هەدەپە تاکە حیزبە زۆرترین پاڵێوراوی ژنى لە ئاستى تورکیادا هەیە

دواى ئەوەى لیستى ناوى پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بڵاوکرایەوە، دەرکەوت هەدەپە ٢٢٦ پاڵێوراوى ژنى هەیە و لە ١٩ شاریشدا پاڵێوراوانى ژن لە ریزبەندى یەکەمدان.

دواى ئەوەى لیستى ناوى پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بڵاوکرایەوە، دەرکەوت هەدەپە ٢٢٦ پاڵێوراوى ژنى هەیە و لە ١٩ شاریشدا پاڵێوراوانى ژن لە ریزبەندى یەکەمدان.

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیرانی پێشوەختەدا / ٣ى پووشپەڕدا، تاکە حزبە لە سەرتاسەرى تورکیادا، کە ٢٢٦ پاڵێوراوى ژنی هەیە. لەگەڵ زۆریى ژمارەى پاڵێوراوان، لە ١٩ شاریشدا، ژنان لە ریزبەندى یەکەمی لیستەکەى هەدەپەدان.

لە ١٩ شاردا ژنان لە ریزبەندى یەکەمدان

ژنانی پاڵێوراوی هەدەپە لە ١٩ شاردا لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەیاندان و ئەو ژنە پاڵێوراوانە و شارەکان بریتین لە: تولای هاتیم ئۆغلولار (ئەدەنە)، نەڤین ئای تەکین (ئافۆین قەرەحەسار)، فیلیز کەرەستەچى ئۆغڵو (ئەنقەرەى بازنەى یەک)، نورای تورکمەن جانلی (ئەنقەرە بازنەى دوو)، نەسسیبە یۆیلەر (بالکیسیر)، فەلەکناس ئوجا (ئێلح - باتمان)، نازلی چۆبان (چانکری)، شەریفە یڵدرم (دەنیزلی)، پنار ئای تەکین ئۆزگیوچ (ئەرزینجان)، لەیلا گیوڤەن (جۆلەمێرگ)، فاتمە کورتولان (مێرسین)، پەروین بوڵدان (ئیستەنبول بازنەى یەک)، سەرپیل کەمال بای (ئیزمیر بازنەى یەک)، سوڵتان ئۆزجان (موغلا)، گوڵستان کلیچ کۆچ ییت (موش)، چیچەک ئارچ (ساکاریا)، مەدیحە ئۆیا یاگیچ (سەمسور)، مەراڵ دانش بەشتاش (سێرت)، عایشە گیول کافکاس (سنۆپ).

دەبێت ٣٥ پاڵێوراوى ژن هەڵبژێرین

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە ئەنجومەنى ژنانى هەدەپەوە دەستمان کەتوون، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنى تورکیا لەبارەى پاڵێوراوەکانەوە دوا بڕیارى خۆى نەداوە، لەبەر ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە ژمارە ٢٢٦ بگۆڕێت. بۆ ئەوەش ئەنجوومەنى ژنانى هەدەپە پلانیان ئەوەیە ژمارەی ژنە پاڵێوراوەکان (٢٢٦) زیاتر بکەن. چاوەڕێ دەکرێت کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بە هەندێک پاساوی وەک ئەوەى هێشتا دۆسیەکەیان یەکلایى نەبووەتەوە وهێشتا لە ژێر چاودێریى دادگادان، ناوى هەندێک لە پاڵێوراوان رەتبکاتەوە. لەلایەکى ترەوە ئەنجوومەنى ژنانی هەدەپە رایگەیاند، لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا چاوەڕێ ئەوەى دەکەن ٣٠ بۆ ٣٥ پەرلەمانتاری ژن رەوانەى پەرلەمان بکەن. چاوەڕوانکراویشە کە ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئەو ژمارەیە زیاترە لەوەى کە باس دەکرێت.

هەدەپە لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥ دا ٨٠ پەرلەمانتارى ناردبووە پەرلەمانى تورکیا کە ٣٢ پەرلەمانتاریان ژن بوون. لە هەلبژاردنى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا هەدەپە ٥٩ پەرلەمانتارى رەوانەى پەرلەمانى تورکیا کرد، کە ٢٣ پەرلەمانتاریان ژن بوون.

ئەو شوێنانەى کە هەدەپە زۆرترینى دەنگى تیایاندا هەیە، پاڵێوراوی ژن تیایاندا زیاترە

لە لایەکى ترەوە لیستی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی ٧ى حوزەیران و ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥ لەو شارانەدا کە زۆرترین دەنگى هێنا، زۆرترین پاڵێورا و پەرلەمانتارى ژنى هەبوو. بۆ هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥ لە ئامەد ١٠ پاڵێوراوی ژن، لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥شدا هەر لە ئامەد ٩ پاڵێوراوی ژنى هەبوو. یەکێک لە پاڵێوراوەکان دەرسیم داغ بوو، کە لە دایکبووی ١٩٩٦ بوو.

هەدەپە لە شاری ئێلح (باتمان) بۆ هەڵبژاردنی ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥، ٣ پەرلەمنتاری رەوانەى پەرلەمان کرد، کە ٥ پاڵێوراو ٣ پاڵێوراویان ژن بوون. ریزبەندی یەکەمی لیستەکەى هەدەپە لە ئێلح فەلەکناس ئۆجا بوو. لە مووش گوڵستان کلچ کۆچ ییت لە ریزبەندى یەکەمدا بوو. لە سیرت مەرال دانش بەشتاش لە ریزبەندی یەکەمدا بوو. لە جۆلەمێرگ لەیلا گیوڤەن لە ریزبەندی یەکەمی لیستەکەى هەدەپەدا بوو.

جگە لە ژنە پاڵێوراوەکانى ریزبەندی یەکەم، هەدەپە لە هەر دوو هەڵبژاردنی ٧ى حوزەیران و ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا لە شارەکانى ئاگری، ئێلح، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، مێردین، موش، سێرت، رحا، شرنەخ، دەرسیم و واندا، ٥٥ پەرلەمانتاری ژنى رەوانەى پەرلەمانى تورکیا کرد.

ر.م