خەلیقی: لە هێرشی پادگانی سنە بۆ سەر خەڵک زیاتر لە ٢ هەزار هاووڵاتی شەهید بوون

حسێن خەلیقی لەبارەی دۆخی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و هەوڵی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە رێگەى دانوستانەوە و پاساوەکانى رژێم بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

حسێن خەلیقی لەبارەی دۆخی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و هەوڵی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە رێگەى دانوستانەوە و پاساوەکانى رژێم بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان و دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

حسێن خەلیقی کەسایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و هەوڵەکان بۆ بە دەستهێنانی مافی گەلی کورد لە رێگەى دانوستان، هێرشەکانی رژێم بۆ سەر خەڵکی شاری سنە و کوشتارکردنی زیاتر لە ٢ هەزار هاووڵاتیی ئەو شارە و لە ئەنجامدا دەستپێکردنی شەڕی ٣ مانگە لە دژی سنە. هەروەها باسی لە دۆخی ئێستای ئێران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

دەقی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ حسێن خەلیقی دا:

پ: لە کاتى چوونی شاندی دانوستانی گەلی کورد لەگەڵ رژێمى ئێران، ئێوە کەی چوون بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانى رژێمى کۆماری ئیسلامیى؟ ئەندامانى شاندەکە کێ بوون؟ ئەو کەسانە چۆن هەڵبژێردران؟ ئێوە چیتان بەوان (رژێم) وت و ئەوان چ وەڵامێکیان دایەوە؟

دەستپێکردنی شەڕی سنە

- لە جەنگی نەورۆزی ١٣٥٨ / ئاداری ١٩٧٩ هێزەکانى رژێمى ئێران و خەڵک لە سەربازگەى (پادگان) سنە دا لە شەڕدا بوون. لە سەربازگەکەوە هێرش کرایە سەر خەڵک. ئاخوند و مەلایەک بە ناوی سەفتەری، کە لە سەردەمی رژێمى شا دا دوورخرابووە بۆ سنە سەرپەرشتیى هێرشەکانى دەکرد و یەکێکیش بوو لە دۆستانى کاک ئەحمەد موفتی زادە. لەو کاتەدا گەل لە دژی رژێم وەستانەوە، کە نابێت شەڕ رووبدات. ئەوانیش گەلیان گەمارۆدا. بەرەو بینای پارێزگا رۆیشتن، کە پێى دەوترا مقەڕی رژێم. شاتر مەمەد کەسێکى خەڵکی کرماشان بوو بەرپرسی ئەو مقەڕە بوو. شاتر مەمەد و چەکدارەکانى تەقەیان لە خەڵک کرد و لە ئەنجامدا گەنجێکى تەمەن ١٦ – ١٧ ساڵە کوژرا. ئەوە بووە هۆی هێرشی گەل بەرەو سەربازگەى ژاندارمری، کە سەربازگەى سەرەکیى سنە بوو. بە داخەوە ئەو سەربازگەیانە زۆر لە شارەوە دوور نەبوون. لە ئەنجامدا شەڕ روویدا. ئەوانەى سەربازگەکە بە فەرمانى سەفتەری بە تۆپ و هاوەن دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر شارەکە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کوژران. ئەوانەى چووبوون بۆ سەربازگەکە کەسانی فەقیر و هەژار بوون و ئەگەری ئەوەش هەبوو کە تەنانەت بۆ یەک چەک یەکتریش بکوژن. شەڕی سنە دەستیپێکرد و شارەکە تۆپباران و هاوەنبارانکرا. بەپێى هەواڵە بڵاوکراوەکانى ئارتەشی ئێران، لە کاتژمێرێکدا ٤٧٠ گولـلە هاوەنیان گرتووەتە ناو شار. گەل نەیدەتوانى لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە. دەیان خانوو و دوکان وێران بوون و هەزاران کەس کوژران.

چوونی شاندی دانوستانکار بۆ سنە

لەو سەردەمەدا لە زانکۆی تەورێز بووم و بە مەبەستى ئەوەى لە رێگەى هەندێک لە دۆستانەوە پەیوەندیى لەگەڵ بەرپرسانى رژێمى نوێدا دورست بکەم رۆیشتم بۆ مەهاباد. لەویش خوالێخۆشبوو شێخ عیزەدین و ژمارەیەک کەسی تر بەرەو سنە دەرۆیشتن. لە بۆکان یەکمان بینی و رۆیشتین بۆ سنە. لە دەروازەى شاری سنە و لە رێگاى سەقزدا ژمارەیەک چەکداری موفتی زادە، کە لەو کاتەدا خۆی بە پارێزگاری سنە دەزانى رێگایان لێگرتین. موفتی زادە بەرپرسی کاروباری ئیداریى پارێزگا و سەفتەری بەرپرسی کاروباری سەربازی بوو. دابەشکارییەکى ناحەز و نادروست بوو، چونکە لەو سەردەمەدا چەک بڕیاری دەدات نەک پارێزگار و قائیمقام. بە هەر حاڵ رێگایان لێگرتین و من ژمارەیەک لەو کەسانەم دەناسی و پێم وتن، هەمومان خۆمانەین و لە پەیوەند لەگەڵ ئەم جەنگەدا هاتوین بۆ سنە. رێگایان بۆ کردینەوە و رۆیشتین. من رۆیشتم بۆ ماڵی خۆمان و ئەوانیش رۆیشتن بۆ ماڵی یەکێک لە هاوڕێیانی سنەیى کە پێیان دەوت، پدر (باوکە). باوکە هاوکاریى لەگەڵ دیموکرات دەکرد و کوڕەکانیشی بیروبڕواى چەپیان هەبوو. دواتر لەگەڵ خوالێخۆشبوو سارمەدین سادق وەزیری، مامۆستا شێخ عیزەدین، سەڵاح موهتەدی، دکتۆر شاکریى بانە، شەهید سدیق کەمانگەر، بێھروز سلێمانى بەرپرسى چریکەکانى فەدایى خەلق، موفتی زادە و دکتۆر خوسرەوی لەلایەنگرانى موفتی زادە رۆیشتین بۆ ماڵی کەسێک بە ناوی داداش پوور. پرۆتۆکۆڵێکمان نووسی، کە دەبێت چی بکەین و کێ چی بکات و چی بڵێت. ئەنجوومەنى شۆڕش (شورای ئینقلاب)یش بڕیاری دابوو بۆ سبەی شاندێکیان بێت بۆ سنە. ئەنجوومەنى شۆڕش پێکهاتبوو لە خوالێخۆشبوو تاڵەقانی، بەنی سەدر، رەفسەنجانی و سەدر حاج سەید جەوادی وەزیری کاروباری ناوخۆ.

