بولدان: تێکۆشانی دەسەڵات لە دژی ڤایرۆسەکە نیە، بەڵکو لە دژی گەلانە

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی ڤایرۆسەکە نیە، بەڵکو لە دژی کۆمەڵگا تێدەکۆشێت.

پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە بارەی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنادا رایگەیاند، ئەم رۆژە سەختانەی تێکەوتووین تێدەپەڕێنین و جارێکی دیکە لەگەڵ ژنان و بە گشتی لەگەڵ کۆمەڵگا کۆدەبنەوە.

'توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە'

بوڵدان لە لێدوانێکدا کە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەدەپە بلاو کراوەتەوە رایگەیاند، لە قۆناغی ئەم ڤایرۆسەدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەردەوام بووە و وتی:"ئاکەپە داواکاریەکانی کۆمەڵگا بە زیهنیەتی دەسەڵاتخواز بەڕێوە دەبات و قەیرانەکانی گواستووەتەوە بۆ کارەساتی ئابوری و سیاسی. رووی راستەقینەی ئاکەپە لە قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بە شیوەیەکی روون و ئاشکرا لە لایەن هەموو کەسیکەوە بینرا. دەسەڵات تەنها لە خەمی خۆی و لایەنگرانیدایە. سیاسەتە جیاکاریەکان لە لایەن دەسەڵاتخوازانەوە پەیرەو دەکریت. دەسەڵاتی ئاکەپەش هێندەی ڤایرۆسەکە، مەترسی هەیە بۆ سەر کۆمەلگا. لە بارۆدۆخێکی وەهادا پێویستیەکانی مرۆڤ تەنها دەتوانێت بە پشتیوانی و هاوکاریکردن دابین دەکرێت. بەڵام شارەوانیەکانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە دەیانەوێت هاوکاری خەلک بکەن، رێگریان لێدەکرێت و کارەکانیان دەخرێتە چوارچێوەی کارە نایاسیەکان.

'ژنان بوونەتە قوربانی دەسەڵات'

لەم قۆناغەدا بە پلەی یەکەم ژنان دەبنە قوربانی دەسەڵات. لەم قۆناغەدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە. کوشتنی ژنان زیادی کردووە، بێکاری زیادی کردووە. ئیمە جارێکی دیکەش دەڵێین ئەو کەسانەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدەن، پشتیوانی لە دەسەڵات وەردەگرن. لە دەرەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشە لە ژنان دەکات و لە ماڵیشەوە رووبەرووی توندوتیژی پیاوان دەبنەوە.

شارەوانیەنەمان کە قەیومیان تێدا جێگیر کردووە، خەباتێکی زۆریان لەم بارەیەوە بەڕێوە دەبرد. بە دەیان ریکخراوی ژنان کە لە لایەن شارەوانیەکانمانەوە سەرپەرەشتی دەکران، لە لایەن دەسەڵاتەوە داخران. قەیومەکان بوونەتە پشتیوانێک بۆ توندوتیژی پیاوان، بەڵام نە پیاوان و نە دەسەڵات ناتوانن لەم سیاسەتەدا سەرکەون. ئێمە وەکو ژن خاوەنی ئەو هێز و ریکخستنەین کە دەتوانین لە هەموو روویەکەوە خاوەنداری لە یەک بکەین و یەکتر بپارێزین. هیچ هێزێک ناتوانێت رێگری لە هێزی پشتیوانی ژنان بکات."

'یاسای کەمکردنەوەی سزاکان ریگاخۆشکەرە بۆ زیادبوونی توندوتیژی'

بوڵدان تیشکی خستە سەر ئەوەی ئاکەپە بە گۆڕینی یاسای کەمکردنەوەی سزاکان، رێگاخۆشکەر بووە بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و وتی:" یەکێک لە کارە خراپیەکانی دەسەڵات ئەو یاسایەیە کە رێگا بۆ دروستبوونی کارەسات دەکاتەوە. بەو یاسایە "لێبوردنی تایبەتی" بۆ چەتە و بکوژەکان دەرکردووە. تاوانبارە راستەقینەکان ئێستا لە دەرەوەن و کەسانی بێتاوانیش لە زیندانەکاندان. بکوژی ژنان لە دەرەوەن، بەڵام سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئیدریس بالوکەن، فیگەن یوکسەکداغ، گولتان کشاناک، سەباحەت تونجەل و هەڤاڵانیان کە داوای ئاشتیان دەکرد، لە زیندانەکاندان.

'پشتیوانی کۆمەڵگا دەبێت زیاد ببێت'

بوڵدان هاوکات وتی:"ئێمە بە گەورەکردنی تۆڕی پشتیوانی ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین. بەو تێکۆشانە رێکخستنکراوەی خۆمان، سیاسەتەکانی توندوتیژی دەسەڵاتداری زاڵمان تێک دەشکێنین. پشتیوانی ئێمە بۆ ژنان، لە پەیمانی دەسەڵاتی زاڵم بەهێزترە. ئێمە دەزانین کە لە رۆژانی کۆرۆنادا ژنان بە یەکەوە بەهێزن. پەیوەندیەکانی نیوان ژنان هەمیشە بەهێزە. بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندیەمان بپارێزین دەبێت خۆمان بپارێزین. هێچ یەکێک لە ئێمە بە تەنیا نیە. دوای کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە ئێمە دیسان دەڕژێینە سەر شەقام و خۆشمان دەپارێزین. ئێمە هەم ڤایرۆسەکە، هەم توندوتیژی دەسەڵاتی زاڵم تێکدەشکێنین."

ز.ش