دایکانی شەممە لە چارەنووسی مۆرسومبول-یان پرسی

دایکانی شەممە، بۆ جاری ٧٥٧ کۆبوونەوە، لە چارەنووسی حسێن مۆرسومبول-یان پرسی کە ١٨ی ئەیلولی ١٩٨٠/ ٢٧ی خەرمانان بێسەروشوێن کرابوو.

دایکانی شەممە بۆ ئەوەی چارەنووسی خزمەکانیان ببپرسن، بۆ جاری ٧٥٧ لە گۆڕەپانی گالاتاسارای کۆ بوونەوە. وێڕای ڕێگریکردنی پۆلیسیش لەگەڵ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان، لەبەردەم هۆبەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) ی ئەستەنبۆڵ کۆ بوونەوە، لە کاتی چالاکییەکەدا عومەر ئۆجالان، ئویا ئەرسۆی، ئەحمەد شک، چەند پەرلەمانتارێکی هەدەپە و لایەنە سیاسییەکان و دامەزاروە دیموکراتییەکان لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکە ئامادە بوون.

ئەم هەفتەیە، بەسنا تۆسون، کچی فەهمی تۆسون قسەی کرد، باسی لەوە کرد کە باوکی دەستگیر کراوە، یەکسەریش بێسەروشوێن کراوە. تۆسون وتی: "ئەگەر دادوەری و یاسای و ئیدارەی دادگا نەبێت، لێرە دەوڵەتی یاسا نییە. ئەگەر 'دادمەندیی بناغەی دەوڵەت' و دیوارەکانی دادگاکان بێت، بناغەی دەوڵەتی تورک ڕزیووە."

تۆسون لە چارەنووسی حسێن مۆرسومبول-ی پرسی کە ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لە چەولک، کاتێک خوێندکاری دواناوەندی بوو، لە کاتی دەستگیرکردنی بێسەروشوێن کراوە. دوای کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلول، ١٨ی ئەیلولی ١٩٨٠، پۆلیس و سەرباز لە چەولک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مۆرسومبول، حسێن کە خوێندکاری دواناوەندی بوو دەستگیر کرا و بنەماڵەکەی ئیتر کوڕەکەیان نەبینییەوە.

تۆسون وتیشی، "باوکی حسێن، کەناوی حەنەفی مۆرسومبول ئەشکەنجەی زۆر درا. فاتمە و حەنەفی مۆرسومبول چوونە دادگای سەربازی و سکاڵایان کرد، بەڵام بەرپرسە سەربازییەکان هیچ شتێکیان لەبارەی حسێنەوە پێ نەوتن."

تۆسوون وتی، پارێزەرانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) ساڵی ٢٠١١ وەکو گلەیی لە داواکاری گشتی کۆمار لە چەولک لێپرسینەوەیان دەستپێکرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر بەسەر ڕووداوەکە تێپەڕیوە، بڕیاری ئەوە درا کە "پێویست بە بەداواداچوون ناکات"، لە ساڵی ٢٠١٥ تانە لەو بڕیارە درا، بەڵام هێشتا بێ ئەنجامە.

تۆسون ڕایگەیاند، لەبارەی بێسەروشوێنبوونی حسێن مۆرسومبول، فەرمانداری فەوجی جەندرمەی ناوەندی شاری چەولک دورموش چۆکشون کڤراک، فەرماندەی دەروبەری شاری چەولک، بەشیر ئاکن و هەموو کارەکتەرەکانی کودەتای ١٢ی ئەیلول بەرپرسن.

ک-ش