دایکانی لەچک سپی لەناو پەرلەمانی تورکیا دانیشتن

دایکانی گیراوانی سیاسی کە ڕۆڵەکانیان دژی گۆشەگیری سەرڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانیان لەخواردن گرتووە، بۆ ئەوەی چاویان بە وەزیری دادی تورکیا بکەوێت، لە پەرلەمان چالاکی دانیشتنیان دەستپێکرد.

دایکانی لەچک سپیی گیراوانی سیاسی بەئامانجی ئەوەی کە چاویان بەوەزیری داد بکەوێت لە مەجلیسی تورکیا چالاکی دانیشتنیان دەستپێکرد. چالاکییەکە دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی هەدەپە دەستیپێکرد، لە شارەکانی ئامەد، وان ، مێردین دایکان بەشدارئ چالاکییەکەبوون.

لەسەرناوی دایکان نەزاحەت تەکۆ وتی، ئەوان داوایان کردووە کە چاویان بە وەزیر بکەوێت و چاوەڕێی وڵامن.

نەزاحەت تەکۆ وتی، " تا گۆشەگیری لە ئیمرالی نەشکێت ڕۆڵەکانمان دەست لە چالاکییەکەیان هەڵناگرن، ٣٠ کەسیان دەستیان بە مانگرتنی تا مردن کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر خولەکێک هەواڵی مردن بێت، تاکوو ئیستا ٨ کەس ژیانی خۆیان لەدەستداوە،  ئێمە لە بەرامبەر مردنی ڕۆڵەکانمان بێدەنگ نابین و تا داواکارییەکەمان پێکنەیەت لێرە دەبین.

تەکۆ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: " ئێمە دایکین ، ئێمە بۆ منداڵەکانی خۆمان لێرەین. هەتاکوو داواکارییەکەی ئێمە جێبەجێ نەکرێت ، ئێرە چۆڵ ناکەین. ئێمە داواکاری خۆمان ڕاگەیاندووە. ئەگەر وەزیری داد بەڵێن بدات کە بیبینین، ٣کەسمان دەچێنە لای وەزیر. ئەگەر چاوپێکەوتنەکە ڕەت بکاتەوە ،ئەوا لێرە دەمێنینەوە. ئیتر بەسە . کچێکی من لەدژی گۆشەگیری ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا، ئیتر نام هەوێت کوڕەکەشم لە دەستم بچێت. ئەوە مافی ڕەوای منو هەموو دایکانە."

ک-ش