیموکراسی لە تورکیا دەتوانرێت پاشەکشە بە فاشیزم بکرێت".

'لە پشت دەستدرێژییەکانەوە عەقڵییەتی راستەوخۆی ئیتحاد و تەرەقییەکان هەیە'

ئەرزینجان وتی، دەوڵەتی تورک نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە هەموو جیهان دا نوێنەرایەتیی فاشیزم دەکات، لە ئەنجامی هاوکاریکردنی چەتەکانى داعش دەستی بە هەر شوێنێک بگات، تیرۆریستی لە سوریاوە بۆ هەناردە دەکات، بۆ لیبیا و یەمەن و هەموو ناوچەکانی تری جیهانیان دەنێرێت و ئەوەش بە ناوبژیوانیی ناتۆ دەکات، کە هێزی سەربازیی سیستمی هەژمونگەرای جیهانە.

ئەرزینجان وتی "هاوپەیمانیی نێرسالار و باڵادەستخوازی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست لە کەسایەتیی ژنانی کورددا، شەڕ لە دژی هەموو ژنان، لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باوەڕ و ئایینەکان راگەیاندووە. بە عەقڵییەتى فاشیست و دڕندانەی زەق و بە سەنتەزی تورک – ئیسلام ئیدعا بۆ بونیاتنانی تورکیایەکى نوێ دەکەن".

ئەرزینجان باسی ئەوەیکرد، ئەیاسۆفیایان کرد بە مزگەوت، دەستدرێژییان کردە سەر ژنانی کورد، هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک لەلایەن ئەفسەرێکى پسپۆڕی تورکەوە، کوشتنی ژنان، زۆربوونی توندوتیژی بۆ سەر ژنان، زیندانیکردنی هەزاران ژن، رێک لەم کاتەدا قسەکانیان لەبارەى کشانەوە لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول، نەهێشتنی مافە دیموکراتیکەکان و ئازادییەکان لە چوارچێوەی 'عەقڵییەتی یەکڕەنگکردن و وەکیەکلێکردنی ئیتحاد و تەرەقیدایە. ئەو یەکڕەنگییە، دواى دیاریکردنی ئاڵا، دەوڵەت، میللەت، زمان و دین، ئێستاش یەک زایەندی لەلایەن پیاوەوە هاندەدرێت و دەبێتە هۆکار و بەڵگەى بە رێکخستنکردنی و رێکخستنی وەک هێرشێک. ئەو دۆخە بەپێی ئەو بەهایانە کە بۆ کۆماری تورکیا ماونەتەوە و وەریگرتوون، بە ئەزموون، کولتور و رۆشنبیری و بناغەى ئەو عەقڵیتەوە پەیوەندیدارە".

'هیچ گەلێک ئەوانیان خۆش ناوێت'

ئەرزینجان رایگەیاند، کاتێک باپیرانی تورکەکان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، لە دژی گەلان و بیروباوەڕە جیاجیاکان هێڕشی دڕندانە، تاڵانچییانە، دەستدرێژیکارانە و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و بەو شێوەیە خۆیان نیشتەجێکرد،  ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، کە دەیان هەزار ساڵ وڵاتانی رۆم، ئەرمەن، کورد، سوریانی و چەندین پێکهاتەى تر و باوەڕ و ئایینی تری تیادا بوو، بە هێرشی تورکە تاڵانچیەکان بووە گۆڕستان بۆ گەلان.

ئەرزینجان ئەوەشی وت، رێچکەى عوسمانییەکان بۆ فەتحکردن لە قسەکان و چالاکییەکاندا بوە بنەما و لەو رێگەیەوە کراسێکى یاسایی و ئایینییان بە بەری کۆمەڵکوژییەکانیاندا کرد. مەرجی یەکەمی فەتحکردنی ئەو جوگرافیایەى کە بۆی رۆیشتوون تاڵانکردن نەبوو، بەڵکو بە زۆر مسوڵمانکردنی گەلانی ئەو ناچەیە و دەستگرتن بەسەر ژنان و منداڵانیاندا بوو. بۆ ئەوەش دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنان و دیل و یەخسیریان کردوون".   

ئەرزینجان باسی ئەوەشیکرد، میرات و کەلەپولی باڵادەستیی توورک، بە هۆشمەندیی سەربازی و ئەو جۆرە بناغەیە بۆ جەوهەری عەسکەرتاریەتبوونیان و جەنگاوەر بوونیان دەگەڕێتەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو کات بە رۆڵی دڕندەیی، تایبەتمەندیی قێزەون و چەپەڵ، تاڵانچێتی، دزی، دەستبەسەرداگرتن و دەستدرێژی هەستاون و تا ئێستاش درێژەى پێدەدەن. ئێستاش کاتێک سەیری دەکەیت، ئەوە دەبینرێت کە گەلانی دەورووبەریان ئەوانیان خۆش ناوێت، ئەوانیان ناوێت و لێیان دەترسن. چونکە بۆ هەر شوێنێک رۆیشتوون، کولتوری تاڵانی و دەستدرێژییان لەگەڵ خۆیاندا بردووە بۆ ئەو شوێنە".

نمونەی دەستدرێژی چینی سەردەستی تورک لە مێژوودا

ئەرزینجان نمونەیەکی هێنایەوە و وتی، لەساڵی ١٤٥٣ کە فاتیح سوڵتان محەمەد پاشای عوسمانی ئەستەنبوڵی داگیرکرد، نەک تەنها ئایاسۆفیای کردە مزگەوت، بەڵکو ٣ ڕۆژ ڕێگەی بە سەربازەکانیدا کە دەست بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکیدا بگرن و دەستدرێژی بکەنە سەر ژنان و هەروەها زۆر کچ و ژنیشی بۆخوی برد.

