تۆسون: ئێمە سەربازی ساکینەکانین

رەمزیە تۆسون ئەندام پەرلەمانی هەدەپە تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریس کە ٧ ساڵ بەسەریدا تێپەڕی و تا ئێستا یەکللایی نەبووەتەوە، بۆیە کۆمەڵکوژی دیکەش ئەنجامدران و وتی:"ئێمە سەربازی ساکینە و سێوێکانین."

رەمزیە تۆسون ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لە حەوتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ٣ ژنی کوردی شۆڕشگێر لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و رایگەیاند، لەگەل کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، هێرش لە دژی هەموو ژنان ئەنجامدار. ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین و سەرمان دادەنوێنین لە بەردەم شەهادەتی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز.

تۆسون رایگەیاند، سیاسەتی سزانەدانی تاوانباران، لە کوردستان و لە تورکیاش رۆژ بە رۆژ توندتر دەبێت و ئەمەش بە پلەی یەک دەبێتە هۆی کوشتنی ژنان.

تۆسون هەر وەها تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژکردنی هەر سێ ژنی کوردی شۆڕشگێر، سێوێ دەمیر و پاکیزە نایر و فاتما ئویار لە سلۆپی و وتی:"پەردەپۆشکردنی کۆمەڵکوژییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵکوژی دیکە ئەنجام بکرێت."

'دەیانەوێت ژنانی تێکۆشەر چاوترس بکەن'

تۆسون رایگەیاند، چی لە پاریس و چی لە سلۆپی و چی لە رۆژئاوا، ئەو ژنانەی تیرۆر کران، ئەوانە بوون کە پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادی ژنانیان دەکرد و سوور بوون لەسەر بەدیهێنانی ئازادی، بۆیە ئامانج لە تیرۆرکردنیان ئەوە بوو کە ژنانی تێکۆشەر چاوترس بکەن.

تۆسون تیشکی خستە سەر ئەوەی، سیاسەتەکانی دەوڵەت کە دژایەتی ژنان دەکات، دەبنە هۆکاری لاوازکردن یان کوشتنی ژنان و وتی:"لە کوشتنی ژنانەوە بگرە تا دەگاتە تاوانبارکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ئەویش بە رێگای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان، لە پشتی هەموو کریارێکیانەوە، ئەم سیاسەتە هەیە."

تۆسون رایگەیاند، تا ئەو کاتەی کۆمەڵکوژی ئاشکرا نەکرێت و بکوژەکان دادگایی نەکرێن، گیان و ژیانی ژنان پارێزراو نابێت. لە پشت هەموو رووداوێکی کوشتنی ژنانەوە، کوشتنێکی دیکەش هەیە کە پەردەپۆشکراوە و بێسزا ماوەتەوە و وتی:"ئێمە داواکارین بکوژانی ساکینەکان و دایکی تایبەت و ئەکین وان سزا بدرێن. ئەگەر بکوژەکانی ساکینە و فیدان و لەیلاکان سزا درابان، ئەو کات سێوێ و هەڤرین خەلەف و ئەوانە دیکەش نەدەکوژران."

تۆسون هەروەها وتی، بۆیە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لە دژی هەموو ژنێک ئەنجامدرا و تا بە دەنگێکی بەرز لێپرسینەوە لە گەڵ بکەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە نەکرێت، قڕکردنی ژنان بەردەوام دەبێت و وتیشی:"نەک ٧ ساڵ، چەندین ساڵی دیکەش بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕێت، ئێمە واز لە تێکۆشانمان ناهێنین. با ئەمە باش بزانن کە ئێمە سەربازی ساکینە و سێوێکانین. بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانماندا و دەنگی ژنان لە ناو سیاسەت و لە گۆڕەپانەکان بە بەرزی دەهێڵینەوە. چی دەبێت با ببێت، ئێمە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین و تا ئەو رۆژەی هەموویان سزای خۆیان وەر دەگرتن، ئێمە بەردەوام دەبین. پێویستە ژنان دەست لە ناو دەست، رێگا لە کوشتنی ژنان بگرن."

ز.ش