لە سەردەمی کۆرۆنادا نایەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان زیاتر بووە

ژنان زۆرتر لە کەرتی تەندروستی و مارکێتەکاندا کار دەکەن و بەو هۆیەوە لەسەردەمی کۆرۆنادا باری سەرشانیان قورستربووە. ئەو ژنانەشی لە ماڵەوە دەمێننەوە بەهۆی کاری ماڵەوە ناتوانن کاری تر ئەنجام بدەن.

لە زۆرێک لە وڵاتاندا ژیانی کۆمەڵایەتی و کارکردن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە دۆخی ئاسایی دەرچووە. پەتاکەش زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژنان دروستکردووە. سەرباری ئەوەى رێژەیەکى زۆر لە ژنان لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن و بەو هۆیەوە بە زۆری ژنان لە کارەکانى بەرەنگاربوونەوە لە دژی پەتای کۆرۆنا لە کەرتی تەندروستیدا بەشدارن، بەڵام زۆرترین جیاکاریش بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

هاوکات زۆربەى کارمەندانی مارکێتەکان ژنانن. بەپێی ئامارەکان لە ئەڵمانیا بە رێژەى سەدا ٦٨ی کارمەندانی مارکێتەکان ژنانن. سەرباری ئەوەش ژنان مووچەى کەمتر لە پیاویان پێدەدرێت و لەگەڵ ئەوەشدا لە کاروبارەکانى ناو ماڵدا باری سەر شانی ژنان قورسترە لە پیاوان.

کۆمەڵناس و سەرۆکی ناوەندی زانیاریی کۆمەڵایەتى بەرلین خاتو یوتا ئالمێندینگەر رایگەیاند، لەم رۆژانەى سەردەمی کۆرۆناندا دۆخی ژنان زۆر خراپ بووە. ئالمێندینگەر راشیگەیاند "ئەو دۆخە کاریگەرییەکى خراپی لەسەر دۆخی سەربەخۆیی ئابووری ژنان دروست دەکات. لە سیستمی کاردا لە ماڵەوەش ژنان بە زۆری دەبنە قوربانی. لەبەر ئەوەى منداڵ زیاتر وابستەى دایکن باری قورستر دەکەوێتە سەر شانی ژنان، بۆیە ژنان ناتوانن بەپێی خواستی پیاوان لە ماڵەوە کار بکەن".

هاوکات مۆنیکا شنیتزەری پسپۆڕ لەوبارەیەوە رایگەیاند، یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا بەرەوە تێکچوون دەڕوات. راشیگەیاند "وەک ئەوەى لە ئەڵمانیا تەنها پیاوان بەرەنگاری لە دژی کۆرۆنا بکەن، تەنها پیاوە پسپۆڕەکانى بواری ڤایرۆس لێدوان دەدەن و لەو بارەیەوە قسە دەکەن. بەڕێوەبەرانی پەیمانگەی رۆپیرت کۆخ-یش پیاون و کەمتر لە بیری ژناندان و زۆر بە کەمی راوبۆچوونی ژنانیش وەردەگرن".

ژ.ت