ئەرزینجان هەروەها وتی کاتێک سەرۆکی تەکەپە مستەفا سوبحی و هەڤاڵانی لە دەریای ڕەش بە پیلانگێڕیەک کوژران، دەستیان بەسەر ماریای هاوسەریدا گیرا، جگە لە مردن دەستدرێژیان کردە سەری و سووکایەتیان پێکرد و کوشتیان.

ئەرزینجان هەروەها کردەوەکانی دەرسیمی لەبەرانبەر ژنان وەبیرهێنایەوە و وتی، ئەو کردەوانە نمونەیەکی بەرچاون کە چۆن عەقڵیەتی داگیرکەر، کۆمەڵکوژ و دەستدرێژیکاری عوسمانی بەدەستی ڕژێمی کەمالیست بەردەوام بووە.

ئەرزینجان ڕایگەیاند، ژنانی دەرسیم بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی سەربازانی تورک خۆیان لە بەرزاییەکان بەرداوەتە خوارەوە و لەوێ ژن و منداڵان کە دەستگیرکراون، کراون بە غەنیمەت و دەستدرێژیان کردووەتە سەریان و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەوان و خانەوادەکانیان کوژراون و هەندێکیان وەک خزمەتکار و جاریە بەکارهێنراون.

ئەرزینجان دەستدرێژیکردن و تاڵانی لە عەفرین و شەنگال وەبیرهێنایەوە کە لە ئەنجامی عەقڵیەتی تورک ئەنجامدرا و وتی،"لە عەفرین بە دەستی میت لەم دواییانەدا ژنان دەڕفینرێن، ژنانی پیر دەکوژرێن، بە زۆر دەست بەسەر کچانی گەنجدا دەگیرێت. بەم شێوەیە دەیانەوێت کە ئیرادەی گەلی عەفرین بشکێنن و کۆمەڵگا تەسلیم بکەن، ئەو پەیامە دەدەن. ئەو هێرشانە کە بە دەستی چەتەکان دەکرێت، پلانی دەوڵەتی تورکە."

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە ئاماژەی بەوەدا، لەدژی عەقڵیەتی کۆمەڵکوژ، تاڵانکەر، دەستدرێژیکاری چینی سەروەری تورک، گەلان و ژنانی کورد بەرخۆدان دەکەن و نمونەی وەک بەسێ، زەریفە، بێریتان، زیلان، ئاڤێستا، خابوور، ئەکین، ڤان، هێلین و بۆلەکی هێنایەوە.

دەستدرێژی بەشێکە لە شەڕی تایبەت

لەبارەی هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک لە شڕنەخ لە لایەن چاوشوێکی پسپۆڕەوە ئەنجامدرا ئەرزینجان وتی،" چاوشی پسپۆڕ بە تەنها لە لایەن بەرپرسانی جیاوازی دەوڵەتەوە ئەرکدار دەکرێت و سیاسەتی شەڕی تایبەت جێبەجێ دەکات. لە لایەک بە لەشفرۆشی، مادەی هوشبەر، دەستدرێژی، سیاسەتی توندوتیژی، دەیانەوێت ئیرادەی ژنانی کورد و گەنجان بشکێنن و بە گشتی تەسلیمیان بکەن. لەدژی ئەمەش گرنگە کە خانەوادەکان هوشیار بن، ئەم جۆرە کردەوانە بۆ ڕاگەیاندن و ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، تێکۆشانی هاوبەش بدرێت و خاوەنداری لە یەکتری بکەن. پێویستە لەبەرانبەر ئەم جۆرە کردەوانە بێدەنگ نەبن. بە پێچەوانەوە کردەوە فاشیستەکان زیاتر بڵاو دەبنەوە."

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە ئەوەی خستەڕوو، ژنانی کورد، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە فەرامۆش کراون، ئەو گەلانەی کۆمەڵکوژیان لەبەرانبەر کراوە و لەگەڵ ئایینە جیاوازەکان، بەردەوامی بە پێشەنگایەتی بەرخۆدان دەدەن، لەدژی عەقڵیەتی سەروەری نێری تورکی دەستدرێژکار تێکۆشانی خۆیان لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلان و بیر و باوەڕی و ڕەنجدەران گەش دەکەن.

ژیانێکی ئازاد دروست دەکەن

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی،"ئێمە لەدژی عەقڵیەتی داگیرکەر، تالانکەر و دەستدرێژیکار بەرخۆدانی ژن بەهێز دەکەین. لە حەفتانین گەریلا لەدژی هێزی داگیرکەری تورک بە بەرخۆدانەکەی بۆ ژیانی مرۆڤایەتی و بۆ ئازادی بەرخۆدانێکی بێوێنە بەڕێوە دەبات. لە کەسایەتی ڕۆستەم جوودی، ئەسمەر، نووجان و مەمیاندا کە لە حەفتانین شەهید بوون، بە هەڵوێستی هەموو شەهیدانی حەفتانین، بە بەرخۆدانی ژنان، گەلان و زیندانەکان بەرخۆدان دەکەین و بە مسۆگەری سەردەکەوین.

تەڤگەری ئازادی ئێمەی ژن، لەگەڵ گەریلا، سەرهەڵدان و بەرخۆدانی زیندان، لەگەڵ هەموو هێزە ئازاد و دیموکراتەکان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕۆژ، هەموو جیهان ڕۆناک و گەرم دەکاتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی کە سوێندیان خواردووە ژیانێکی ئازاد دروست بکەن، ژیانی نوێی جێگرەوە دروست دەکەن."

ژ.ت / ف.ق