شەنگال:پێویستە ژنان هەموو مەیدانەکانی ژیان بکەنە گۆڕەپانی تێکۆشان

یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی داوا لە هەموو ژنان دەکات لە دژی توندوتیژی سەر ژنان، تێکۆشانی خۆیان پەرەپێبدەن و هەموو مەیدانەکانی ژیان بکەنە مەیدانی تێکۆشان.

ئەمڕۆ بەبۆنەی ٢٥ نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ژنان لە مێژەوە تا ئەمڕۆ بەرخۆدانیان کردووە و بەردەوامیی پێدەدەن و بە تایبەتی ژنانی گەنج پێشەنگایەتی بۆ دەکەن و لە بەرامبەر هەموو هێرشێک کە دەکرێتە سەر بەهاکانی کۆمەڵگا، پاراستنی خۆیان بەهیز دەکەن، ژنانی گەنجی ئێزدیش ئەمڕۆ لە هەر گۆڕەپانێک خاوەن هەڵویست، ئیرادە و هێزن، بۆیە زیهنییەتی دەسەڵاتداری پیاو دەترسێت و هێرش دەکاتە سەر ژنان، بینیمان کە چۆن لە فەرمانەکەی ٢٠١٤ـدا داعش، ژنانی گەنجیان کردە ئامانجی هێرشەکان، ڕفاندیانن و لە بازاڕەکان فرۆشتیان، ئەمە نیشان دەدات کە ترسی گەورەیان ژنانی گەنجە.

لە بەردەوامی هاتووە: ئەو هێرشانە لەسەر ژنان ساڵانێکە بەردەوامە، بە تایبەت ئەمڕۆش لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان-دا دیسان ژنانی گەنجیان کردە ئامانج، شەهید هەڤرین خەڵەف یەکێک لەو ژنانە بوو، توندوتیژی لەسەر ژنان لە هەموو ماڵێکدا کە بە زیهنییەتی پیاو سالاری بەڕێوەدەبرێت، بەردەوام دەکات، هەزاران ژن بەهۆی توندوتیژی لەناو ماڵەکان خۆیان دەکوژن، ئەوانەی دژی ژنان توندوتیژی بەکار دێنن، سزا نادرێن، پێویستە هەموو ژنان لە سەرەتدا انانی گەنج  دژی توندوتیژی و هێرشەکان سەرهەڵبدەن و هەستنە سەرپێ.

لە کۆتاییشدا هاتووە: وەک یەکێتی ژنانی گەنجی ئێزدی بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، داوا لە هەموو ژنان لە سەرویانەوە ژنانی گەنجی ئێزدی دەکەین کە لە بەرامبەر هێرش و توندوتیژییەکانی سەر ژنان تێکۆشانی خۆیان بەرز بکەنەوە و هەموو مەیدانەکانی ژیان بکەنە مەیدانی تێکۆشان.