لە بایبورت فشار دەخەنە سەر ژنانی زیندانیی

لە زیندانی جۆری ئێم لە بایبورت، زیندانیانی ژن، بەهۆی ئەوەی کرداری نایاسایی قەبوڵ ناکەن، ماوەی ٥ مانگە ڕێگەیان پێنادرێت دیدار ئەنجام بدەن. سزای ژووری تاکەکەسیش بەسەر ژنانی زیندانیدا دەسەپێنن.

پارێزەرانی ئەو ژنە زیندانیانە رایانگەیاند، لەکاتی دیداری ژنانی زیندانی لەگەڵ ئەواندا یان لەگەڵ خێزانەکانیاندا، زیندانیانی ژن ناچارکرابوون کە پێڵاوەکانیان دابکەنن و ڕێگە بە پاسەوان و بەرپرسانی زیندانەکە بدەن کە تەماشای قاچ و قولیان بکەن و فشاریان دەخرێتە سەر، ژنانی زیندانیش ئەوەیان قەبوڵ نەکردووە، بەو هۆیەشەوە ماوەی ٥ مانگە ڕێگە بە ژنانی زیندانیی نادرێت کە دیدار ئەنجام بدەن.

سزای ژووری تاکەکەسیی

پارێزەرانی ژنانی زیندانیی ئەو زیندانە وتیشیان "هەموو ڕۆژێک زیندانیانی ژن ناچار دەکەن کە رێز ببەستن و لەسەر پێ ژمارە و بوونی خۆیان بە بەرپرسان و پاسەوانەکان رابگەیەنن، ئەوەش کاردانەوەى ژنانى زیندانیى لێکەوتووەتەوە وهەر ژنە زیندانییەک ئەوە قبول نەکات بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەخرێنە ژووری تاکەکەسییەوە". 

ئەوەشیان وت "بە گشتی بۆ هەر هەڤاڵێکی ژن ماوەی ١٠ ڕۆژ سزای ژووری تاکەکەسی بڕاوەتەوە. ئەگەر دوێنێ سەردانیکەرانی زیندان زۆر نەبوونایە، بەردەوامیان بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەدا. بەڵام بنەماڵەکانیان بەرخۆدانیان کرد و وتیان 'هەتا ئێمە یەکتر نەبینین لێرە ناڕۆین'. پاش ئەو بەرخۆدان و پێداگیرییەی بنەماڵەکانیان، داوای دیداریان قەبوڵ کرا، بەڵام هەر نەیاتوانیبوو بە پێڵاوەوە بڕۆن بۆ دیدار لەگەڵ کەسوکارەکەیان و تەنها سەرپێیان لە پێ کردبوو".

ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوکات لەگەڵ ئەو فشارە زۆرانەش، بەشێکی زۆر لە زیندانی ژن ناچارن لەسەر زەوی بخەون. هۆکارەکەشى ئەوەیە، بەرپرسانى ئەو زیندانە یەکێک لە ژوورەکانى زیندانەکەیان بە زیندانییەکان چۆڵکردووە و کردوویانە بە ژوورى تاکەکەسی و لەبەر ئەوەش ژنانى ئەو ژوورە ناچارکراون بچنە ژوورەکانى تر و بەو هۆیەوە شوێنى خەوتنى ژنان لە ژوورەکاندا نەماوە، بۆیە بەشێکى زۆریان ناچارن بۆ یارمەتیدانى هاوڕێ زیندانیکراوەکانیان لەسەر زەوی بخەون.

زیندانیانی ژن: زۆرێک لە مافەکانمان پیشێل دەکرێن

زیندانیانی ژن ئەم پەیامەیان بۆ دەرەوەى زیندان ناردووە و لە پەیامەکەیاندا رایانگەیاندووە "دەبێت ڕای گشتیی دروست ببێت دژ بەم بارودۆخە خراپە، ئەگەر نا بارودۆخی خراپ وەک خۆی بەردەوامیی دەبێت. ئەگەر بارودۆخیش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئێمە چیتر دیدار ئەنجام نادەین. لێرە پیشێلکردنی قورس لە دژی مافەکانمان بوونی هەیە".

ر.م