باکوری کوردستان: چالاکییەکانی ژنان لەژێر گەمارۆی هێزەکانی پۆلیسدا بەڕێوەچوون

لە باکوری کوردستان هێزەکانی پۆلیس ڕێگرییان کرد لە چالاکییەکانی ژنان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر. وێڕای ڕێگرییەکانی پۆلیسیش، ژنان چالاکیان بەڕێوەبرد.

لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە نائاساییەی لە سەرتاسەری باکوری کوردستان لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپەدا لە ئارادایە، چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر لەژێر گەمارۆی هێزەکانی پۆلیسدا بەڕێوەچوون.

مێردین

لە ناوچەی قۆسەری مێردین ڕێپێوانی ژنان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر لەلایەن پۆلیسەوە قەدەغە کرا. چەندین ژن کە تێیاندا پەرلەمانتارانی هەدەپە ئەبرو گونای و پەرۆ دوندار-یش هەبوون و ویستیان بەرەو گۆڕەپانی ئازادی ڕێپێوان بکەن، بەڵام پۆلیس بە بیانووی "قەدەغەی چالاکی هەیە" ڕێگریان لە ڕێپێوانی ژنان کرد.

پەرۆ دوندار ئەندام پارلەمانی هەدەپە ڕایگەیاند کە لەسەردەمی دەسەڵاتداریی ئاکەپە، توندوتیژی دژی ژنان زیاتر بووە و سەرنجی ڕاکێشایە سەر کوشتنی ژنان و وتی، ئاکەپە ژنان وەکو هەڕەشەیەک دەبینن.

لێژنەی مافی منداڵ و ژنانی بارۆی مێردین-یش ویستیان لەبەردەم دادگا لێدوان بدەن، بەڵام پۆلیس ڕێگرییان لە لێدوانەکەی کرد و نەیانهێشت کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەڕێوە ببەن.

شرنه‌خ

لە ناوچەی جزیر-ی شرنەخ-یش ژنان ویستیان ڕێپێوان بکەن، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێ کرا. پەرلەمانتاری هەدەپە سەمرا گوزەل و نووران ئیمیر-یشی تێدا بوو، چەندین ژن لە بینای هەدەپە گرد بوونەوە. پۆلیس هەموو ڕێگەیەکیان داخست  کە بۆ بیناکە دەچوو و گەمارۆیان دا. پۆلیس نەیهێشت ژن لە بینای هەدەپە بێنە دەرەوە.

ئیمیر ڕایگەیاند کە ڕێگریکردن خۆی توندوتیژییە دژی ژنان. سەمرا گوزەلیش وتی: "بە دڵنیاییەوە تێکۆشانمان لەدژی توندوتیژی دەوڵەت سەر دەکەوێت".

هاوسەرۆکی ناوچەی هەدەپەی جزیرە گولەر تونچ-یش وتی: "ئیمە لەدژی لەبەرچاونەگرتنی ئیرادەی ژن، لەدژی سیاسەتی قەیوم لەدژی هێرشەکانی سەر هاوسەرۆکایەتی لە گۆڕەپانەکان دەبن".

وان

لە وان-یش بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تژا-TJA) ژنان ویستیان لە پارکی مووسا عەنتەر ڕێپێوانێک ڕێک بخەن، بەڵام پۆلیس لەوێش ڕێگری لە ڕێپێوانەکە کرد. لەبەردەم بینای هەدەپە-ی ناوچەی ڕێگەی ئارموش لێدوانی ڕۆژنامەوانی درا، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، پەرلەمانتاری هەدەپە و وتەبێژی ژنان دیلان دیرایەت تاشدەمیر، پەرلەمانتاری موش شەڤین جۆشکوون، پەرلەمانتاری وان موعەزەز ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی شارەکە، هاوسەرۆکانی هەدەپەی شارەکە و چەندین ژنی شارەکە بەشداری لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکە بوون.

تاشدەمیر قسەی کرد و وتی: "ئێمەی ژنان هیچ کات گۆرەپانەکانی چۆڵ ناکەین. ئەمڕۆ ئەو ژنانەی لەدژی گوشارەکان تێدەکۆشن، بەداخەوە لەلایەن دەوڵەت و ئاکەپەوە دەیانەوێت لەناو ببرێن. ئێمە دەزانین کە دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ ئەنجامدانی گوشار و توندوتیژی ئامادەیە. عەقڵیەتی پیاوسارلاری و قەیوم دامەزراوەکانی ژنان دادەخەن. لەناو شارەوانیدا ئەو سیستمە دەستبەسەر دەکەن کە ژنان بونیادیان ناوە".

دوای لێدوانەکە ژنان ویستیان ڕێپێوان بکەن، بەڵام ڕێپێوانەکە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێ کرا. ژنان لە بەرامبەر گەمارۆی پۆلیس بەرخۆدانیان کرد و بە دروشمەوە هەتا بەردەم بینای هەدەپە ڕێپێوانیان کرد.