بۆ دەرکردنی سوپای تورک ٢٥ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە

ڕۆژی ٣٠ی مانگی ٦ی ئەمساڵ لە چوارچێوەی هەنگاوی سەفەربەریی هەفتانین، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بۆ وەدەرنانی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشوری کوردستان و عێراق کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی ٣٠ی مانگی ٦ی ئەمساڵ لە چوارچێوەی هەنگاوی سەفەربەریی هەفتانین، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بۆ وەدەرنانی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشوری کوردستان و عێراق کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە ڕاگەیەندرا، کە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ، ڕۆژی ٥ی مانگی ڕابردوو لە سەرتاسەری گوند، شارەدێ و شارەکانی باشوری کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد و تا ئێستا ٢٥ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.

گەنجان لە هەموو شوێنێک باسی ئامانجە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ گەل دەکەن و ماڵ بە ماڵ و لەسەر ستاندەکان لەناو شارەکان و شارەدێیەکانی؛ سلێمانی، کەرکوک، چەمچەماڵ، کەلار، ڕانیە، سەنگەسەر، قەڵادزێ، دوکان، تەکیە، بازیان، سەید سادق، پێنجوێن، هەڵەبجە، بناری قەندیل، دەربەندیخان، شارباژێڕ، خورماتوو، قەرەداغ، کونەماسی و شیلادزێ، واژۆ کۆدەکەنەوە و لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا ٢٥ هەزار واژۆیان کۆکردووەتەوە.

ئەو کەسانەی تا ئێستا بەشدارییان لە کەمپەینەکە کردووە، تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٩٥ ساڵە، پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێم، کارمەندان، کرێکاران، خوێندکاران، دایکان، گەنجان، ژنان، جوتیاران، ئاسایش، پۆلیس و باوەڕییە جیاوازەکان ئەو کەسانەن کە بەشداری کەمپەینەکە بوون.

گەنجان لەکاتی کۆکردنەوەی واژۆەکان، وەڵامی پرسیاری بەشداربووان دەدەنەوە و لەسەر دوایین دۆخی جەنگی هەفتانین زانیاری دەدەنە هاوڵاتیان، زۆربەی خەڵکیش دەڵێن؛ “دەزانین بەم شێوەیە داگیرکەر لە خاکەکەمان ناچێتە دەرەوە، تەنها بە شەڕ دەردەکرێت، ئەوەش گەریلا لە هەفتانین دەیکات، پەدەکە داگیرکەری هێناوەتە سەر خاکەکەمان، بەڵام دیسان وەک هەڵویستێک واژۆ دەکەین”.

کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە بەردەوامی پێدەدرێت، گەنجان مەبەستیانە ژمارەی واژۆکان بگەیننە ٥٠ هەزار واژۆ و ڕادەستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی وڵاتانی بکەن.

بڕیار وایە گەنجان بەم نزیکانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئامار و وردەکاریی کەمپەینەکەیان بۆ ڕای گشتی کوردستان ئاشکرا بکەن.