بزوتنەوەی نێودەوڵەتی ژنانی کورد دووەمین کۆنگرەی خۆی ساز کرد

بزوتنەوەی نێودەوڵەتی ژنانی کورد لە شاری کراسنادۆری فیدراسیۆنی ڕووسیا دووەمین کۆنگرەی خۆی ساز کرد.

نزیکەی 130 وەفد لە کازاخستان و گورجستان و ئەرمەنستان و چەندین شاری تری ڕووسیاوە بەشداری کۆنگرەکە بوون. هەروها چەندین نوێنەری رێکخراوەکانی ژنان لە سەرتاسەری ڕووسیا و سیاسەتمەدار و ڕوشنبیر، ئامادەی کۆنگرەکە بوون.
کۆنگرە بە دەقەیەک  وەستان بۆ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد دەستی پێ کرد. دواتر جولیەتا ئارام سەرۆکی بزوتنەوەی نێودەوڵەتی ژنانی کورد گۆتارێکی پێشکێش کرد. 
جولیەتا ئارام لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند ئەوان وەکو ڕێزێک بۆ شەهیدان، لە ساڵیادی شەهیدبوونی بێریتان (گوڵناز کاراتاش) دا کۆنگرەکەیان ساز کردووە و تیشکی خستە سەر داگیرکەری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە هاوکات بوون لەگەل پلانگێری نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیبەری گەلی کورد عەبدللە ئوجالان لە 9ی تشرینی یەکەم داو وتی: ئەمە بە ڕێکەوت نیە. دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی و ڕێگەپێدانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. ئامانجی هێرشەکانیش ئەوەیە کە ئیرادەی ئەو ناوچەیە کە بە فکر و ڕامانی رێبەری گەلی کورد عەبدللە ئوجالان بەڕێوە دەچێت، تێک بشکێندرێت.
جولیەتا ئارام لە بەردەوامی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تێکۆشانی ژنان بە تێکۆشانە گەورەکەی بێریتان و زیلان و ساراکان بەڕێوە دەچێت و ڕۆژ بە ڕۆژیش گەورەتر و گەشتر دەبێت و وتی: ئێستاش ئەم بەرخۆدانەی لە ڕۆژئاوا و هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوە دەچێت لە سەر ڕێچکەی خەباتی حەمرین و ڤیان و شیرین و شەڤینەکان بەڕێوە دەچێت و ئەم بەرخۆدانەش کە لە ڕۆژئاوا سەری هەڵداوە، بۆ تەواوی ژنانی جیهان بۆتە هیوایەک.
لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەرایەتی نوێی بزوتنەوەی نێودەوڵەتی ژنانی کورد هەڵبژێردرا و جولیەتا ئارام وەک سەرۆکایەتی بزوتنەوەکە هەڵبژێردرایەوە. لە کۆتاییشدا بە بەشداری ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرا.
ز.ش