سوپا و ئەرتەش رێگرییان لە شاندەکە کرد

دوو خاڵ هەیە کە دەبێت گەلەکەمان بە روونی لێى ئاگادار بن، خاڵی یەکەم: لە کرماشان رێگری لە هاتنی ئەو شاندەى ئەنجوومەنى شۆڕش کرا. بڕیار بوو ئەو شاندە بە کۆپتەر بێت بۆ سنە، بۆ ئامانجی کوشتاری زیاتر گەل و گەورەترکردنى ئاگری شەڕ ئەوانیان نەهێنا. ئارتەش و سوپا لە کرماشان رێگرییان لێ کردبوون. خالی دووەم: ئێمە لە دانیشتنەکەى خۆماندا لەبارەى ئەوەى، کە کێ وەک نوێنەری شاندەکەمان لەگەڵ ئەنجوومەنى شۆڕش قسە بکات، گفتوگۆمان کردبوو، لە ئەنجامدا شێخ عیزەدین-مان وەک بەرپرس و سارم خان سادق وەزیری-یمان وەک وتەبێژی شاندەکەمان هەڵبژارد. هەڵبژاردنى سارم خان بۆ ئەوە بوو، کە دادوەر بوو، پارێزەر بوو، نووسەر بوو و شارەزایى لە یاسادا هەبوو.

هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە هاوەنباران و تۆپبارانکردنی سنە

لە کاتی شەڕی نێوان گەل و سەربازگەکەی (پادگان) سنەدا ئەندامانى کۆمەڵە سەرهەنگ سەفەری فەرماندەى سەربازگەکە، کە لە ئەسڵدا خەڵکی سنە بوو، دیلکردبوو. ئەویان برد بۆ رادیۆ و لە رادیۆوە فەرمانى دا کە دەبێت ئارتەش هاوەنبارانکردنى سنە رابگرێت. شەهید سدیق کەمانگەریش لە رادیۆوە چەند پەیامێکى بۆ گەل و سەربازەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئێمە مرۆڤین، برای یەکترین و لە یەک وڵاتدا دەژین، دوژمنى یەکتر نین و تەقەمان لێ مەکەن با یەکتر نەکوژین". سەرباری ئەوانەش تەقەکردن و بۆردومان بەردەوامیى هەبوو. شەهید سدیق لە دواى ٣ بۆ ٤ پەیام لە رادیۆدا بە گەلی راگەیاند "خەڵکینە ئێستا دەست لە شەڕ هەڵناگرن و ئێمە دەکەنە ئامانج، ئێوەش سەنگەر بگرن و مقاومەت و بەرخۆدان بکەن و رێگا نەدەن بێنە ناو شارەکە. تاوەکو ئابڕومان نەڕوات و سەرکوتمان نەکەن و لەناو نەچین". هەموو ئەو رووداوانە لە رادیۆدا تۆمار کراوان و ئێستاش لە بەردەستدان.

"لە ئەنجامى پێداگرییەکانماندا موفتی زادە پرۆتۆکۆڵەکەى واژۆکرد"

ئەمانە هەمووی پێش هاتنی ئێمە بۆ سنە روویاندابوو. دواى ئەوە گەیشتین لەو شەوەدا ئەحمەد موفتی زادە پرۆتۆکۆڵەکەى واژۆ نەکرد. سەرباری هەموو پێداگرییەکانمان قبوڵی نەکرد، کە شێخ عیزەدین بەرپرس و سارم خان وتەبێژ بێت و ئەگەریش پەیامێکمان هەبوو بەوانى بدەین تاوەکو باسی بکەن. موفتی زادە رۆیشت و پرۆتۆکۆڵەکەى واژۆ نەکرد. لە پاڵ حەوزێکدا کە لەو ماڵەدا بووین من و سەڵاح موهتەدی پێشمان پێگرت. پەیوەندیى نێوان من و موفتی زادە زۆر باش بوو، سەڵاحیش ژنبرای بوو. زۆرمان لێکرد تاوەکو پرۆتۆکۆڵەکە واژۆ بکات تاوەکو بزانین کە کێ قسە دەکات، ماددەکانیشی پێکهاتبوو لە ١٠ ماددە و نوێنەری هەموو چین و توێژ و حیزبەکان پەسەندیان کردبوو. نەزمێکى باشمان هەبوو، ئەوە نەبێت کە نزممان نەبوو بێت. لە ئەنجامى پێداگرییەکانماندا موفتی زادە پرۆتۆکۆڵەکەى واژۆکرد.

بڕیارمان ئەوە بوو کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانى موفتی زادە بێت بۆ خانەى ژنان و یەکتر بگرینەوە و بڕۆین بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەنجوومەنى شۆڕش لە کافتریای کۆلیژیى وەرزشیى سنەدا.  بەیانییەکەى رۆژی دواتر تاوەکو کاتژمێر ١٠ بۆ ١١ چاوەڕێ بووین، بەڵام موفتی زادە نەهات. شێخ عیزەدین وتى، تۆ بڕۆ بە دواى موفتی زادە دا، چونکە پەیوەندیت لەگەڵی باشە و ئەنجوومەنى شۆڕشیش ئاگادار بکەنەوە، کە نوێنەرانى گەلی کورد دەیانەوێت چاویان پێتان بکەێت. لەو کاتەدا ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆ پەیامیان بۆ دەناردین کە تاوەکو زووە بڕۆین، چونکە لێرە خەریکى شتی تر روودەدات.

"بینیمان، کە موفتی زادە لەگەڵ تاڵەقانی بە سرتە قسە دەکەن"

کاتێکە چووینە کافتریاکەى کۆلێژی وەرزش بینیمان، کە موفتی زادە لەگەڵ تاڵەقانی بە سرتە قسە دەکەن. بەهەشتی-یش لەگەڵ ژمارەیەکى تردا قسەى دەکرد. کاتێک چوومە لاى تاڵەقانی سڵاوم کرد و وتم، باوکە سڵاو. بە تاڵەقانییان دەوت باوکە. دواى سڵاو و ئەحواڵپرسی لەگەڵ تاڵەقانی بە ناڕەحەتى و توندی لەگەڵ موفتی زادە قسەم کر د و پێم وت، ئێمە بڕیارەکەمان چی بوو؟ بڕیار بوو بێیت بۆ لامان لێرە چی دەکەیت؟ دواتر چووم بۆ لاى بەهەشتی. بەهەشتیم لە ساڵی یەکەمی خوێندنەکەم بۆ دکتۆرا دەناسی. ئەو دواى یەکساڵ لە خوێندنی دکتۆرا درێژەى بە خوێندنەکەى نەدا. چەندجارێک یەکترمان بینی بوو. رۆیشتم و سڵاوم لێکرد، بەڵام ئەو منی نەناسی. پێم وت جەنابی دکتۆر تکات لێدەکەم ئێمە دەمانەوێت وەک نوێنەرانى گەلی کورد لەگەڵ ئێوەدا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین، ئەوە لەگەڵ کێ قسە دەکەیت، ئێمە کەسمان دیاریکردووە، قبوڵی کرد و وتى بڕۆ بیانهێنە.

