لە مانگی شوباتدا ٢٢ ژن لە تورکیا کوژراون

کەجەدەپە ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتدا زیاتر لە ٢٢ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون.

پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕابگرین (کەجەدەپە) ئاماری مانگی شوباتی هێرش و کوشتنی ژنانی ئاشکرا کرد. بە پێی ئامارەکە لە مانگی شوباتدا ٢٢ ژن کوژراون و ١٢ ژن بە شێوەیەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. هێشتا دۆسیەی کوشتنی ١٥ ژن یەکلایینەکراوەتەوە.

لە لایەن کەسوکاریانەوە کوژراون

بە پێی ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە ٨ ژن لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە، ٥ ژن لە لایەن کەسوکاریانەوە، ٣ ژن لە لایەن ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیاندابوون، ٣ ژن لە لایەن کوڕەکانیانەوە، ژنێک لە لایەن باوکیەوە و ژنێکیش لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژراون.

١٣ ژن لە ماڵەوە، ٣ ژن لە کۆڵان، ژنێک لە هۆتێل، ژنێک لە چۆڵەوانی و ژنێکیش لە شوێنێکی دووردەست کوژراون. شوێنی کوشتنی ٣ ژنیش ئاشکرانەکراوە.

ف.ق