رێکخراوەکانى ژنان لە دۆرتموند بۆ رێزگرتن لە 'چەندی' کۆبوونەوە

ئۆنالیا چەندی ژنە کوردی باشووری کوردستان لە ٢٥ی شوبات لە شاری دۆرتموند لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، رێکخراوەکانى ژنان بۆ ئیدانەکردنى کوشتنى ژنان و رێزگرتن لە چەندی رێپێوانێک و گردبوونەوەیەکیان رێکخست.

ئۆنالیا چەندی لە ماڵەکەى خۆیدا و بە بەرچاوی منداڵەکانیەوە بەشێوەیەکى دڕندانە کوژرا.

رێکخراوەکانى ژنان بۆ یادی چەندی و ئیدانەکردنى کوشتنى ژنان چالاکییەکیان ئەنجامدا.

چالاکییەکە دوێنێ شەممە دواى نیوەڕۆ ئەنجامدرا و ژنانى کورد، ئەڵمان و رێکخراو و کۆمەڵەکانى ژنان لە گەلانى جیاجاوە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

بزووتنەوەى ژنانی گەنج و خوێندکارانى ژنانی کوردستان لە چوارچێوەى هەڵمەتى "رێگا مەدە" و بە دروشمی "رێگا بە کوشتنى ژنان مەدە" بەشداری چالاکییەکە بوون.

ژنان لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "لە دژی کوشتنى ژنان، پێکەوەین"، "نابێت ئیدی یەکێکی ترمان لێ کەم بکەنەوە"، "ژن، ژیان، ئازادی" وترانەوە و لە بەردەم ماڵی ئۆنالیا چەندی گردبوونەوەکە بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەکەدا سارین حامید خوشکەزای چەندی وتەیەکى پێشکەشکرد و باسی لە ئازارەکانی خۆی بەهۆی کوشتنى پوریەوە کرد. چەندی کوشتنى ژنانی بە "کۆمەڵکوژکردن و قڕکردنی ژنان" ناوبرد و ئەوەى بەبیرهێنایەوە، کە ژنانى ئێزدی بە درێژایى مێژوو زۆر جار تراژیدیای قورسیان بەسەردا هاتووە.

لە راگەیاندراوی هاوبەشی رێکخراوەکانى ژناندا هاتووە، رووداوەکانى کوشتنى ژنان وەک پلانى بەرنامە بۆ دانراو رووی لە زیادبوون کردووە و ئەوەش پەیوەندیى بە نزیکایەتیى دەوڵەتەکانەوە هەیە، کە رەوایى بە کوشتنى ژنان دەدەن.

راگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن، بنەماڵەی چەندی، چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانی ئێزدی، یەکێتیى ژنانى کورد لە ئەوروپا، ئوتامارا، نووسینگەى ئاشتیى ژنانى کورد، دەستپێشخەریی فمینیست لە دۆرتموند، یەکێتیى ژنانى پەنابەر، دەستەى ژنانى دۆرتموند و ژنانی ئەفریقاوە واژۆکرابوو. هەروەها ژمارەیەکى زۆر لە سیاسەتمەداران پشتیوانیان لە چالاکییەکە کرد.

ژ.ت