رێگریی لایەنگرانی موفتی زادە

دواى ئەوە رۆیشتم بە دواى ئەندامانى تری شاندەکەدا و کاتێک گەڕاینەوە لایەنگرانى موفتی زادە دەرگاى ئاسنیی کۆلێژەکەیان بەرووماندا داخستبوو. ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان گەرەکیان بە چەک دەرگاکە بشکێنن، بەڵام رێگریم لێکردن. کوڕێک لەو بەر بوو خزمی براژنم بوو ناوی سەعدی قوڕەیشی بوو، وتم سەعدی گیان دەرگاکە بکەرەوە ئێمە هاتووین لەگەڵیانا گفتوگۆ بکەین بۆ دەرگاکە ناکەنەوە، بە هەر حاڵ دەرگاکەیان کردەوە. منیش پارچەک لە گولـلە هاوەنم بە دەستەوە بوو و لەکاتى کردنەوەى دەرگاکەدا دەستم بریندار بوو. کاتێک چووینە ژوورەوە پارچە گولـلە هاوەنەکەم بە تاڵەقانی نیشان دا و وتم، بەم ئێمە دەکەنە ئامانج و بۆردومانمان دەکەن. شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەى سیستم و بەدبەختی و چارەڕەشی لە کۆڵی ئێمەش بێتەوە، بەڵام تەماشا دەکەیت رژێمى تازەش بە فڕۆکە دەنگ بەسەر شاردا بەردەداتەوە و شوشەى ماڵەکان دەشکێنن و بە هاوەن شارەکەمان دەکەنە ئامانج.

رەخنە لە موفتی زادە و لایەنگرانی گیرا

دانیشتین و دەستمان بە گفتوگۆکانمان کرد. سدیق بە دەنگی بەرز هێرشی کردە سەر موفتی زادە و قبوڵی کرد. وتی، تۆ لە بریى ئەوەى شارەکە بپارێزیت و ئاگات لە خۆت بێت چوویت بۆ سەقز و جەماعەتت مەرەخس کردووە و شاتر مەمەد تەقەى لە خەڵکەکە کرد و هەزاران نەفر کوژران و ئەو شارە بووە بە گۆمی خوێن، بە کورتی بە توندی لەگەڵ موفتی زادە قسەى کرد. دواى ئەوەش بە دوکتۆر خوسرەویى وت، تۆ چوویتە ناو شار و بە خەڵەکەت وت بێن بە دەممانەوە و ئەوخۆپیشاندانەت رێکخست و ئەو کوڕەکوژرا و ئەوە هەموومان بە فارسی قسە دەکەین.

وەڵامدانەوەى تاڵەقانی و بێدەنگ کردنی

لەو کاتەدا تاڵەقانی کاسێتێکى دەرهێنا و پەخشی کرد، کە سدیق دەیوت، سەنگەر بگرن و بەرگری لە خۆتان بکەن. تاڵەقانی وتى، کێ ئەم پەیامەى بەخەڵک داوە، دەیکوژم. سدیق وتى، من بووم، بەڵام پێش ئەم کاسێتە کە موفتی زادە بە ئێوەى داوە، من ٦ پەیامی ترم بڵاوکردووەتەوە و کاسێتێکى دەرهێنا و پەخشی کرد و دواى ئەوە وتى، سەرباری هەموو ئەم پەیامانە ئارتەش هیچ وەڵامێکى نەدایەوە. سدیق دەنگی بەرز کردەوە و وتى، موفتی زادە هۆکاری ئەم شەڕە بووە و ئەم کارەشی بۆ دروستکردنى ئاژاوەیە لەگەڵ حکومەتى تازەدا، بەڵام ئێمە نامانەوێت لەگەڵ حکومەتى تازەدا کێشەمان هەبیت. تاڵەقانی کە پێشتر دەیوت، دەیکوژم و... بە بیستنى ئەو قسانە و ئەو پەیامانە وتى "کوڕم تکا دەکەم دەنگت نزم بکەرەوە و دابینشە، من نەخۆشم!".

ماددە ١٠ خاڵییەکە رادەستی بەهەشتی کرا

بە هەر حاڵ قسە کرا و ئەو ١٠ ماددە کە لەلای شێخ عیزەدین بوو، درایە دەستی بەهەشتی. یەحیا خان سادق وەزیری برای سارم خان سادق وەزیری، کە وەزیری داد بوو ئەویش لەوێ بوو. لەبارەى ئەوەى خۆبەڕێوەبەری و خودموختاری چییە و ... گفتوگۆمان کرد. هاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەدا خۆپیشاندانێک لە دەرەوە بەڕێوەدەچوو. هەندێک کەس دەیانگوت "عیزەدین" و هەندێک کەسی تریش دەیانوت "کاکە"، کە مەبەستیان ئەحمەدی موفتی زادە بوو. بەهەشتی ئەوەى قۆستەوە و وتى، ئێوە رەهبەرەکەتان دیاری بکەن تاوەکو ئێمە لەبارەى مافەکانى ئێوەوە قسە بکەین. لەو کاتەدا دکتۆر یونسی، کە خەڵکی بانە بوو و یادی بەخێر، هێنابوویان بیکەن بە پارێزگار. من و حەسەن شەمس یەکێک لە ئەندامانى کۆمەڵە و دکتۆر یونسی لە پاڵ یەکتردا دانیشتبووین، دکتۆر یونسی وتى، منیان هێناوە بمکەن بە پارێزگار، دیقم کرد و ناتوانم قسە بکەم، بەڵام تۆ هەستە و شتێک بڵێ.

