تێکۆشان و شەڕی سارا کۆتایى پێنەهاتووە و بەردەوامە...

تەواوی ژیانى بە شەڕ و تێکۆشاندا تێپەڕی. لە دژی نادادپەروەری، نایەکسانی، جیاکاری، نکۆڵیکردن، ئەشکەنجەکارەکان، دەسەڵاتدار و لە بەرامبەر خۆیشیدا، بە بەردەوامى لە تیکۆشاندا بوو. لەسەرەتای ٢٠١٣ دا لەگەڵ ٢ هەڤاڵیدا تیرۆر کرا، بەڵام یادی بۆ هەمیشە زیندووە.

لە کۆتایى ٢٠١٢دا هەڵمەتی شۆڕشگێڕیى گەریلاکانى هەپەگە – یەژاستا بە زۆرێک لە هەرێم و ناوچەکانى کوردستاندا بڵاوبووەوە و سوپای تورک توانای جوڵەکردنى لێبڕابوو. هاوکات چالاکییەکانى مانگرتن لە زیندانەکاندا، بە چالاکییەکانى پشتیوانیکردن لە دەرەوە گەیشتە بەرزترین ئاست.

دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە بزووتنەوەى ئازادیى گەلی کورد و بەرخودانى ئەم گەلە لاواز و تەنگاو بوو بوو، بۆ ئەوەش لە دوورگەى ئیمرالی دەستیکرد بە دانوستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد.

فرتوفێڵەکانى ساڵی ٢٠١٢

لەلایەکەوە ئامادەکاری بۆ دانوستان و چاوپێکەوتن دەکرا و لەلایەکى ترەوە لە ئەیلولی ٢٠١٢ دا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بە توڕەیەکى زۆرەوە لێدوانى دەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیاى تاوانبار دەکرد و دەیوت "بە ئاشکرا دەڵێم، ئەڵمانیا و فەرەنسا هاوکاریمان ناکەن. سەردەستەى تیرۆریستان بە ئاسانى دەگەڕێن. هاوکاریى داراییان دەکەن، کوا رێککەوتن لەسەر رادەستکردنەوەى تاوانباران؟".

لە دوای چەند رۆژ لە هەڕەشەکانى ئەردۆغان لە ١ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٢ / ١٠ی رەزبەر لە پاریسەوە ئێمێڵێکى سەرنجڕاکێش نێردرا بۆ ئەنقەرە. تێری فراگنۆلی داواکارى گشتیى فەرەنسا لە ئیمێڵەکەیدا وەڵامى داواکەى ئەردۆغانى داوەتەوە. لە ئیمێڵەکەى تێری فراگنۆلی دا باس لە چەندین ئۆپەراسیۆنى سانسۆرکردن لە دژی کوردان و باس لە کارەکانى دژ بە پەکەکەی لە فەرەنسا کردووە و نیگەرانیى خۆی لە تۆمەتبارکردنى فەرەنسا لەلایەن ئەردۆغانەوە خستووەتەڕوو.  

ئەو داواکارە گشتییە بە دڵخۆشییەوە وتویەتى "لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە فەرەنسا ئەو وڵاتەیە، کە زۆرترین ژمارەى 'میلتانانی پەکەکەی' تیادا دەستگیر و دادگای کراون و سزا و زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە".

 ٦ رۆژ لە دواى ئەو ئیمێڵە و لە ٦ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٢ / ١٥ی رەزبەر، پۆلیسی فەرەنسا لە گەڕەکی مۆنتپارنێس لە پاریس لە ناکاو هەڵیکوتایە سەر کافتریایەک و ئادەم ئوزون ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەرى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە)ی دەستگیرکرد. هەموو شتێک پێشتر بەرنامەى بۆ دانرابوو و ئامادەکاری بۆ ترس و تۆقاندنیش کرابوو. ئوزون ١٠ مانگ لە زیندان راگیرا. ئەو لێکۆڵینەوەیەى لە دژی دەستیانپێکردبوو تێکچوو و لە ٩ی ئابی ٢٠١٣ / ١٨ی گەلاوێژ ئازاد کرا. دادگای فەرەنسا ئەوەى قبوڵکرد کە لە دژی سیاسەتمەداری کورد "بەڵگە بەشێوەیەکى نایاسایى کۆکراوەتەوە". ئوزون هاوکات کەسایەتییەکە کە بە ناوی سیاسەتى کوردەوە بەشداریى لە دانوستانەکانى ئۆسلو دا کردبوو.

