پەیمان ڤیان: پێویستە یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین بۆ شەڕکردن لە دژی ئەم عەقڵییەتە

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە شداریی بەرنامەی دەنگی شیلان لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو و بارودۆخی ژنانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شیکار کرد.

بارودۆخی ئێستای ئێران کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ژنانیش دەبێت

پەیمان ڤیان بارودۆخی ئێستای ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتدا شیکار کرد و وتی: "کاتێک باس لە بارودۆخی ژنان دەکەین ناتوانین لە بارودۆخی گشتیی کۆمەڵگا دایبڕین. لە بارودۆخی ئێستای ئێرانیش دابڕاو نییە. ئێستاکە ئێران رۆژبەرۆژ لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ...هتد دا تەنگەتاو تر دەبێت و قەیرانەکانی ئێستا رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبنەوە. بێگومان ئەوانە هاوکات  لەسەر ژن کاریگەری دەبێت. بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا ئێران ئێستا بە بنبەست گەیشتووە."

 'سیاسەتی چەندین ساڵەى رژێمی ئێران بەرامبەر بە ژنان و گەنجان و کۆمەڵگا ئێستا لە زەرەری خۆی شکاوەتەوە'

ڤیان لە بەردەوامیی هەڵسەنگاندنە سیاسییەکانیدا وتیشی: "سیاسەتێک، کە ئێران بە ساڵانە لەسەر ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگا بەڕێوەی برد ئێستاکە زەرەر لە خۆی دەداتەوە، چونکە هەمیشە سیاسەتێکی لە ناوبەر و قڕکەر و بێ ماف بەڕێوە چووە. ئێستاکەش لە بەبەرامبەر ئەوەدا ئێران لە تەنگەتاوییەکی گەورە دایە. لە بواری سیاسی دا ئەم شتانە لەسەر ژن کاریگەر دەبێت، چونکە بە ساڵانە ژنان بۆ ئەوەی کە لە سیاسەت دا دەنگ و رەنگیان هەبێت؛ بەردەوام لە ناو تێکۆشانێکدا بوون و باجی زۆر گەورەیان لەم چوارچێوەیەدا داوە. هەروەها لە بواری ئابووریش دا ئەوەی بەردەوام ناڕەحەتی و مەینەتیى زۆر کێشاوە، ژن بووە."

'چەند گوشار لەسەر ژن هەبێت بەو رادەیە گوشار لەسەر کۆمەڵگاش هەیە'

پەیمان ڤیان ئەندامی کەژار سەبارەت بە گوشاری سەر ژنان ئەوەشی وت: "زەخت و گوشار چەندە لەسەر ژن هەبێت ئەوەندە لەسەر کۆمەڵگاش هەیە. کاتێک بارودۆخی ژنان لە ئێراندا پێناسە دەکەین دەبینین کە لە زیندانەکاندا بارودۆخی ژنان لە بواری سیاسیدا، هەموو رۆژێک بە ئەشکەنجە و یاسای جیاواز ژن سزا دەدرێن، هەموو رۆژێک ژنان لە شەقامەکاندا وبەرووی هێرش دەبنەوە. هەموو رۆژێک دەستدرێژیکردنە سەر ژنان پەرەدەستێنێت. رۆژ لە دواى رۆژیش و تاوەکو دێت  ئەو قەیرانانە قووڵتر دەبنەوە. ئەو قەیرانانەی ئێستای ئێران زۆرتر کۆمەڵگا زەرەری لێدەبینێت. ئێران بۆ ئەوەی لە هەر بوارێک دا خۆی بەهێز نیشان بدات بە شێوازی جۆراوجۆر کۆمەڵگا سەرکوت و بێدەنگ دەکات، پۆتانسییەلی (ماتەوزەی) بنەڕەتی، کە لە ژن دا زۆر بەهێزە، دەبێتە هۆکاری ئەوە  زۆرترین سەپاندنی بێدەنگی و سەرکەوت بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدرێت."