لەو کاتەدا دەستم بەرز کردەوە و لە مامۆستا شێخ عیزەدین ئیجازەم وەرگرت و وتم قوربان من رەخنەم لە دکتۆر بەهەشتی هەیە. بەهەشتی پرسیى و وتى تۆ کێیت؟ وتم، ئێمە یەکتر دەناسین، بەڵام ئێستا تۆ لە دەسەڵاتدایە و چاوت بەرایت نایەت و من نابینێت و ئێمە ناناسیتەوە. من مامۆستای زانکۆی تەورێز و خەڵکی ئەم شارەم. پێم وت، تۆ دەڵێیت، رەهبەری خۆتان دیاری بکەن تاوەکو مافەکانى ئێوە دابین بکەین، باشە ئەو حکومەتەی کە ئێوە دروستى دەکەن ئیسلامییە یان دیموکراتیکە. وتى، بێگومان حکومەتێکى ئیسلامییە. وتم، خۆ لە ئیسلامدا ئەوەت بیستوە، ئەگەر میللەتێک یان کەسێکی منداڵ توانای پارێزگاریى لە ماڵی خۆی نەبوو قەیومێک بۆ پارێزگاریکردن لە ماڵ و موڵکەکەى دیاری دەکەن. وتی، بەڵێ، وتم بەڵام ئەگەر شێتیش بوو هەر قەیومی بۆ دادەنێن تاوەکو ئەو کاتەى چاک دەبێتەوە و دێتەوە سەر حاڵی خۆی ماڵەکەى بۆ دەپارێزرێت. دەى ئێوە وابزانن ئێمە منداڵ و شێتین، ئەگەر خواش هەر دوو رەهبەرەکەمان لێ بستێنێت هێشتا هەر حەقمان هەیە. ئەگەر حکومەتەکەى تۆ ئیسلامییە تۆ چۆن هەقی ئێمەت بەستەوە بەوە کە رەهبەری خۆمان دیاری بکەین، ئیسلام چتی وا نایەژێت.

بڕیار درا هێرش نەکرێتە سەر شار و فڕۆکە بە ئاسمانی سنەدا نەسوڕێتەوە

تاڵەقانی خێرا وتی، رۆڵە هەق بە تۆیە و راست دەکەیت، ئێمە دەگەڕیینەوە و داواکانى ئیوە بە ئەنجوومەنى شۆڕش دەدەین. لەو دانیشتنەدا ٢ بڕیار درا، یەکەم: بۆ سبەی لە گۆڕەپانی ئێقبال (ئازادی) کۆبوونەویەک رێکبخرێت و تاڵەقانی قسە بکات و خەڵک گوێ رابگرێت و لەسەر هێمن کردنەوەى شار و ئەو شتانە قسە بکات. بە بەردەوامیش تەقە دەکرا. دووەم: داوا لە وەزیری ناوخۆی دەکرد بە فەرماندەى ئارتەش بڵێت، سوڕانەوەى فڕۆکە بەسەر شاردا رابگرێت، منداڵەکانى شارەکە نارەحەتن و خەڵێکى زۆر کوژراوە و هێشتا بەخاکیش نەسپێردراون. تەرمەکان هەموو پارچە پارچە بوون و هەر کەس لە ماڵی خۆیدا کوژرابوو، پارچەیەک لە جەستەى، باڵێک، قاچێک، ملێک بەسەر دارێکەوە بوو.

یەکێک لە براکانم ئەندامى چریکی فەداییان بوو، کە شەهید بوو. خەڵێکى زۆر هاتبوون بۆ پرسەکەى و یەکێک لەوانە کە میوان بوو و هاتبوو بۆ پرسەکە و خزممان بوو و ناوی محەمەدی هێندی بوو و پارێزەر بوو و ئێستا لە مەهابادە لە پرسەکەدا دەستیان گرتبوو بەسەر دەمانچەکەیدا. وتی دکتۆر دەمانچەکە نادەنەوە و  داواى لێکردم دەمانچەکەى بۆ بگەڕێنمەوە، منیش کاتێک خەڵکەکە بڵاوەیان لێکرد بە ناچار چووم بۆ لاى موفتی زادە تاوەکو داوا لە چەکدارەکانى بکات دەمانچەکەى بۆ بگەڕێننەوە و ئەوە میوانی منە. ئەو خۆی ئاگادار بو کە براکەم شەهید بووە و رۆژی پێشتر لە مزگەوت بوو. منیش چووم و بینیم (موفتی زادە) لەگەڵ رەفسەنجانی قسە دەکەن. هەر دوکیان تەنها بوون. رەفسەنجانی پێى وت  "من سپاست دەکەم، کە ئەو گشتە کەمانگەر هێرشی کردە سەر تۆ و تۆ هیچت نەوت". موفتی زادە پێ وت "بڕیار هەر ئەو بڕیارەیە، کە خۆمان داومانە، با ئەوان هەر هاوار بکەن".

"موفتی زادە مرۆڤێکى سادە بوو"

من شتەکەم بەو شێوەیە خوێندەوە، ئەویش ئەوەبوو، کە موفتی زادە بە ئەنقەست خیانەت لە مافی گەلەکەمان دەکات و لە ژێرەوە لەگەڵ رژێم رێکەوتووە، یان فریویان داوە، چونکە موفتی زادە مرۆڤێکى سادە بوو، کەسێکی ساختەکار نەبوو. خوێندنەوەى من ئەوە بوو لەو کاتەدا، کە بە توڕەییەوە وتم، خیانەتى کردووە، بەڵام دەکرێ بڵێت فریویان دابێت. رەفسەنجانی بە موفتی زادەی وت، تۆ سینگت وەک دەریایە. منیش وتم، نا ئەوە خاشاکی دەریاکەیە تیایدا کۆبووەتەوە. بە کوردی بە موفتی زادەم وت، هەقت پایەماڵ کردین چی لە نێوانتاندایە. ئەم بابەتە چارەنووسی گەل و نەتەوەیەک دیاری دەکات. "بڕیاری نێوانمان" یانی چی؟ چی لە نێوانتاندایە؟ چ گفتوگۆیەکتان کردووە؟ بێدەنگ بوو و لە بەرامبەر منەوە خوا هەڵناگرێت هیچی نەوت. داوام لێکرد دەمانچەکە بگەڕێنێتەوە. دەمانچەکەیان هێنا و گەڕامەوە.

