«په‌روه‌رده‌، هۆکاری کەمیی بەشداریی ژنانی باشووره‌ لە بوارە جیاوازەکان»

ژنانی چالاكی شاری کەرکووک کەمی بەشداری ژنانی باشووری کوردستان له‌ كایه‌ جیاوازه‌كان دەگەڕێننەوە بۆ پەروەردەی  کۆمەڵگه‌ی باشوور.

ژنانی ڕۆشنبیر و چالاکانی بواری ژنان دەربارەی هۆکاری کەمی بەشداربوونی ژنانی باشووری كوردستان لە بوارەکانی سیاسی، ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگه‌، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

ڕووناك شوانی نووسەر و ئەندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە) ڕایگه‌یاند، «هۆکاری دیارنەبوونی ژنان لە کایەی ڕۆشنبیری و سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بروانەبوونی ژنان بە خودی خۆیان. چونکە ئەگەر ژنان باوه‌ڕیان بە خۆیان هەبێت ده‌توانن هەموو ئەو بەربەستانە بڕوخێنن کە لەبەردەمیانە و بێنە مەیدان.»

«ژنانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕۆڵیان زیاتره‌»

هەروەها گوتی، «بەداخەوە لەنێو حیزبه‌ سیاسییەکان ژنان تەنها وەکو دەموچاوێک بەکارهاتوون و ڕۆڵی خۆیان وەکو ژن ناگێڕن تا ببنە پێشەنگ بۆ ژنانی گەنجی نێو کۆمەڵگه‌.» ئه‌و نووسه‌ره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، «ئەگەر مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشە سیاسییەکانی باکووری و ڕۆژئاوای کوردستان بخوێنینەوە، دەبینین ژنان ڕۆڵێکی زۆریان هەبووه‌. پێویستە لە باشووریش بە هه‌مان شێوە ژنان بێنە مەیدان و پێشەنگایەتیی ژنانی باشووری کوردستان بکەن.»

دەربارەی کەمی ڕۆڵی ژنان لە بواری سیاسیدا ناوبراو گوتی، «حیزبه‌ سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە هیچ شێوەیەک ده‌رگه‌ ناکەنەوە بۆ ژنان تا کار بکەن و ڕۆڵ ببینن و له‌ كایه‌ سیاسییەکان بەشدار بن. بەداخەوە ژنان خۆیشیان ئەوەیان قبووڵ کردووە. ژن بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگه‌یە لە هەر ماڵێکدا. ژن ڕۆشنبیر نه‌بێت، ئەوا خێزان ڕۆشنبیر نابێت. بۆیە پەیامی من بۆ ژنان ئه‌وه‌یه‌، نەترسن و بێنه‌ مەیدان کار بکەن. بۆ ئازادیی خۆتان و خێزانەکانتان و کۆمەڵگه‌کەتان.»

«لاوازیی بەشداریی ژنان دەگرێتەوە بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردن لەم کۆمەڵگه‌یە»

پەخشان کاکەوەیس چالاكێكی دیكه‌ی بواری ژنانە و ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ گوتی، «بەشداریكردنی ژنان ئه‌مڕۆ زۆر گرنگە لە هەموو بوارەکانی وه‌كوو سیاسه‌ت، ڕۆشنبیری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. لاوازیی بەشداریی ژنان دەگه‌ڕێتەوە بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردن لەم کۆمەڵگه‌یە. بە جۆرێک ژنان فێركراون کە ژن کەمتر و لاوازترە لە پیاو ئەمەش هۆکاری ناهۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ لە ڕووی پەروەردەکردنەوە.»

«کەمی بەشداریی ژنان لە بواری سیاسەتدا به‌هۆی هەڵەی حیزبه‌كانه‌»

هەروەها پەخشان کاکەوەیس دەربارەی کەمی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا گوتی، «كۆمه‌ڵگه‌ بەبێ ژنان به‌ڕێوه‌ناچێت. چونکە ژن و پیاو تەواوکەری یەکترن. کەمیی بەشداریی ژنان لە بواری سیاسەتدا به‌هۆی هه‌ڵه‌ی حیزبه‌كانه‌ کە هەندێک جار كۆمه‌ڵێك ژن دێننە مەیدان کە ئەو توانایەیان نییه‌ و تەنها کورسییان پێ پڕ دەکەنەوە لە جیاتی ئەوەی هەندێک ژنی بەتوانا بێنن کە بتوانن پێشەنگایەتیی ژنان بکەن.»

هەروەها ناوبراوگوتی، «بۆ زیاتر بەشداریكردنی ژنان لە بوارەکانی کارکردن، پێویستە سەرەتا لە پەروەردوە دەستپێبکەین کە منداڵەکانمان فێری یەکسانیی ژن و پیاو بکەین لە ماف و بەرپرسایه‌تیدا.»

«ئاستیی به‌شداریی ژنان كه‌مه‌»

لەیلا خان بەرپرسی ڕێکخراوێکی ژنانە لە شاری کەرکووک. ده‌رباره‌ی پرسی به‌شداریی ژنان له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا گوتی، «ژن ڕۆڵێكی باشی هەیە لە ئاستی سیاسی و بازرگانی و ڕۆشنبیری، به‌ڵام بەشداریی ژنان به‌پێی خواستی ئێمە نییه‌ کە ڕێژەیەکی بەرز بێت. هیوادارم ڕۆڵی ژنان زیاتر بێت و داکۆکی لە مافی خۆیان بکەن. چونکە بەبێ هەوڵدان و هیلاكبوون ماف بە دەست نایه‌ت.»

دەربارەی سیستمی کۆتا له‌ په‌رله‌مان بۆ ژنان کە دەبێت ڕێژەی ژنان ٣٠% بێت، ناوبراو گوتی، «سیستمی کۆتا سیستمێكی هەڵەیە کە ژمارەی ژنان سنووردار دەکات بە ٣٠% و ڕێگه‌ نادات ژنان ڕۆڵیان زیاتر بێت لە پەرله‌مان.»

s.m