'هۆکاری نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی پیاوان بەرامبەر بە توندوتیژی لەسەر ژنان بۆ بوونی عەقڵییەتى پیاوسالاری دەگەڕێتەوە'

ڤیان، سەبارەت بە نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەوتۆی کۆمەڵگا و پیاوان لە بەرامبەر توندوتیژی لەسەر ژنان رایگەیاند: "ناتوانین بڵێین بۆچی سەرەڕای ئەوەی کە لە سەدەی ٢١ داین و ئەو هەموو پێشکەوتنە هەیە، بۆچی ئەوەندە گوشار لەسەر ژنان هەیە! ئەوە  بۆ ژنان پێچەوانەوە، چونکە سیستمی سەرمایەداری هەر دەچێت رووەو پێشکەوتن دەچێت و لە ژنان وەکو کۆیلە کەڵک وەردەگرێت. کەسایەتیی ژنان وێران دەکات. بەتایبەت لە سەدەی ٢١هەمین دا زیهنییەت و عەقڵییەتی پیاوسالاری بە هەموو شێوەیەک لە شەڕەکانی دەرونی و جەستەیی دا ژن بە ئامانج دەگرێت. ئەم زێهنییەتە هەر دەچێت بە هێزتر دەبێت، زیهنییەتێک کە ئاکاری کۆمەڵگا لاواز دەکات لەسەر ژنان بەڕێوە دەچێت. هەروەها تەکنیکەکانى ئێستا زەرەرێکی بنەڕەتی لە ژنان دەدەن. لە لایەکی ترەوە چەندە لەم سەدەیەدا پێشکەوتن هەبێت وێڕای ئەوەش شەڕێک هەیە، کە لە هەموو بوارێک دا لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت. هەموو ئەو شتانە دەبنە هۆکاری ئەوە، کە نەتوانین بڵێین بۆچی لەسەدەی ٢١هەم دا کۆمەڵگا و بە تایبەت پیاوان، لە بەرامبەر توندوتیژی لەسەر ژنان کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نییە."

"پێویستە یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین تاوەکو بتوانین لە دژی ئەم زێهنییەتە شەڕ بکەین"

ڤیان سەبارەت چۆنێتیی تێپەڕاندنی زێهنییەتی پیاوسالاری راشیگەیاند: "چەندە ژن رێکخسن کراو بێت ئەوەندە یەکێتیی ژنان بەهێزتر دەبێت و بونیاتدەنرێت، چەندە رێکخستنکردنی ژنان بەهێز بێت و چەندە ژنان یەکگرتوو بن، ئەو دۆخە دەبێتە رێگایەک بۆ تێکۆشانێکی بەهێز لە بەرامبەر ئەم سیستمە دا. بۆ ئەوەی ئێمە لە بەرامبەر زێهنییەتی سەرمایەداری و زێهنییەتی دەسەڵاتداری شەڕ بکەین، پێویستە یەکدەنگ و یەکڕەنگ بین تاوەکو بتوانین لە دژی ئەم زێهنییەتە شەڕ بکەین."

"دەوڵەتەکان دەیانەوێت کولتووری دەستدرێژی بەسەر کۆمەڵگا دا بسەپێنن"

پەیمان ڤیان سەبارەت بە کاریگەریی ئەو دەستدرێژی و توندوتیژییە کە بەرامبەر بە ژنان بەڕێوە دەچێت ئاماژەى بەوەکرد: "دەوڵەتەکان دەیانەوێت کولتووری دەستدرێژی بەسەر کۆمەڵگا دا بسەپێنن. کاتێک منداڵێک یاخود کەسێک لە تەمەنی بچووکدا بە شوو دەدرێت، زیانێکی گەورە لە روحییەی ئەو کەسە دەدرێت. ئەمە تەنها لەبەر ئەوە نییە، کە ئیتر ئەو کچە نییە، بەڵکو دەروونی ئەو کەسە دەشێوێت و هەتا هەتایە ترسێک لە دڵی دا دروست دەبێت و بەردەوام دیمەنی دەستدرێژیکردنە سەری دێتە پێش چاوی. هەروەها ئیتر بیری ئازادی و یەکسانی لەو کەسەدا دەکوژێت. ناهێڵێت بیری پێش بکەوێت و مێشکی دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی ژیانی و خزمەتی هاوسەرکردن و منداڵ بەخێوکردن. ناهێڵێت کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەبێت. بەو هۆیەوە زەرەر و زیانێکی گەورە لە کۆمەڵگا دەدات. کاتێک ژنێک دەستدرێژیی بکرێتە سەر ئەوا لە کەسایەتیی ئەودا کۆمەڵگایەک و وڵاتێک دەستدرێژیی کراوەتەسەر.