"ئاغای موفتی زادە رەنجی میللەتی کوردی بەفیڕۆدا"

بەهۆی شەهیدبوونی براکەمەوە میوانی زۆر لە کرماشان، کامیاران، مەریوان، سەقز، بانە و... شوێنەکانى ترەوە هاتبوون بۆ ماڵمان. یەکێکیان مەلا عومەری عەسری بوو، یەکێکی تریان مامۆستا مەلا رەحیم عەباسی بوو، ئاغای محەمەدی هێندی بوو. وتم، ئێوە شایەت بن، ئاغای موفتی زادە رەنجی میللەتی کوردی بەفیڕۆدا. لەگەڵ رژێم سازاوە و تازە کورد بە هیچ ئەنجامێک ناگات. رۆژی دوایى بڕیار بوو بگەڕێمەوە، کەسێک بە ناوی دکتۆر ئەردەڵان، کە تیۆریی حیزبی رەستاخیزی بۆ شا نووسیبوو، بە نوێنەرایەتیی حکومەتەکەى بازرگان هات بۆ سنە. خوێندکارێکى زانکۆ لە هاتنەکەی ئاگاداری کردمەوە و وتی، ئەردەڵان و ئایەتوڵا لاهوتی لە لایەن ئاخوندەکانەوە هاتوون و رۆیشتوون بۆ مزگەوتى گەورە و دەیانەوێت قسە بکەن و داوای لە من کرد، بە نوێنەرایەتى لە گەلی کورد قسە بکەم. من رۆیشتم، ئاگام لە هیچ نییە، کە چی لە نێوان موفتی زادە، فەداییان خەلق، کۆمەڵە، چریکەکان و چەپەکان و... روویانداوە، چونکە من لە تەورێز بووم.

"کاتی کەباب خواردن نییە، کاتی کار و کردارە"

کاتێک بۆ قسەکردن رۆیشتم، لایەنگرانى کۆمەڵە هەندێک دروشمیان لە دژی دکتۆر ئەردەڵان وتەوە و وتیان، "ئەردەڵان باوحیزی نوێنەری رەستاخیزی" و ئەردەڵان رایکرد و دەریان کرد. تەنها لاهوتی مایەوە. لە قسەکانمدا بە خەڵکم راگەیاند "پێویستە یەکگرتوو و یەکدەنگ بین. ئێمە هەموومان کوڕان و کچانی موسوڵمانین و هیچکەس دژایەتیى لەگەڵ ئیسلام دا نییە، بەڵام ئەمە بابەتێکى سیاسییە و قسەکردن لەسەر مافی میللەتێک. ئەگەر قسە لەسەر دیموکراسی دەکەین، ئەوە بە مانای دوژمنایەتیکردن لەگەڵ ئیسلام نییە" و لە ناو قسەکانمدا بەبێ مەبەست وتم "کاتی کەباب خواردن نییە، کاتی کار و کردارە". تومەز چەند رۆژ لەوە پێش موفتی زادە هەندێک کەسی بانگهێشتکردبوو بۆ بینای پارێزگا و ١٥ بۆ ٢٠ دەست کەبابی بۆ بردبوون. خەڵک وایاندەزانی من باسی ئەو بابەتە دەکەم و لایەنگرانى موفتی زادە دەستیانکرد بە دروشم وتن لە دژم و وتیان "بمری خەلیقی" و لاهوتی وتی، من ئەزانم بژی بە مانی بمێنێت لە ژیاندا، بەڵام ئەو بمرێ-یە چییە، کە بە دواى بژییەکەدا هات. یەکێک لە لایەنگرانی موفتی زادە هات و وتی،  دەبێت داوای لێبوردن لە خەڵک بکەیت. منیش وتم، هیچم نەوتوە تاوەکو داواى لێبوردن بکەم. تەنها داواى لێبوردن لە خوا دەکەم و ئاگام لە هیچ نییە و تەنها قسەیەکە بە زمانمدا هاتووە. داواش لە خوا دەکەم ئەوانیش ببورێت، کە بە ناهەق هێرشیان کردە سەرم. منیان برد بۆ مێحرابێک و کەسێکى زل هات و ٥ بۆ ٦ مستەکۆڵەى لێدام. لەو کاتەدا موفتی زادە هات. پێیان وتبوو، کە من وتومە کەباب دەخۆن. ئەویش وتی، کەباب ئەخۆین کێشە نییە و باوەشی پێدا کردم و ماچی کردم.

هەوڵی کوشتنی خەلیقی

دواى ئەوە نوێژی هەینى دەستیپێکرد. بە داخەوە مەلا مەسعود قارمزی بۆ ئەوەى لاهوتی لە قسەکانى تێبگات بە زمانى فارسی و عەرەبی خوتبەى دا. وتی، گروپێک لەم شارەدا پەیا بوون، کە کۆمۆنیستن، چەپن، مارکسیست – لنینیستن، زوڵن. دەستدرێژی دەکەنە سەر دایک و خوشکی خۆیان و... دواى نوێژی هەینى بە مەلا مەسعودم وت، تۆ هەرگیز بە چاوی خۆت بینیوتە، کچان و کوڕانمان لەبەر ئەوەى کۆمۆنیستن کارێکى حەرامیان ئەنجام دابێت؟ تۆ شەرم ناکەیت؟ ئەویش وتى، بڕۆ داواى لێبوردن لە خەڵک بکە. منیش وتم، من داواى لێبوردن ناکەم و دەبێت تۆ داواى لێبوردن بکەیت بەهۆی ئەو قسانەتەوە. دواى بڵاوەلێکردنى خەڵک، هەندێک کەس دەیانخواست بمکوژن. ٤ کەس کە کڵاشینکۆفیان لە ژێر پاڵتاوەکانیاندا شاردبووە لەگەڵم هاتن و بە لاپاڵ بردمیان بۆ لای دەرگاکە و خستمیانە ناو ئۆتۆمبێلێک. ئەوە لە دەرەوە هەندێک کەس ئەڵێن با بێتە دەرەوە و دەیکوژین و براکەم ئاگای لەوانە دەبێت و وا ئەزانن من دەبەن بمکوژن و لەو نێوانەدا هەواڵی کوشتنى منیان بە دایکم دابوو، کە تازە شیوەنى کوڕێکى تری تەواو بوو بوو.

لە شەڕی سنەدا زیاتر لە ٢ هەزار کەس کوژرابوون

نەتیجەی قسەکە ئەوە بوو تاڵەقانی قسەى کرد و خەڵک هایان لێکرد. بەنی سەدر لەو کاتەدا کە هێشتا سەرۆک کۆمار نەبوو داوای کرد کارت بدەم پێى و پەیوەندیمان پێکەوە هەبێت من لەو کاتەدا ئەوەم نەکرد و پەیوەندیم نەگرت. گەڕامەوە بۆ تەورێز.  لەو کاتەدا ئەنجوومەنى شاری سنە هەڵبژێردرا. ئەو شەڕە بەو شێوەیە کۆتایى پێهات. زیاتر لە ٢ هەزار کەس کوژرابوون و سەدان خانوو وێرانکرابوون. ئەو ئەنجوومەنە لە ٢١ کەس پێکهاتبوو، کە مامە و خاڵۆزایەکی منیش لە ناویاندا بوون. ئیتر ئەوە بوو شەڕی ٣ مانگە لە هاوین دەستیپێکرد و حیزبەکان هاتن بۆ لاى سەردەشت.