دواى ئۆسلۆ چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی

ئەو شاندەى دەوڵەتى تورک، کە لە دانوستان و چاوپێکەوتنەکانى ئۆسلۆدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانى پەکەکە دانیشتبوون، لە کۆتایى ٢٠١٢ دا لە ئیمراڵی دەستیان بە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد. رێبەری گەلی کورد لە لایەک لەگەڵ شاندی دەوڵەت و لەلایەکى ترەوە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، کە لە بەڕێوەبەرانی هەدەپە و کەجەدە پێکهاتبوون، چاوپێکەوتنى ئەنجام دەدا. لەبەرئەوەش سەرنجی هەموان لەسەر پەیامى ئیمراڵی بوو.

ئۆجالان دەیخواست چاوپێکەوتنەکانى ئیمراڵی وەرسوڕێن بۆ رەخساندنى بوار بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد و دیموکراتیکردنى تورکیا. بۆ یەکەمجاریش لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ١٤ی بەفرانباردا شاندێکى مەدەنی چوون بۆ ئیمراڵی.

ئەو کۆمەڵکوژییەى کە لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا ئەنجامدرا

٦ رۆژ دواى دەستپێکردنى ئەو چاوپێکەوتنانە، رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس هێرشێکى خوێناوی ئەنجامدرا. لەو هێرشەدا ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانى پارتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، فیدان دۆغان نوێنەری کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستتان (کەنەکە) لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزووتنەوەى گەنجان تیرۆرکران.

لە چاوپێکەوتنەکانى ئیمراڵی و لە دوای کۆمەڵکوژییەکەى پاریس، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد قسەى قورسی بە شاندی دەوڵەت و میت وت و داوایکرد، کۆمەڵکوژییەکە روون بکرێتەوە.

ئۆجالان کۆمەڵکوژییەکەى پاریسی بە ٢هەمین پیلانگێڕیی نێودەوڵەتى و ٢هەمین کۆمەڵکوژیى دێرسیم لێکدایەوە و وتی، تێکۆشانی ساکینە تێکۆشانى ئازادیى ژنە.

رێبەرانى پەکەکە و پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) رایانگەیاند، تەیب ئەردۆغان و دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى دەوڵەتى تورک (میت) لە پشت کۆمەڵکوژییەکەوەن و رایاندەگەیاند، کە دەبێت تۆڵەیان بکرێتەوە.

ئەو کۆمەڵکوژییە لە ئەوروپا و زۆرێک لە شارەکانى کوردستاندا بە توندی ئیدانە کرا و چەندین کاردانەوە و ناڕەزایەتیى لێکەوتەوە.

ئەوەى تەقەى کرد عومەری گیونەى بوو و ئەوەى فەرمانى دەرکرد بەڕێوەبەرانى ئەنقەرە بوون

ئەوەى لە پاریس کۆمەڵکوژییە دڕاندانەکەى ئەنجامدا کەسیک بوو بە ناوی عومەر گیونەى. عومەر گیونەى ١٢ رۆژ دواى کۆمەڵکوژییەکە ولە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ١ی رێبەندان دا دەستگیرکرا و لە زیندانى پاریسی فەرەنسا راگیرا.

