تەمەللی: پێویستە ئۆجالان بخوێنینەوە و بەو شێوەیە بیر بکەینەوە

سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ڕایگەیاند، لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیەوە پێویستە ئۆجالان بخوێنینەوە و وتی، "جێگرەوەی ئەم سیستمە، سەرهەڵدانی گەلانە."

٣مین کۆنفڕانسی گەورەی پارتی دیموکرتی گەلان (هەدەپە) بە دروشمی 'هەدەپەیەکی بەهێز، تێکۆشانێکی بەهێز' لە ئەنقەرە ئەنجامدرا. لە هەموو تورکیا ٦٠٠ کەس بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد. ئەنجامەکانی کۆنفڕانسەکانی ٦ هەرێم لە کۆنفڕانسە گەورەکەی ئەمڕۆدا تاوتوێدەکرێن. ئەنجامەکانی کۆنفڕانسە گەورەکەی ئەمڕۆش لە ٤مین کۆنگرەی ئاسایی هەدەپەدا کە بڕیارە ٢٣ی شوبات ئەنجامبدرێت، تاوتوێدەکرێن و بڕیاری کۆتایی دەدرێت.

لە کۆنفڕانسەکەدا سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) قسەی کرد.

'جێگرەوە، سەرهەڵدانی گەلانە'

تەمەللی وتی، "سیستمی جیهان تێکدەچێت. بەدوای سیستمێکی نوێی جیهانیدا دەگەڕێن. سیستمەکە لەسەر شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت. سیستمەکە ڕەنجخواردن، شەڕ، هەڵوەشاندن و لەناوبردنی ژینگە بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت. هەوڵ دەدات بەو شێوەیە درێژە بە هەبوونی بدات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوەندێکی خولقاندن دەبینێت. ئەوانەی هەوڵی ئەوە دەدەن لەم شەڕەدا تێکدەشکێن. جێگرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و بووەتە هیوایەک بۆ گەلان. سەرهەڵدانێکە کە ئەم سیستمە کۆنە تێک لەناودەبات."

'وڵات بە تەمامی گۆشەگیرکراوە'

تەمەللی ڕاشیگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە، دەسەڵاتێکی نایاسییە. دەسەڵاتێکی زۆردارە و وتی، "یاسای هەڵوەشاندووەتەوە. دۆخی نائاسایی، ئاسایی کردووە. سیستمی دادپەروەری هەڵوەشاندووە. هۆکاری هەڵوەشاندنی دادپەروەری، گۆشەگیرییە. گۆشەگیری بە تەنها لە ئیمڕالی نییە. لە تورکیا بە تەواوی گۆشەگیری هەیە. تورکیا بە گشتی گۆشەگیرکراوە. گۆشەگیری ئیمڕالی کە بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا سەپێنراوە، ڕێگا لە چارەسەری دیموکراتیانە دەگرێت. ڕیگاگرتن لە چارەسەری دیموکراتیانە بۆ ئەم دەسەڵاتە پێویستە. لەبەرئەوەی لەسایەی ئەو ئاستەنگیانە ڕژێمی ئۆتۆریتەر لەسەر پێ دەمێنێتەوە. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە سەر زیندانەکان ئەم سیستمە زۆردارە دەبینێت. لە زیندانەکان ئەشکەنجە هەیە، مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکرێت."

'با ئۆجالان بخوێنینەوە'

تەمەللی ئەوەی خستەڕوو، ئەم دەسەڵاتە، داگیرکەرە، دەسەڵاتێکی زاڵمە و وتی، "بە توندوتیژی و زوڵمێکی گەورە دەسەڵاتی خۆیان دروست کردووە. تورکیا لە هەموو جیهان یەکێک لەو وڵاتانەیە، زیاترین مافخواردنی لێیە و کرێکار دەکوژرێن. پێویستە چی بکرێت؟ چۆن خەبات بکرێت؟ پێویستە جارێکیتر شیکاری بۆ لێنین بکەین، لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیەوە، جارێکیتر ئۆجالان بخوێنینەوە. پێویستە سەرلەنوێ لەبارەی بۆچوونەکانی ئۆجالان بیربکەینەوە."

تەمەللی باسی ئەوەشی کرد، پێویستە لە کۆڵان، لە کارگاکان ئەنجومەنی خۆیان دروست بکەن، خۆیان و کۆمەڵگا سەرلەنوێ رێکبخەنەوە.

تەمەلی باسی لە گرنگی بەهێزکردنی تێکۆشان کرد و دەڵێت، "دەزانین تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا ئازاد نابێت. پێویستە تێکۆشانی دیموکراسی ڕادیکال بە تێکۆشان و ڕەنجی خۆمان فراوان بکەین. بە ڕەنجی کۆمەڵگا پێویستە ئێمە تێکۆشانی دیموکراسی گەش بکەین. دەزانین تا ڕەنجی کۆمەڵگا ئازاد نەبێت مرۆڤەکان ئازاد نابن. یەکێک لە بناغەکانی دیموکراسی رادیکال تێکۆشانی ژینگەیی یە. پێویستە بەهێزی بکەین. تا سروشت ڕزگار نەبێت، ژیان ڕزگار نابێت.

دەمیرتاش و زەیدان پەیامیان نارد

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و عەبدوڵلا زەیدان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بۆ ٣مین کۆنفڕانسی گەورەی هەدەپە پەیامیان نارد.

پەیامی دەمیرتاش و زەیدان لە لایەن دۆغان ئەرباش ئەندامی ئەنجمونی هەدەپەوە خوێندرایەوە.

ف.ق