رەتکردنەوەى وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سنە

 لە پاییزی ئەو ساڵەدا کە شارەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوو، حکومەتى بازرگان لە رێگەى مامۆستایەکی زانکۆوە منی بانگێھشت کرد تاوەکو بڕۆم بۆ تاران. کاتێک رۆیشتم خوالێخۆشوو فروهەر رایگەیاند، وەک ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاردراوە کە تۆ بۆ پارێزگاری سنە هەڵبژێرین. ئێوە داواى خودموختاری ناکەن. تۆ کوردی و بۆ پارێزگاری سنە هەڵبژێردراویت. منیش وتم، بگەڕێمەوە و بە خەڵک بڵێم من وەک کوردێک چیم بۆ ئێوە هێناوەتەوە. گەیشتینە ئەو ئەنجامە ئەگەر ئێوە خودموختارییەکە قبوڵ بکەن، من دەگەڕێمەوە بۆ سنە و دەڵێم، من وەک کوردێک ئەم دیارییەم بۆ هێناونەتەوە. جگە لەوە ئەگەر ئەو خەڵکە داواى نان بکات، ئێوە دەڵێن، پارێزگار بە پادگان بڵێ با سەرکوتیان بکات. ئەوە کاری من نییە. من مامۆستای زانکۆم و ئەوەشم بە لاوە لە سەرۆک وەزیرانى پێ گرنگترە.

دەستپێکردنی شەڕی ٣ مانگەی سنە

کوردی ٥ زاراوە و فارسی ٢٦ زاراوەی هەیە

فروهەر وتى، تۆ لەگەڵ دکتۆر سنجاوی گفتوگۆ بکە، من لەم بابەتانە تێناگەم. دکتۆر سنجاوی لە ئێڵی سنجاویى کرماشان بوو و لەو کاتەدا وەزیری دەرەوە بوو. منیش لەگەڵ دکتۆر سنجاوی قسەم کرد. ئەویش وتی، خەلیقی ئێمە ٥ زاراوەمان هەیە، خوێندن و نوسینى تۆ بە کام یەک لەو زاراوانەیە؟ وتم، بە زاراوەى کەیهان و ئیتڵاعات. وتی بۆ؟ وتم، بۆ ئەوەی فارسی ٢٦ زاراوەى هەیە، بەڵام هەر یەکەیان دەتوانن رۆژنامەکانی کەیهان  و ئیتڵاعات بخوێنەوە. ئێمە ٥ زاراوەمان هەیە و بە تێپەڕبوونی کات دەبنە بە یەک. زمانێکى هاوبەش بۆ خوێندن و نوسین و رۆژنامەوانی و بازرگانی و هەموو شتێک دروست دەکەین. وتی، ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنى شۆڕش-ەوە دەدرێت. بۆ بیانو دەگریت بگەڕێرەوە بۆ سنە و خزمەت بە خەڵک بکە. منیش وتم، ئەو کارە ناکەم، ئەگەر هیچ دەستکەوتێکى تیادا نەبێت، لەو کاتەدا جیاوازیى من و تورکێک و فارسێک چییە کە ئێوە بینرێن بۆ ئەوێ. تەنها بە کوردی قسە دەکەم؟ ئەو کارە ناکەم. گەڕامەوە و دواى ئەوە شەڕی ٣ مانگە دەستیپێکرد. شاندی نوێنەرانى گەلی کورد دروستکرا و ئەوانیش شاندی نوێنەرانی خۆیان دروستکرد. لە چەند دانیشتنێکدا تەنها ئامانجیان کات کوشتن و ئامادەکاریى هێرشکردنە سەر ئێمە بوو. لەبەر ئەوەش گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەیشتن.

  پ: دواى ٤٠ ساڵ، لە دۆخی ئێستادا بە هاتنە سەر کاری ترامپ، بەرزبوونەوەى ئاستی نازەڕایەتیى خەڵک بە بەشداریى هەموو چین و توێژەکان، کرێکاران، ژنان و... لە ٢ ساڵی رابردوودا، ئێستا ئێران و لە رۆژهەڵاتى کوردستان هەم لە ناوەوە و هەم لە درەوە لە ژێر گوشاری ئابوروی و سیاسییدایە. ئێوە دۆخی ئێران لە رووی سیاسی، ئابووری و... چۆن لێکدەدەنەوە؟ بە سەرنجدانە ئەزموونەکانى ئێوە لە شۆڕشی ئێران، گەلانی ئێران بە تایبەتى گەلی کورد دەبێت چی بکات تاوەکو دەستکەوتێکى باشی دەست بکەوێت؟

 -  وەڵامی ئەو پرسیارە لە ٣ تەوەردا دەدەمەوە. یەکەم، کاتێک شا لە ئێران رۆیشت، ئەوروپا و ئەمریکا پێیانوابوو ئێرانی داهاتوو ئەگەر بە ئاخوندەکانی بدەن و حکومەتێکى مەزهەبیى تیادا دروست بکەن، دەتوانێت زۆرتر لە حکومەتەکەى شا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت. شایان دەرکرد و ئەوەش روویدا. کاتێک خومەینى لە نۆفل لوشاتو بوو، رەمزی کلارک وەک پەیامنێرێک، کە دواتر کرا بە وەزیری گەنجینەى ئەمریکا ٢ پرسیاری لە خومەینى پرسیبوو. وتبووی، کاتێک گەڕایەتەوە بۆ ئێران چ هەڵوێستێکت لەبەرامبەر چەپ و دیموکراتەکاندا دەبێت؟ وتبووی، هەمویان سەرکوت دەکەم و دەیانکوژم. ئەوێ ئێرانە و لە ئێراندا شوێنى چەپ و دیموکرات نابێتەوە. پرسیارەکەى تری لەبارەى نەوتەوە بوو وتبووی، نەوت چی لێدەکەیت؟ وتبووی، ئێوە خۆتان نرخەکەى دیاری بکەن. بە وەڵامى ئەم دوو پرسیارە ئەمریکا و ئەوروپا گەیشتنە ئەو بڕوایە، کە ئێران هەر خۆیان دەبێت. لە کاتێکدا چەپ و دیموکراتەکان نەتوانن لە حکومەتدا بن و نرخی نەوت لەلایەن خۆیانەوە دیاری بکرێت، کەوابوو سوودی ئەو حکومەتە سەد هێندەى سوودی حکومەتەکەى شا دەبێت بۆیان. لەگەڵ هاتنە سەر کاری حکومەتدا، دەستیکرد بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانى دراوسێ و وتى، دەست بە هەناردەکردنى شۆڕش بۆ ئەو وڵاتانە دەکات. ئەو هەڕەشانە بوونە هۆی ئەوە ئەو وڵاتانە چەک لە ئەمریکا و ئەوروپا بکڕن. سەد هێندەى ئەو پارەیە کە تاوەکو دوێنێ رەزا شا چەکی لێ کڕیبوون و عەمبارەکانی لێ پڕکردبوو، پارە چووەتە گیرفانی ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپی. لە شەڕی ئێران و عێراقیداش هەر دوو دەوڵەتەکە بە ئاشکر و نهێنی چەکیان لەو دەوڵەتانە دەکڕی. جگە لە سەرمایەى مرۆیى کە نزیکەى ٢ ملیۆن کەس کوژران، چەندین شارۆچکە و گوند خاپوور کران و بازاڕێکى گەرم بۆ ئەو دەوڵەتانە دروست بوو.

