٢ ژن بە ئاگر گیانیان لەدەست دا

لە شاره‌كانی هەڵەبجە و ڕانیه‌ ٢ ژن بەهۆی ئاگر گیانیان لەدەست دا و پۆلیسیش ڕایگه‌یاند، خۆیان سووتاندووە.

پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی دەروازەی شاری هەڵەبجەی باشووری كوردستان، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵان لە ماڵی خۆیان بە ئاگر سووتا و گیانی لەدەست دا.

بەرزان عوسمان، گوته‌بێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگه‌ی هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەو ژنە لە ماڵی خۆیان خۆی سووتاندووە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، به‌هۆی سەختی برینەکەی، گیانی لەدەست داوە. ناوبراو ڕاشیگەیاند: پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و لە لایەن بنکەی پۆلیسی هەڵەبجەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ده‌كرێت.

سەرلەبەیانیی دوێنێش ژنێکی تەمەن ٤۹ ساڵان بە ناوی «غ ، ل» لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی کێوەڕەشی شاری ڕانیە، بەهۆی ئاگرەوە گیانی لە دەستدا. پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: بە گوێرەی گوته‌ی کەسوکاری ژنه‌كه‌، ماوەیەکە ئەو ژنە نەخۆشی دەروونی هەیه‌ و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

s.m