ژنانی گەنجی تێکۆشەر: ئێمەی ژنان خۆمان نە پارێزین هێچ کەسێک نامان پارێزێت

ژنانی گەنجی تێکۆشەر رایانگەیاند، لە دۆخی کەرەنتینەى دژ بە کۆرۆنا دیاردەکانى دەستدرێژی و ئەشکەنجەدانی ژنان زیادیان کردوە.

ژنانی گەنجی تێکۆشەر وێڕای ئیدانەکردنی هەوڵەکان بۆ شاردنەوەی دەستدرێژییەکان و ئەشکەنجەدانەکان جەختی لەوە کردووەتە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان لە دژی ژنکوژان و دەستدرێژکەران.

راشیگەیاندووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکاندا ڕێژی توند و تیژی بەرامبەر ژنان زیاتر کردوە و ئەگەر ئێمەی ژنان خۆمان نە پارێزین هێچ کەسێک نامان پارێزێت.

بەپێ هەموو ئەو ئامارانەی لەلاین ڕێکخراوەکانی ژنان و چاودێری کۆمەڵایەتەوە کە بڵاودەکرێنەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکەن لە کاتی کەرەنتینە ڕێژەی دەستدرێژی و توندو تیژی بەرامبەر ژنان ڕووی لە زیادبوون کردوە، بەڵام بەداخەوە ئەو توندوتیژی و دەسترێژیانە ھەر زوو لە بەرچاوی خەڵک دەشاردرێنەوە، بابەتەکە دادەخرێت و رێگە نادەن ئەوانەی ئەم کارە قێزەونە ئەنجام دەدەن بگەن بەو سزایەی کە شایستەیانە، یاخود بە بیانووی خێزانی، ئەخلاقی و ناموس بابەتەکە پەردەپۆش دەکرێت و دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت.

لە عێراق و باشوری کوردستانیش ئەم کردەوانە ھەتا دەێت زۆر دەبێت ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە یاسا و لایەنی پەیوەندیدار ڕاوەستە لەسەر ئەم مەترسییە ناکەن، لەسەر ناوی لێخۆشبوونی گشتی بەدەیان ژنکوژ ئازاد کراون و ئێستا لە ناو کۆمەڵگا دەسوڕێنەوە، ئەم نەرمی نواندن و لێخۆشبوونانەی حکومەت وایکردوە ژنکوژان و دەستدرێژیکەران زیاتر بوێر بن لە کارە  قێزەونانەکەیان و بەردەوام بن.

نموونەی ئەو کچە ٧ ساڵانەی شاری ھەولێر  کە دەسترێژیی کرایە سەر و تەجاوزکارانی ئەم کارە لەلایەن حکومەتەوە ئازادکران و لەلاین خودی دەسەڵاتەوە پارێزران، بەمەش دووبارە سەلماندیان یاسا سەروەر نەبووە و نییە. بەرھەمی کاردانەوە نەرمەکانی حکومەت وای کردوە کە دەستدرێژی و تەجاوز کارێکی ئاسایی بێت.

درووشمی هێزە ئەمنیەکانی عێراقش بە تایبەتی پۆلیس بریتییە لە (پۆلیس لە خزمەتی گەلدایە)، بەڵام ئەو ڕوداوەی بینیمان لە شارۆچەکەی پردێی سەر بەر پارێزگای کەرکووک کە دوو ئەندامی هێزە ئەمنیەکان دەستدرێژییان کردبوە سەر ژنێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ڕاستییەکی ترمان پی دەڵیت: ئەویش ئەوەیە، کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها ژنکوژان ئازاد دەکەن، بەڵکو خۆشیان بۆنەتە بەشێک لە دەستدرێژکاری و ژنکوژی.

ھەر بۆیە لەو چوارچێوە ژنانی گەنجی تێکۆشەر وێرای ئەوەی بە توندترین شێوەی ئیدانەی ئەوە کردەوە و هێرش قێزەونانە دەکات هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن لە تێکۆشان بەرامبەر ئەقڵیتی ژنکوژ و دەستدرێژیکەر بەردەوام دەبن و دەڵێین: "بە ئەرکی خۆمانی ئەزانین، کە ھیچ ماندوو نەبین و نەوەستین لە تیکۆشان لەبەرامبەر ئەو ئەقڵیتە چەپەڵ و قێزەونە، لەو سۆنگەیەوە بانگەواز لە هەموو ژنانی گەنج دەکەین، ڕێکخستەکانی خۆیان بە هێز بکەن و دژی عەقڵێتی پیاو سالاری و دەستدرێژیکار خۆیان بە ڕیکخستن بکەن، ئەگەر ئێمەی ژنان خۆمان نە پارێزین هێچ کەسێک نامان پارێزێت".

ژ.ت