ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە: گروپەکەى کۆشک گروپى شەڕ و ئاغاکانە

ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە رایگەیاند، دەستەى نوێى وەزیران 'دەستەى شەڕ و ئاغاکانە".

ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە ئەنجامى کۆبوونەوەکەیانى لە رۆژی ٩ى تەمووز / ١٨ی پووشپەڕ بە راگەیاندراوێک بڵاوکردەوە.

لە ئەنجامنامەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپەدا هاتووە، هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ لە هەلومەرجی بارى نائاسایى و نایەکساندا بەڕێوەچوو، بۆیە پرۆسەکە و ئەنجامەکانی ناڕەوان.

 راگەیاندرا، گەلانى تورکیا پەرلەمانێکیان بە بێ هەدەپە قبوڵ نەکرد و سەربارى هەموو رێگرییەکان و هەوڵەکان بۆ ئەوەى هەدەپە لە خواربەربەستى هەڵبژاردنەوە بهێڵنەوە، هەدەپە توانیى بەربەستەکە تێپەڕێنێت.

لە راگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپەدا ئەوەش هاتووە، هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە ئەو رەوایى و سەرکەوتنەى، کە چاوەڕێى دەکرد لە هەڵبژاردندا بەدەستى بهێنێت بە دەستى نەهێناوە. لەبەر ئەوەش سەربارى ئەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان رانەگەیاندرابوون، چەتە چەکدارەکانیان بەردایە ناو شەقام و کۆڵانەکان.

تێکۆشان و بەرخۆدانى ئێمە لە دژى دوژمنایەتى بەرامبەر بە ژنان و دیموکراسی و لەدژى باڵادەستیى پیاو و دەسەڵاتى فاشیست لە هەموو ئاست و جومگەکانى ژیان و کارى سیاسی و مەدەنیدا درێژە پێ دەدەین.

ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە لە بەردەوایى راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەى بە دەستەى وەزیرانى نوێ کردووە و لەو بارەیەوە رایگەیاندووە "دەستەى کۆشک دەستەى شەڕ و ئاغاکانە. ئەوانەى دەیانوت تورکیا وەک کۆمپانیایەکى نادیار بەڕێوە دەبەن، حکومەتیشیان بەپێى ئەو ئامانجەیان دامەزراندووە".

ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە راشیگەیاندووە "ئێمە تەندروستیمان رادەستى ئاغاکانى نەخۆشخانە تایبەتەکان ناکەین. ئێمە خەونمان بۆ ئاشتى رادەستى سەرۆک ئەرکانى گشتیى پێشوو ناکەین. ئێمە باج نادەین بە زاواکانیان. ئێمە گۆڕەپانى ژیان لە شارەکان و سروشتدا رادەستى بەڕێوەبەری گشتیى فەرمانگەى گەشەپێدانى خانوو (تۆکی - TOKÎ) ناکەین. ئێمە ماف و ئازادیمان ناخەینە ژیردەستى ئەنجوومەنى دیموکراسیى ژنان (KADEM) – سومەیە ئەردۆغان - . ".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپەدا ئەوەش هاتووە، لە پێشەڕۆژدا دەنگى ژنە پەرلەمانتارەکان، ئەنجوومەنەکانى ژنان، رێکخراوەکانى ژنان و دەنگى فمێنیستەکان زۆر بەهێزتر دەبیسترێن و بە هەموو گۆڕەپانەکاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەوەشیان وتوە "لەسەر ئەو بڕوابوون و ئومێدە ئێمە بەرەوپێش دەڕۆین. ئێمە دەڵێن، دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام نابێت و دەیگۆڕین".

ر.م