لە چەلێ و بارزان ١٠ سەربازی تورکیا کوژران

گەریلاکانى هەپەگە لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ و شاخی خودێ لە ناوچەى بارزان لە باشووری کوردستان گورزی قورسیان لە سوپاى داگیرکەرى تورکیا وەشاند. لەو چالاکییانەدا بەلانیکەمەوە ١٠ سەربازی سوپاى تورکیای داگیرکەر کوژراون.

بەپێى زانیارییە هەرێمییەکان، گەریلاکانى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) دوێنێ لە دژی بنکەى سەربازیى گەمان لە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ چالاکییەکى کاریگەریان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو چالاکییەدا ٨ سەربازی سوپاى تورکیاى داگیرکەر کوژران و زرێپۆشێکى جۆری کیرپیش لەلایەن هێزى گەریلاوە تێکشکێنراوە.

هەر دوێنێ گەریلاکانى هەپەگە لە شاخی خودێ لە ناوچەى بارزان لە باشووری کوردستان چالاکییان بە قەناس لە دژی هێزە داگیرکەرەکانى تورکیا لەو شاخەدا ئەنجامدا.

بە گوێرەى زانیاریى سەرچاوە هەرێمییەکان لەو چالاکییەدا ٢ سەربازی سوپاى تورکیای داگیرکەر کوژراون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە تاوەکوم ئێستا لەبارەى ئەو چالاکییانەوە راگەیاندراوی فەرمیى بڵاونەکردووەتەوە.

ر.م