بەسێ ئەرزینجان: ژنان پێشەنگی کۆمەڵگەی نەتەوەی دیموکراتیکن

ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) بەسێ ئەرزینجان میوانی بەرنامەی 'رۆژەڤی ژن' ی تەلەفزیۆنی ستێرک بوو و وتی: "لە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەدا ئەرکی بنەڕەتی دەکەوێتە ئەستۆی ژن، چونکە ژن خاوەنی بەهاکانی نەتەوەی دیموکراتیکن".

ئەرزینجان لەسەرەتای قسەکانیدا سەرنجی راکێشایە سەر دوایین چاوپێکەوتنی محەمەد ئۆجالان لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "٤٠ ساڵ بەسەر تێکۆشان و بەرخودانەکەمان دا تێدەپەڕێت. بەرخودانێکی زۆر گەورە خوڵقاوە. لە جیهاندا زۆر شۆڕش لەپێناو ئازادی و یەکسانی دا روویاندا، بەڵام بەداخەوە خۆشیان بوون بە دەوڵەت و دەسەڵاتدار. بەڵام تا ئێستا هیچ شۆڕشێک وەکو ئەوە نەبووە، کە پەکەکە خوڵقاندوێتی.

ئەرزینجان لە قسەکانیدا سەرنجی راکێشایە سەر بیروڕاکانی رێبەری گەلان رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان. بەتایبەتی لەسەر فرە جۆری و فرە شێوازیی  رێبازەکانی تێکۆشان و وتیشی: "سەرۆکایەتی هەمیشە بۆ فرە شێوازی و دەوڵەمەندیی تێکۆشان و بەرخودانەکەمان رێنوێنیی دەخاتەڕوو و رەخنەش دەگرێت. بێگومان هیچ تێکۆشانێک بە یەک قاچ ناڕوات. بۆ ئەوەش پێویستمان بە شێواز و رێبازی دەوڵەمەندە. سەرۆکایەتی لە پارادیگمادا گۆڕان و گۆڕانکاریی زۆر گرنگ و مێژوویی دروستکرد. بێگومان ئەم سەردەمەی ئێمە خاوەن تایبەتمەندییەکی زۆر جیاوازە، پێویستە ئێمە بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن بجوڵێینەوە. لە هەمانکاتدا نەیارەکانیش گۆڕانکاریی نوێیان دروستکردووە، چەندین ساڵە لە دژمان شەڕ دەکات. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بمانناسێت و بەپێی ئەوەش شەڕمان لە دژ بکات. بنەڕەتیترین گۆڕان و گۆڕانکاریی ئەوەیە کە مرۆڤ لە رووی هۆشمەندییەوە خۆی بونیات بنێت. ئەو گۆڕانە کاریگەری خۆی لەسەر هەموو شتێک دادەنێت. عەقڵیەتی دەوڵەتی تورک لەبارەی کوردەوە لەناوبردن و سڕینەوەیە. لەدژی ئەو سیاسەتە بنەڕەتیترین پێویستی ئەوەیە، کە مرۆڤ لە هەموو شوێنێک خۆی بە رێکبخستن بکات و تێکۆشان و بەرخودانی خۆی بەربڵاو بکاتەوە. ئەوە بۆ هەموو ئاست و جومگەیەکى ژیان پێویستە و دەخوازرێت. لەسەر بنەمای بیردۆزیی رێبەر ئاپۆ و هێڵەکەی بۆ پاراستنی رەوا خۆمان بەهێز بکەین. پاراستنی هەرەبنەڕەتی ئەوەیە، کە خاوەن هێزێکی بەرخودان و تێکۆشان بیت. پاراستنی جەوهەری مافی هەموو کەسێکە. لەم سەردەمەدا پاراستنی رەوا، پاراستنی جەوهەری بنەڕەتیترین پێویستیی کۆمەڵگەکانە، بەتایبەتیش بۆ ژنان.

