چالاکی دایکان لە ناو پەرلمانی تورکیادا سێ رۆژە بەردەوامە

دایکی ئەو زیندانیانەی کە لە دژی گۆشەگیریی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە مانگرتن دان، سێ رۆژە لە پەرلەمانی تورکیا لە چالاکی دان.

چالاکی دانیشتنی دایکان لە پەرلەمان، دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەدەپە لە رۆژی سێشەممە دەستیپێکرد، ئەودایکانەی کە سێ رۆژە لە چالاکی دان دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری داد دیداربکەن.

لە شەوی دووهەمدا، هەردوو پەرلەمانتاری هەدەپە 'عایشە ئاجەر باشاران' و 'نەجدەت ئیپەکیوز' لەگەڵ دایکان مانەوە.

شەوی چوارشەممەیش 'سەعادەت ئاکن' لە ڕێگەی دیمەن 'ڤیدیۆ'وە پەیوەندی بە دایکانەوە کرد، ئاکن لە ٧ی کانونی دووەم/ ١٧ی بەفرانباری ئەمساڵەوە لە بەندیخانەی پیتی Tی ئەرزنجانەوە دەستی بە چالاکی مانگرتن کرد و دواتر ئازاد کرا، لە ماڵەوەش لە چالاکییەکەی خۆی بەردوامە.

ئاکن کە ١٣٠ رۆژە لە مانگرتن دایە وتی: "ئێمە بە هەزاران کەس چەندین رۆژە لە مانگرتن داین، کۆتایی بەو چالاکییە ناهێنین".

ئاکن وتیشی: "دەزانین کە سەردەکەوین، تێکۆشانی بەرخۆدێرەکان رۆژلەدوای رۆژ گەورەتر دەبێت، ئێمە ڕۆڵەی ئەم گەلەین و لەناو ئەم گەلەوە دەرکەوتووین، برسیبوون سەختییەکی وەها نییە، تەنیا ئەوەیە کۆرۆژبەرۆژ دەتوێینەوە، بەڵام بەرخۆدانی ئێوە ورەمان پێدەبەخشێت، پێکەوە سەردەکەوین".

هەندێک لە دایکەکان لە کاتی قسەکردنی ئاکندا دەیانگوت: "قوربانی ورەتان بین"، هەندێکیش فرمێسکیان دەباراند.

ک-ش