'کاتێک ژنێک خواست و ئامانجی هەبێت بێگومان سەردەکەوێت'

ڤیان لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە، بەئاکام گەیشتنی ئازادی ژنان ئاماژەى بەوەشکرد: "بەهۆی ئەو تێکۆشان و خۆڕاگرییە، کە ئێستا ژنان بەڕێوەی دەبەن لە هەر شوێنێک بن خۆیان و ئیرادەی خۆیان دەپارێزن. ئەوەش ئیرادەیەکە، کە پێى دەگەن بە ژیانێکی ئازاد. کاتێک ژنێک شتێکی ویست بێگومان سەردەکەوێت. چونکە باوەڕی پێی هەیە و تێیدا سوورە  و باجدانەکەشی رەچاو دەکات. کاتێک ژن لە سەر بڕیارەکەی سوور بوو؛ نە زیندان، نە شەلاق، نە ئەشکەنجە، هیچ شتێک ناتوانێت ژن لە تێکۆشانەکەی پاشگەز بکاتەوە."

"ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت"

پەیمان ڤیان ئەندامى کەژار سەبارەت بە ئەرکی کۆمەڵگا لە بەرامبەر بە ئازادی ژنان باسی لەوەکرد: "ئەگەر ژن زانا و هۆشیار نەبێت، رێگای بەروودا کراوە نەبێت، کار نەکات، خاوەن ئیرادە نەبێت ئەوا کۆمەڵگەش خاوەن ئیرادە نابێت و کۆمەڵگایەکی بندەست دروست دەبێت. بەو هۆیەوە بوو کە رێبەر ئاپۆ، وتی: 'ژنی ئازاد کۆمەڵگای ئازادە و تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت'. ئەم وشانە لە ناو خۆیان دا هەڵگری مانای زۆرن و هۆشیاری و زاناییەکى زۆریان لە خۆیان هەڵگرتووە. ئەرکی بنەڕەتیی کۆمەڵگا ئەوەیە کە کاردانەوە و ئەرکی خۆیان باش بەجێبهێنن و یەکگرتوو بن. وەکو پێشەنگێکی بەهێزی یەکگرتنیش، پێویستە ژنان یەکگرتووبن تاوەکو کۆمەڵگاش یەکگرتو بێت."

"ئێمە وەکو کەژار لە تێکۆشانی ژنان و خۆگەیاندن بە ژنان بەرپرسیارین"

پەیمان ڤیان لە کۆتایی وتەکانیدا بانگەشە و پەیامی کەژاری راگەیاند و وتی: "ئێمە وەکو کەژار لە تێکۆشانی ژنان و خۆگەیاندن بە ژنان بەرپرسیارین. سەبارەت بەو گوشارانەی لەسەر ژنان هەیە و ئاماژەمان پێکرد، گرنگ ئەوەیە لێرەدا ئێمە تا چەندە دەتوانین تێکۆشان بە هێز بکەین و بە هەبوونی ژن تا چەند دەتوانین گورز لە زێهنییەتی داگیرکاری بدەین. کام نەتەوە بێت بۆ ئێمە جیاوازیی نییە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە بتوانین یەکێتییەکی بەهێز لە نێوان ژنان دا دروست بکەین. داخوازی ئێمەش ئەوەیە لە کوێ ژنێک هەبێت خۆمان بە بێ رێکخستن کردن نەهێڵین و خۆمان زانا بکەین. ئەگەر ژنێک لە ناو شەقامێک و کۆڵانێکیش، لە ناو بنەماڵەیەکیش لە بەرامبەر زێهنییەتی پیاوسالاری تیکۆشان دەکات، ئەوە بۆ ئێمە جێگای بایەخە و هۆی سەربەرزیی ئێمەیە".

ر.م