ئاشتییەکی شکۆدار ژنان سەردەخات

ئەرزینجان ئاماژەی بەو ٧ خاڵە کرد، کە رێبەری گەلان رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دیاری کردبوو و رایگەیاند: "ئەو ٧ خاڵەت، کە  سەرۆکایەتی دیاریکردبوو، پێویستە لەلایەن هەموو کەسێکەوە وتوێژی لەبارەوە بکرێت. بەتایبەتی ژنانیش باش بیخوێننەوە، باش لێکدانەوەی بۆ بکەن، بۆ ئەوەی راست و دروست جێبەجێی بکەن و ببنە هێزی چارەسەری. چونکە شەڕی ئێستا، کە بە عەقڵی پیاو دەکرێت، مەترسیی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەوەی زۆرترین زیانیشی پێدەگات دیسان ژنە. پێویستە حزب، رێکخراو، دەزگاکانی ژنان ئەو قۆناغە باش بخوێننەوە. سەرۆکایەتی هەمیشە رۆڵ و پێگەی زۆر گرنگی بە ژن داوە. ژن پێشەنگی ژیانێکی ئازاد و ئاشتییە. لەبەر ئەوەی سروشت، هۆشمەندی، فکر و لە تێڕامانەکانی ژندا سەروەرە. بەڵام ئاشتییەکی چۆن و پێویستە چۆن بێت. پێویستە ئاشتییەک ناسنامەی گەلی کورد قبوڵ بکات، زمانەکەی قبوڵ بکات، ژن بتوانن ببنە هی خۆیان، هەموو شتێک سەرلەنوێ بونیات بنێنەوە. خۆیان بەڕێکخستن بکەن، بیکەنە ئیرادە و هێزی چارەسەری".

هێڵی بەرخودانی ژن فاشیزم دەڕوخێنێت

ئەرزینجان لە قسەکانیدا سەرنجی رادەکێشێتە سەر هێلی هەرە دیار لەدژی فاشیزم. ئەرزینجان لەبارەی ئەو هێڵەوە راشیگەیاند: "لە تەواوی جیهاندا دیارترین هێڵ، بەرخودێر لە بەرامبەر فاشیزم ئەو هێڵەیە کە ژنان دایانناوە. دەبینین لە سەدەی ٢١دا چ دڕندەییەک و وەحشیگەرییەک لە دژی کۆمەڵگە و ژن دەکرێت. ژن ئیتر هەستی بە عەقڵیەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی کردووە و لێى تێگەیشتووە، بۆیە ژن ئیتر کۆیلایەتی و بێمافی قەبوڵ ناکات. ژن نایەوێت ئیتر وەکو پێشتر بژی، چونکە لە هێڵی تێگەیشتن لە ئازادیدا یادوەری و بیرێک دروستبووە. لەدژی عەقڵیەتی سیستمی پیاو و دەوڵەت تێدەکۆشن".

هاوکات ئەرزینجان سەرنجی خستەسەر سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و ئەوەشی راگەیاند "تێکۆشانی ژنی کورد لە جیهاندا جێگایەکی زۆر گرنگ و گەورەی هەیە. جیاوازیی بزووتنەوەی ئازادیی ئێمە لەگەڵ هەموو بزووتنەوە، رێکخراو و شۆڕشەکانی تر ئەوەیە، کە ئێمە بە عەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراتیک، یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو نەتەوە، دین، باوەڕ و پێکهاتەکان سەرلەنوێ بونیات دەنێیتەوە. ئەوەش بەتایبەت بۆ ژنان زۆر گرنگە. ئەگەر ئێمە بمانەوێت ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ دروست بکەین، پێیوستە پێش هەموو شتێک ژن و پیاو خۆیان لەسەر عەقڵیەتی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بونیات بنێن. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە تێدەکۆشین و گۆڕانی عەقڵیەتیش بە گرنگ دەبینین، بەڵام دەتوانین بڵێین، کە بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرۆکایەتی و پارێزنامەکان ئێمە فریای ئەوە ناکەوین. پێویستە بنەماڵەکان و خێزانەکانیش لەو چوارچێوەیەدا بونیات بنرێن".

حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەسەر رەنجی ژن دروستکراوە

ئەرزینجان لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر رۆڵ و پێگەی ژنانی باشووری کوردستانی وتی: "لە باشووری کوردستان ژنان زۆر تێکۆشاون. لە پاراستنی خاک و وڵاتیاندا ژن خاوەن رۆڵێکی زۆر گرنگن. ژنانی باشووری کوردستان لە کەلتورێکی بەرخودێر و تێکۆشانەوە دێن. ژنانی باشووری کوردستان لە کاتی خۆیدا رۆڵی ستراتیژیان گێڕاوە. حکومەتی هەرێمی باشوور بە رەنجی ژنان لەسەر پێ راوەستاوە، بەڵام ئەمڕۆ رەنجی ژنان نابینرێت. لەبەر ئەوەی حزبەکانی باشووریش بە عەقڵیەتی دەوڵەتپارێزی و بیردۆزێک لەسەر بنەمای سەرمایەداری خۆیان رێکخستووە. یەکسانیی نێوان ژن و پیاو دەستەبەر نەکراوە، ئێستا تەنها لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان ژن خاوەن رۆڵی چارەنووسسازن. لە باشوور ژنان ئاستێک لە تێکۆشانیان هەیە، بەڵام ئەو تێکۆشانە لاوازە و گۆڕانگاریی پێ ناکرێت، چونکە رێکخستنێکی هاوبەشیان نییە. بۆ ئەوەش ئێمە رەخنە لەخۆمان دەگرین، ئێمەش کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام بۆ هەموو شتێک ئامادەین پێکەوە تێبکۆشین. خۆی ئامانج و مەبەستی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری ئەوەیە، کە ژنان پارچە پارچە بکات و لەیەکتریان دابڕێت.

ئەو داگیرکارییە لەسەر باشووری کوردستان، مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ سەر ژنان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. سەیری عەفرین، شەنگال بکەین، چەتەکان راستەوخۆ هێرشی دەکەنە سەر کێ و چۆن هێرش دەکەن. دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئەردۆغان ئەو چەتانە دروست دەکات. خۆی خاوەن هەمان عەقڵیەتە. ئێمە باش دەزانین، کە ئاکەپە سەرەکیترین دوژمنی ژنانە. ئاکەپە پێشکەوتنی خۆی لە پاشکەوتن و کۆیلایەتیی ژناندا دەبینێت. پێویستە ژنانی باشووری کوردستان بەتایبەت و هەموو ژنانی کورد لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییە بێدەنگ نەبن. خاەونداری لە خاک و وڵاتی خۆیان بکەن. هەموو رۆژێک لە چالاکیدا بن، کۆمەڵگەش لەگەڵ خۆیان راپەڕێنن و خاوەنداری لە مێژووی بەرخودانی خۆیان بکەن. کات کاتی ئەوەیە خاوەنداری لە رۆحی مێژووی بەرخودانی خۆیان بکەن و زیندووی بکەنەوە".

یەپەژە رۆحی بەرخودانی ژنانە

ئەرزینجان لە کۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبایی لە دووەمین کۆنفرانسی یەپەژە کرد ز بەمشێوەیە کۆتایی بە وتەکانی هێنا: "پیرۆزبایی لە دووەمین کۆنفرانسی یەپەژە دەکەین. یەپەژە بۆ مێژووی ژنان و مرۆڤایەتی رۆڵێکی زۆر گرنگ و مێژوویی گێڕاوە. لەناو یەپەژەدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، نەتەوەی ژن دروست کراوە، چونکە ژنان لە هەموو پێکهاتەکان دا بەشدارن لە ناو ریزەکانى یەپەژەدا. لە ئاستێکی بەرزدا خۆیان رێکخستووە، تێکۆشانیان لە دژی چەتەکانی داعش مایەی شکۆ و شانازییە. ئەو چەتانە، کە هەمووان لێی دەترسان، هێزەکانی یەپەژە هێرشیان دەکردەنە سەر و دەیاندا بەسەریاندا. بۆ تێکۆشانی ژنان خزمەتێکی زۆر گەورەیان کرد. ئێمە لەو بڕوا و ئومێدەداین، کە سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کۆمەڵگە وەکو هێزێکی پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە رۆڵێ مێژووی و بەهاداری خۆیان بگێڕن. لەو بابەتەوە خۆیان قووڵتر بکەن و بە ئەرکی هاوچەرخی خۆیان هەستن و بەهێزی بکەن."

ر.م