كه‌ژه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پیلانگێڕی داوای به‌رخۆدان ده‌كات

ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ژه‌كه‌ دیلان سپێرتی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یه‌كه‌می هه‌ڵسه‌نگاند و گوتی، «پێویسته به‌‌ گیانی ساڵی ١٩٩٩ گه‌ل بڕژێته‌ مه‌یدانه‌كان و هه‌موو ڕێیه‌كی تێكۆشان بگیرێته‌به‌ر.»

ده‌رباره‌ی بیسته‌مین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، دیلان سپێرتی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵانی ژنانی كوردستان (كه‌ژه‌كه‌) بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوا. سپێرتی گوتی، «له‌ به‌رانبه‌ر پیلانگێڕی، به‌ گیانی زیلان، سه‌ما، چیچه‌ك و ده‌لال-ه‌كان تێده‌كۆشین.»

دیلان سپێرتی له‌ به‌رانبه‌ر پیلانگێڕیی دژ به‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ئیدانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، ئیسرائیل و هه‌موو هێزه‌ پیلانگێڕه‌كانی كرد  و گوتی: «به‌م پیلانگێڕییه‌ ویستیان ئێمه‌ بێده‌نگ بكه‌ن، به‌ڵام پێویسته‌ بزانن ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌نێو چوار دیواریشدا بێت، بۆ ئێمه‌ فكر و فه‌لسه‌فه‌یه‌. ئێمه‌ هه‌رگیز ڕێ به‌ ژیانێكی بێ ڕێبه‌ر ئاپۆ ناده‌ین.»

سپێرتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، پیلانگێڕییه‌كه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٦ ده‌ستی پێكردووه‌ و یه‌كه‌مین وه‌ڵامیش بۆ پیلانگێڕییه‌كه‌ هه‌ڤاڵ زیلان له‌ ٣٠ی حوزه‌یرانی ١٩٩٦ داویه‌تییه‌وه‌. ناوبراو ده‌ستنیشانیشی كرد، «چالاكییه‌كه‌ی ئه‌و هۆشداری بوو. ئێمه‌ به‌ گیانی زیلان، سه‌ما، چیچه‌ك و ده‌لاله‌كان تێده‌كۆشین. له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ ئێمه‌ی لێ ده‌ژین، له‌ گوند و شاره‌كان، له‌ ناوه‌نده‌ گه‌وره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات پیلانگێڕییه‌كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌.»

دیلان سپێرتی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ژه‌كه له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا‌ گوتی: «ئه‌ردۆغان به‌رپرسی داعشه‌ و پێویسته‌ هه‌موو كه‌س له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ودا تێبكۆشێت. ئه‌ردۆغان نه‌ك ته‌نیا له‌ دژی گه‌لان، به‌ڵكو له‌ دژی سرووشت و ئاژه‌ڵانیش شه‌ڕ ده‌كات. به‌ڵام ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ته‌كنیكی ئه‌ودا سه‌رمان دانانه‌وێنین. به‌ ئیراده‌ی ئاپۆیی و فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالان ئه‌و‌ ته‌كنیكه‌ پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌.»

سپێرتی بانگی لاوان و ژنانی كرد بۆ گه‌شكردنی تێكۆشان و گوتی: «پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ گیانی ساڵی ١٩٩٩ بڕژێته‌ مه‌یدانه‌كان و هه‌موو ڕێگه‌كانی تێكۆشان بگرنه‌به‌ر. باوه‌ڕم وایه‌ ساڵی ٢٠١٩ ده‌بێته‌ ساڵی ئازادیی ڕێبه‌ر ئاپۆ، زیندانییانی سیاسی و گه‌لان.»

s.m