لە هەموو لێکۆڵینەوەکانى داواکارى گشتیى فەرەنسادا هەموو سەرنجەکان دەچوونەوە سەر ئەنقەرە. لە لێکۆڵینەوەکاندا زانیارییەکى زۆر دەستخران. دەبوایە پرۆسەى دادگایکردن لەسەر کۆمەڵکوژییەکەى پاریس لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦دا دەستپێبکردایە، بەڵام لەبەر هۆکارێکی نەزانراو، کە ئەو هۆکارە رانەگەیەندرا، دادگاییەکە بۆ رۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ / ٤ی رێبەندان دواخرا. دەبوایە دانیشتنەکانى دادگا تاوەکو ٢٤ی شوباتی ٢٠١٧ / ٦ی رەشەممە بەردەوامییان هەبوایە.

مردنى گوماناویى بکوژ عومەر گیونەی

لە ناکاو هەواڵی مردنى عومەر گیونەى لە زیندانەوە بڵاوکرایەوە. راگەیەندرا، عومەر گیونەى ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ / ٢٧ی سەرماوەز لە نەخۆشخانەیەک لە پاریس مردووە. ئەوە لە کاتێکدابوو، کە تاوەکو ئەو کاتە هیچ لێدوان و هەواڵێک لەبارەى ئەوەى، کە دۆخی تەندروستیى عومەر گیونەى خراپ بێت، یان نەخۆش بێت، بڵاونەکرابووە.

دواى مردنى گوماناویى عومەر گیونەى، بە کردەوە دۆسیەکە هەڵوەشایەوە و چەندین پرسیاری بە بێ وەڵامی لە دواى خۆی بە جێهێشت. ئەوەى گومان و پرسیاری لەسەر بوو پەیوەندیى عومەرگیونەی بوو لەگەڵ دەزگاى هەواڵگریى تورک (میت)دا. لە سکاڵانامەکەی سەر عومەر گیونەی دا ئەو پەیوەندییە بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا سەلێمندرابوو.

ئەگەرچی بە کردەوە ئەو دۆسیەیە داخرابێت، بەڵام بۆ پارێزەران و بنەماڵەکانى ئەو ٣ شۆڕشگێڕە و بۆ گەلی کورد و پەکەکە کۆتایى پێنەهاتووە.

ئۆپەراسیۆنى تۆڵەى شۆڕشگێڕی

٤ ساڵ دواى ئەو کۆمەڵکوژییە لە ئابی ٢٠١٧ دا ٢ بەرپرسی باڵاى میت لەلایەن هێزی گەریلاوە دەستگیرکران. ئەو بەرپرسانەى میت لەبارەى کۆمەڵکوژیى پاریسەوە زانیاریى بەرچاویان درکاند. جارێکیتریش ئەوە سەلمێندرایەوە، کە ئەنقەرە لە پشت کۆمەڵکوژییەکەى پاریسەوەیە.

یەکێک لە بەرپرسانى میت، کە لە ئۆپەراسیۆنى تۆڵەى شۆڕشگێڕیى شەهید ساکینە جانسز دا دەستگیرکرا، ئەرهان پەکچەتین ئەندامى میت و سەرۆکى فەرمانگەى کاروباری جیاکاریى ئیتنى (EBF) لە ناوخۆی وڵاتدا (تورکیادا) بوو. پەکچەتین لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دا لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەى پاریسەوە دانپیادانانی کرد و وتى: "ئەو تۆمارە دەنگییەى کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوکرایەوە و کاتێک گوێم لێگرت، لەوە تێگەیشم کە ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ٣ ئەندامی ئێمە بە ناوەکانی؛ ئوگور کائان ئایک سەرۆکی فەرمانگەى کاروباری جیاکاریى ئیتنی (EBF)ی لە دەرەوەى وڵات، ئۆگیوز یورەت بەڕێوبەری هۆبەى ئۆپەراسیۆنى ئەو فەرمانگەیە و ئایهان ئۆرهان ئەندامى ئەو هۆبەیەوە پلانى بۆ دانراوە و جێبەجێکراوە، چونکە من ئەوانم بە دەنگیاندا ناسییەوە. ئەوان لەگەڵ ئەندامێکى وەرگرتنى زانیارییەکان لەگەڵ عومەر گیونەى لە ئۆتێلێکى ئەنقەرەدا چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە. ئەو تۆمارە دەنگییە لە ئۆتێلەکەدا تۆمار کراوە".

