لە نورنبێرگ توندوتیژیی دژ بە ژنان ئیدانە کرا

لە شاری نورنبێرگی ئەڵمانیا توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان ئیدانە کرا.

کوردستانیان لەگەڵ دۆستە ئەڵمانییەکانیان لەسەر داوای ماڵی گەلی مەدیا لە هۆڵپلاتز لە شاری نۆرنبێرگ کۆبوونەوە و هێرش و توندوتیژیی سەر ژنانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا ئیدانە کرد.

لە چالاکییەکەدا چادرێک هەڵدرا و وێنەى ئەو ژنانەى پیادا هەڵواسرا، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژران و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

هەروها پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "پۆلیس و سەربازانی تورک دەستدرێژیکەرن" و "توندوتیژیی دژ بە ژنان سیاسەتە" هەڵدرابوو.

لە راگەیاندراوی چالاکییەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەپەپە خاوەنی عەقڵییەت و ئایدۆلۆژیای دوژمنکارانەیە بەرامبەر ژنان و ئاماژە بەوەشکراوە "رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەى دەستکەوتەکانی ژنان، کە بە تێکۆشان بە دەستیانهێناوە لە ناو ببات بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەرفراوان هێرش دەکاتە سەر ژنان و دەستکەوتەکانیان و مافەکانیان".

لە راگەیاندراوەکەدا داوا کرا لە دژی هەر شێوەیەک لە هێرشەکان بۆ سەر ژنان رێکخستنەکانی ژنان بەهێزتر بکرێن تاوەکو لەو رێگەیەوە رێگری لە هێرشەکان بکرێت.

ژ.ت