ئێران سوودی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا هەبووە و ئێستا دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن

 بەوەشەوە تا ئەو کاتەى ئێران لە خۆی بایى بوو و سەری بە ئاخوڕی یەکێتیى سۆڤیەتدا نەکرد، سەد هێندەى شا سوود و قازانجی بۆ ئەو وڵاتانە هەبوو. هەم لە شەڕانگێزی و هەم لە سەرکەوتی هێزە دیموکراتیک و چەپەکاندا. لەو کاتەدا تەنانەت یەک رۆژنامە نە لە ئەوروپای رۆژئاوا و نە لە ئەوروپای رۆژهەڵات لەبارەى ئەو رووداوانەوە هیچیان بڵاونەکردەوە. لەبارەى هیچ یەک لەو سەرکوتانەوە، بە تایبەتى سەرکوتى گەلی کورد لە هیچ کوێ دەنگی نەدایەوە، چونکە بیریان لەوە دەکردەوە کە بەرنامەکەیان بە باشی جێبەجێ دەبێت. ئەوان بازاڕی چەک، بازرگانییان دەویست، کە تاوەکو ئێستاش درێژەى هەیە. لەو کاتەدا ئێران پەرەى بە بەرنامەى مووشەکی و ئەتۆمیی دا و لەگەڵ رووسیا کەوتە مامەڵە ئیدی وڵاتانى رۆژئاوایى هەستیان کرد بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسیدایە و خەریکە سەرمایەکە بەرەو لایەکى تر دەچێت. لە ئەنجامدا لە بەرامبەری راوەستان و پلانیان بۆ ئەوە دانا کۆنترۆڵی بکەن. بەو شێوەیە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریى ئۆبامادا نەیانتوانی ئێران کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بینیان ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەى پەرە پێداوە  و دەیان بنکەی نهێنیی لە ژێر زەویدا دروستکردووە. ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا ئەوە دەزانن. سەرباری ئەوەش دونیاى رۆژئاوا بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوون. ئەمریکا لەلایەک و ئەوروپا لەلایەکى تری جەمسەرەکەدایە. ئەمریکا بەرژەوەندییەکانى خۆی لە مەترسیدا دەبینێت و لەلایەکى دیکەوە وڵاتانى ئەوروپی بەردەوامن لە کاری بازرگانیى خۆیان. سزاکانى ئەمریکا لەبەر خاتری گەلی ئێران نییە، بەڵکو لە ئەنجامی هەڕەشەى ئێران بۆ سەر هاوپەیمانەکانى ئەمریکا بە تایبەتى ئیسرائیلە. بەهێزبوونی ئێران بە هەڕەشەیەکى گەورە لە دژی هاوپەیمانەکانى ئەمریکا دەزانرێت. هەروەها ئێرانیش چەندینجار رایگەیاندووە، ئیسرائیل دەخاتە بەحرەوە و  لە ناوی دەبات.

ئێران گەمارۆ و سزا دراوە و لە زیاندایە

دووەم: ئێستا سزای قورس بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، بەڵام بە ناو و بە ئاڵاى وڵاتانى وەک عێراق نەوتى خۆی هەناردە دەکات، گەرچی یەک لەسەر سێى نەوتەکەى هەناردە دەکات، بەڵام سەرباری ئەوەش بەردەوامە لە بازرگانیکرد ن بە نەوتەکەیەوە. بەڵام دۆخی گەلی ئێران زۆر زۆر خراپە. بەهای ریال سەدا ٧٠ دابەزیوە. لەمدواییانەدا ٤ سفریان لە دراوی ئێران کەمکردووەتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش بەهای کاڵاکان چەندین هێندەی پێشتر زیادیان کردووە. کارگەکان پێشتر سەدا ٢٠ سوودیان دەست دەکەوت، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەى چەندین هێندەى بەهای مەوادی خاو، ئێستا سەدا ٢٠ زیان دەکەن.

"ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەراورد بە سەردەمی شا بەهێز نین"