ئەرهان پەکچەتین وتیشی "نووسراوى داواکارییەکان و ئەنجامدانی کارەکان دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بگاتەوە دەستى (هاکان فیدان) راوێژکاری میت. راوێژکاری میتیش بۆ وەرگرتنى بڕیار لەبارەى ئەو داواکارییانەوە پرس بە سەرۆک کۆمار دەکات. لەو بڕوایەدا نیم کە تەنها خۆی بڕیار وەربگرێت، چونکە ئەو بابەتە قەیرانى نێودەوڵەتیى لێدەکەوێتەوە. دوای ماوەیەکى کەم پلەى ئەو ٣ کەسە بەرزکرایەوە".

بەرپرسێکى تری میت، کە لەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکەی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا دەستگیرکرا ناوی ئایدن گیونەل –ە و بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانى میتە لە ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا. ئەو ناوانەى کە لەسەر نووسراوی داواکارییەکەى میت دا تۆمارکرابوون بەمشێوەیە پشتڕاست کردەوە:

"ئیمزایەک بە ناوی ئۆ . یورەت لەسەر نووسراوەکە هەیە، ئەوە ئۆگیوز یورەتە. ئۆگیوز یورەت ئێستا سەرۆکى فەرمانگەى میتە لە وان. لەو کاتەدا بەڕێوەبەری هۆبەی ئۆپەراسیۆن بوو.

 ناوی ئو. ک،ەی سەر نووسراوەکە ئوگور کائان ئایکە. ئێستا سەرۆکى کارە تایبەتەکانە. لەو کاتەدا سەرۆکى فەرمانگەى کاروباری جیاکاریى ئیتنی (EBF) بوو.

س. ئاسال-یش سەباحەدین ئاسالە. ئێستا یاریدەدەری راوێژکاری میتە بۆ هەواڵگریى ستراتیژی. لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی فەرمانگەى کاروباری جیاکاریى ئیتنى (EBF) بوو.

ئەو ئیمزایانە، کە لەو نووسراوەدا بۆ ئەنجامدانى ئەو کارە بەرزکراوەتەوە، ئەو کەسانەن".

تامەزرۆیى بێسنوور و گەڕان بە دواى دادپەروەریدا

سەرباری بەڵگەکان و دانپیادانانى بەرپرسانى میت لەبارەى ئەو کۆمەڵکوژییەوە، بەڵام لە رووی یاساییەوە یەک هەنگاو نەنراوە بۆ دەستنیشانکردنى ئەو کەسانە، کە فەرمانەکەیان دەرکردووە و کار نەکراوە بۆ بردنیان بۆ بەردەم دادگا و دادگایکردنیان.

بەڵام لە رۆژی کۆمەڵکوژییەکەوە تاوەکو ئێستا توڕەیى و تامەزرۆیى کورد کۆتایى پێنەهاتووە، بزووتنەوەى ئازادیى کورد، گەلی کورد و دۆستانى کورد چەندین ساڵە بە دواى دادپەروەریدا دەگەڕێن.  

ئەو ژنە کوردانەى، کە تێکۆشانی ساکینە جانسزیان گرتووەتە ئەستۆ و درێژەى پێدەدەن لەسەر بنەماى وتەکانى ئۆجالان کە وتبووی "تێکۆشانی ساکینە، تێکۆشانی ئازادیى ژنە" هەوڵ دەدەن لە سەرتاسەری دونیادا تێکۆشانی ئازادى بەرز و شەکاوە بکەن و بۆ هەموو ژنانى جیهان ببنە نمونە.

ر.م