شەن: دەبێت ژنان چالاکانەتر بەشدارى سیاسەت ببن

پارێزەر دیرەن جەڤاهیر شەن پاڵێوراى هەدەپە لە کرکلار بۆ ژنان رایگەیاند، بۆ ئەوەى ژنان لە تورکیا زیاتر بەشدارى سیاسەت بن، بووە بە پاڵێوراى هەدەپەی حیزبى ژنان.

پارێزەرى فمێنیست دیرەن جەڤاهیر شەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى کوشتنى ژنان، کە لەم چەند ساڵەى رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە، بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ لە ناوچەى کرکلار بووە بە پاڵێوراوى هەدەپە. شەن چەندین ساڵە لە دژى کۆمەڵکوژی، توندوتیژى و هێرش لە دژى ژنان راوێژ و هاوکاریى یاسایى پێشکەشى ژنان دەکات، ئەمجارە دەیەوێت لە پەرلەمان بەرگری لە مافەکانى ژنان بکات و بۆ ئەوەش بووەتە پاڵێوراوى هەدەپە.

شەن بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند، هەدەپە حیزبى ژنانە و وتى "ئەگەر ژنان زیاتر بەشدارى سیاسەت ببن، ئەوا باڵادەستیى پیاوان دەبێتە بابەتى گفتوگۆکان و ئەو باڵادەستییە بەرەو لاوازى دەڕوات".

شەن راشیگەیاند، هەدەپە بۆ حیزبەکانى تر بووەتە نمونە، چونک ژن و پیاویشى بەشدارى سیاسەتکردووە و وتیشى "هەموو رۆژێک بەلانیکەمەوە ٣ ژن دەکوژرێن. لەبەر توندوتیژیى پیاو ژنان لە ژێر گڵدا دەشاردرێنەوە. شەڕ و سیاسەتى حکومەت زۆرترین زیان و کاریگەریى خراپى لەسەر ژنان هەبووە. هەم بەهۆى پیاو و هەم بەهۆى سیاسەتى حکومەتەوە، ژنان دەکوژرێن، بەڵام هەدەپە بەرنامە و پەیڕەوى هەڵبژاردنى ژنانى ئاشکراکرد و ئیرادەى خۆى لە دژى توندوتیژیى پیاوان بەرامبەر بە ژنان خستەڕوو و رایگەیاند، لە دژى ئەو توندوتیژییە تێدەکۆشێت. لەبەر ئەوەش ئێمە وتمان، دەتوانین بە ژنان بیگۆڕین".

شەن باسى ئەوەشیکرد، سێ جار بووە بە پاڵێوراو هەدەپە، بەڵام بەهۆى بڵاوکردنەوەى هەواڵى درۆ و ساختەى میدیاى حکومەت و تورکیا، گەل لەو شوێنەى ئەوی لێ بووەتە پاڵێوراو، هەندێک بە بڕیارى پێشوەختە لە هەدەپە نزیک دەبنەوە، بەڵام هاوکات سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى سەرۆک کۆمارییان خۆش دەوێت.

دیرەن جەڤاهیر شەن ئەوەشى وت "من لە بنەماڵەیەکى سۆسیالیستدا گەورە بووم و بۆ خۆشم سۆسیالیستم. ژیانى ئێمە هەموو کات بە رێکخستنکراو بووە. کچى دایک و باوکێکم، کە دامەزرێنەرى سەندیکان. یانى هەمووکات سیاسەت لە ماڵی ئێمەدا بوونى هەبووە. من هەموو کات خواستومە شتێک بگۆڕم و ژیانى جوانتر بکەم. بۆ ئەوەى ژنان بە شێوەیەکى کاراتر بەشدارى سیاسەت ببن بوومە پاڵێوراو".

ر.م