سێیەم: ئۆپۆزسیۆنى ئێران بە بەراورد بە سەردەمی شا بەهێز نین. خەڵێک لە ناوەوەن بەسەر دوو دەستەدا دابەش بوون. دەستەیەکیان سەر بە بەسیج، سوپای پاسدارن و دامودەزگا و فەرمانگەکان و... هتدن. دەستەیەکى تریشیان هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نییە و بێدەسەڵاتن. لەسێدارەدان هەیە و توندوتیژیی زۆر هەیە، کوشت و کوشتار هەیە و گەل بەهۆی ترس لە سەرکوت و رژانى خوێن و گۆمی خوێن لە شەقامەکاندا توانای ئەنجامدانى خۆپیشاندانى نییە. ناشتوانن بژێویى ماڵ و منداڵەکانیان دابین بکەن. ئێستا ئێران لە دەست سوپای پاسداراندایە. وا نیشانى دەدەن، کە حکومەت لە دەستى خامنەئیدایە، بەڵام ئەوان لە پشت پەردەوە پێى دەڵێن، کە چی بکات و چی بڵێت. ناوی سوپای پاسداران خراوەتە لیستی تیرۆر و هەر چۆنێک ئەنجامەکەى شکستێتى. ئەگەر دەست بە جەنگ بکات شکست دەهێنێت. ئەگەریش جەنگ نەکات بەهۆی سزاکانەوە دەڕوخێت. لە کاتێکدا رێکخراوێک بخرێتە لیستی تیرۆرەوە هەموو بەشە پەیوەندیدارەکانی وەک تیرۆریزم پێناسە دەکرێن. لەبەر ئەوەش سوپای پاسدارن خوازیاری جەنگە لەگەڵ ئەمریکادایە، بەڵکو بە خەیاڵی خۆیان بەهۆی موشەکەکانیانەوە تاوەکو بتوانێت ناچاری بکات بە قبوڵکردنى داواکانی. بەڵام ئەو شەڕە زیانێکى زۆر بە گەل دەگەیەنێت و سوپای پاسداران سەرکەوتوی شەڕەکە نابێت. ئێران لە ئەگەری گفتوگۆدا دەبێت دەستبەرداری پشتیوانیکردنی لە گروپە چەکدارەکانى وڵاتانى ناوچەکە و لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن و... ببێت و بەوەش پەل و پۆی ئێران دەبڕدرێت و ئێران دەبێت بە وڵاتێکى بێ دەسەڵات و دواى چەند مانگ ناتوانێت تەنانەت مووچەی کارمەندان و سەربازەکانى بدات. هەر چەند بە ترامپ دەڵێن، بەبێ مەرج دانوستان دەکەن، بەڵام وا نییە و هەموو ئەوانەیان لە دانوستانەکاندا پێ دەوترێت. سەرباری ئەوەى ئەمریکا رایگەیاندووە، خوازیاری ئەنجامدانى دانوستانە بەبێ هیچ پیشمەرجێک، بەڵام لەکاتى دانوستاندا یەکێک لە بابەتەکانى گفتوگۆکان کۆتایهێنان بە پشتیوانکردن لە تیرۆریزم دەبێت. چەند رۆژ لەوە پێش (ساڵی رابردوو) محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیان خستە لیستى سزاکانەوە. کەسی دیپلۆمات وەک باڵندەى نامەبەری وڵاتێکە، بەڵام کاتێک ئەو سزا و  گەمارۆ دەدرێت ئیدی پەیوەندیى ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهان دەپچڕێت. ئەمریکا لە ئێستادا هیچ پێویستى بە جەنگ و بۆردومان و... نییە. دەستی خۆی خستووەتە سەر بینەقاقای رژێمى ئێران و یان ئەوەتا ئێران چۆک دادەدات و خۆی بەدەستەوە دەدات، یان رژێم لە ناو دەچێت.

ئەم حکومەتە تاوەکو سەر ئێسک پڕە لە داگیرکەری، کوشتار، کوشتن، سوکایەتی و گوشار و سوکایەتیکردن بە خەڵک

بەڵام دەبێت گۆڕانکاری لە ئێران ئەنجام بدرێت، یان ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێز بوونی هەبێت تاوەکو کاتێک گرژی لە نێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر بوو، توانای کۆنترۆڵکردنى دۆخەکەى هەبێت. یان ئەوەتا ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆدا خۆپیشاندانی سەرتاسەری و ملیۆنی رێکبخات، کە حکومەت تواناى کۆنترۆڵکردنى نەبێت. ئومێدم ئەوەیە گەل لەو دۆخەدا خۆی راپەڕێت و گۆڕانکاری دروست بکات نەک لە رێگەى جەنگەوە. جەنگ جگەلە وێرانی و کوشتار هیچی تری لێناکەوێتەوە. هەروەها ژێرخانی ئابووریی وڵات تێکدەشکێت و لەوکاتەدا حکومەتى داهاتوو دووچاری کێشە دەکاتەوە. جەنگی ئەمریکا لە رێگەى سەربازییەوە نابێت، بەڵکو لە رێگەى ئیلکترۆنیکەوە دەبێت. لە رێگەى مووشەک و فڕۆکەوە وڵاتەکە دەکەنە ئامانج بەوەش میللەتێک و خەڵکانێک تیادا دەچن. ئومێدەوارم گەل خۆی چارەنووسی خۆیان، خۆیان لە ناوەوە دیاری بکات. یان گۆڕانکارییەک لە حکومەت دا دروست بکەن، یان ئەو حکومەتە لاببەن و حکومەتێکى تری لە جێگەى دروست بکەن. چونکە ئەم حکومەتە تاوەکو سەر ئێسک پڕە لە داگیرکەری، کوشتار، کوشتن، سوکایەتی و گوشار و سوکایەتیکردن بە خەڵک. هەموو سەرمایەى ئەو خەڵکە دەدرێت بە حیزبوڵا و یەمەن و سوریا و خەڵکیش لە هەژار و نەهامەتیدایە و هەموو پرۆژەکان راوەتسان. ئەوە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، بەڵام ئایا دونیا ئۆپۆزسیۆنێکى یەکگرتوو لە دەرەوە دروست دەکات؟ تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەوکارە هەڵنەنراوە، چونکە ئۆپۆزسیۆن پرژوبڵاوە و هەر یەکەوە شتێک دەڵێت و شتێکى دەوێت. بابەتێکى تر، کە رژێم گەل و ئۆپۆزسیۆنى پێدەترسێنێت ئەوەیە، کە دەڵێت، لە ئەگەری رووخان و لەناوچوونی رژێم، وڵاتى ئێران پارچە پارچە دەبێت. بەڵام ئەگەر حکومەتێکى دیموکراتیک دروست بکرێت و مافی هەموو گەلان و ئایینەکان قبوڵ بکات، گەل ئەو کارە ناکات. جیا ئەبێتەوە ئەڵێ چی. کاتێک مافەکانى هەموو گەلان یەکسان بێت و مافی چارەی خۆنوسییان هەبێت، هیچ پێویست بە پارچەکردنى وڵاتەکە نابێت. گەل بۆ دیاریکردنى چارەنووسی خۆی و سەربەستی داواى پارچەکردن دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو مافانە هەبێت خەڵک لە وڵاتێکى گەورەدا سەربەست بێت جیابوونەوەى ناوێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتێکى گەورەدا سەربەخۆی بن، بەرژەوەندیی زۆرتریان دەبێت. بەڵام رژێمی ئێران بە ئەنقەست ئەو پڕوپاگەندە ژەهراوییانە بۆ پێشگرتن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بڵاودەکاتەوە. هەر چۆنێک بێت ئەم حکومەتە وەک پێشتر نابێت، یان دەڕوخێت یان چۆک دادەدات و خۆی بە دەستەوە دەدات بە وڵاتانى رۆژئاوا.

ژ.ت