'پێویستە قورسترین سزا بەسەر تاوانبارانی دەستدرێژی سەر ژنەکەی پردێ بسەپێنرێت'

لیژنەی ژنان و کاروباری خێزانی و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق داوای سەپاندنی قورسترین سزا دەکات بۆ سەر ئەو چەکدارانە کرد کە دەسترێژی سێکسیان کردە سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاروچکەی پردێ لە کەرکوک.

لیژنەی ژنان و کاروباری خێزانی و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق بەتوندی ئیدانەی دەستدریژی کردنە سەر ئەو ژنە خاوەن پێداویستیە تایبەتەی کرد کە پۆلیسێک و چەند چەکدارێکی سەر بە حەشدی تورکمانی لە شارۆچکەی پردێ لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامیاندابوو  و ڤیدێوی دەستدرێژیەکەیان بڵاوکردبووەوە.

لیژنەی ژنان و کاروباری خێزانی و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە،"ئەو تاوانبارانەی ئەو کردەوە قیزەونەیان ئەنجامداوە لە شاروچکەی پردی لە کەرکوک کە دەستدریژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و باری دەرونی تەواو نیە و دیمەنی ڤیدیۆیی ئەو کردەویەیان بڵاوکردووەتەوە، پێویستە بە قورسترین شێوە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە بگیرێن کە کەرامەتی ژنان پێشێڵدەکات."

هەروەها لێژنەکە لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند: "بەشێوەیەکی شۆک و ئازارکێش و قیزەون ، سکالا و بەڵگە و ڤیدیۆی ئەو کارە قیزەونە گەیشتووە دەستمان کە دەیسەلمێنێت دەستدریژی سێکسی کراوەتە سەر ئەو ژنە خاوەن پێداویستیە تایبەتە لە شاروچکەی پردێ لە شاری کەرکوک لەلایەن چەندین تاوانبارەوە کە تاوانباران دەستگیرکراون و لەلایەن دادگای لێکۆلینەوەی پردێ و هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن."

هەروەها لە بەیاننامەکەی لیژنەکەدا هاتووە: "بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە قیزەونە دەکەین و داوا لە دادگای عێراق دەکەین توندترین سزا جێبەجێ بکات لە دژی ئەو تاوانبارانە و بکرێنە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەست بۆ ناموسی ژنی عێراق بەرن ."

هەروەها لیژنەکە داوای دابین کردنی ڕەوشێکی گونجاوی ژیانی کرد بۆ ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن بەتایبەتی ژنان بەهۆی تایبەتمەندی کۆمەڵایەتیانەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، لیژنەکە داوای لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کرد کە بڕیاری توند دەربکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر کاریکی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان."

ف.ق