کژار: لە دژی توندوتیژی، یەکبگرین،تێبکۆشین و ئازاد ببین

کژار: کێشەی نەبوونی ئازادیی ژنان سنووری وڵاتانی بەزاندووە، بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی پێویستە تێکۆشان بۆ ئازادی ژنان ببێتە تێکۆشانێکی نێودەوڵەتی.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی کردووەتە سەر کێشەکانی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جیهاندا وهەروەها باسی هەوڵ و پرۆژەکانی خۆیان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژن و تێکشکاندنی ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەم ژنان.

لە ڕاگەیەنراوەکەی کەژارداهاتووە"

"سەردەمێک کە تێیدا دەژین ژنان رووەو کەنداڵ پاڵپێوەدەنێ و کۆمەڵگا رووەو لەناوبردن دەبات. ئێمە دەکەوینە قۆناخێک کە ناکۆکیەکانی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، چینی، ئابووری و ...هتد، بەرەو لوتکە دەچن. لە هەمانکاتدا ئەم بارودۆخە دەرەنجامی داڕزانی هەزار ساڵانەی مێژووی شارستانییە. هەروەک چۆن کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەنجامی زیهنییەت و دەسەڵاتداری پیاو دەردەکەون، ئەمڕۆکەش بە تێکۆشانی ژنەوە دەستتێوەردانێک لەسەر ژیانی کۆمەڵگا دەکرێت و لەم چوارچێوەیەدا گۆڕانکاری پێک دێن.

یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ژن راوەستاندنی قڕکردنی کۆمەڵایەتییە؛ دوای ئەوەی کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بە شیکاری سەرۆکایەتی بەو گوتەیەی کە دەڵێن:" سەدەی ٢١ دەببێتە سەدەی ئازادی ژن" وەڕێ کەوت و دواتر سیستەمی زیهنییەتی پیاوسالار بەهەر جۆرە شێوازێک هەوڵی دا بۆ ئەوەی ئەمە پێک نێیەت.

سیستەمی پیاوسالاری دەڵێت:" سەردەمی ئایدۆلۆژییان کۆتایی پێهاتووە." ئەم گووتنە بۆ ئەوەی کە ژن و کۆمەڵگا لە ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ئازادی جیا بکاتەوە، گووتراوە. لە دژی ئەمە لەناو تێکۆشانێکی ئایدۆلۆژیانە و بە زانستەوە هەڵسوکەوت کردن جێگای گرنگییە؛ چونکە هێرشی سیستەمەکانی دژی ژن هەتا دوایی خاوەن ئایدۆلۆژیان. زانستی رەگەزی و ئایدۆلۆژیایی لە هەمانکاتدا لە دژی سیستەمی پیاوسالاری تێکۆشانیان کردووە. لە هەمانکاتدا سەدەی ٢١ کاتێکە کە دەسەڵاتداری کلاسیک، دەوڵەت-نەتەوە و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان لێپێچینەوەیان بەدوادا دەکرێ و تێپەڕ دەکرێن. قەیرانی سیستەمە هەیەکان لە راستی دا زۆر رێگە و رێبازان بۆ خوڵقاندنی ئازادی ژن فەراهەم دەکەن.

پێویستە رۆڵگەلێک کە لەلایەن شارستانی هەزارساڵانە بە تایبەت شارستانی سەرمایەداری بۆ ژن دیار کردووە ، بە شێوازێکی جددی لێپێچینەوەیان بۆ بکرێت و بۆ ئەوەی ئەم رۆڵگەلە بگۆڕدرێن؛ پێویستە سیاسەتێک کە لەلایەن عەقڵی پیاو بەڕێوەدەچێت بەباشی شیبکرێتەوە و تێکۆشانیان لە دژ بکرێت.

"پیاوانی دەوڵەت" لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە وتن و زیهنییەتێکی رەگەزپارێز، نەتەوەپەرەست و ئایین پەرەست کە بە گوێرەی رەوشتی کۆمەڵگا نین، مرۆڤایەتی پارچە دەکەن و لەگەڵ یەکتر بە قڕکردنیان دەدات. بەم شێوەیە فاشیزم پێش دەخەن و کۆمەڵگاکان قوربانی رەمەک و لاوازییەکانی خۆیان دەکەن. کاتێک دەڕوانینە کەسانێک کە نوێنەرایەتی هێزە ئیمپریالیستەکان دەکەن بە وێنەی سەرۆکی دەوڵەتە یەکبوویەکانی ئامریکا(دۆناڵد ترامپ)، سەرۆکی روسیا(ڤلادمیر پوتین)، سەرۆکی فەڕانسا(ئێمانۆئل ماکرۆن) و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل(بێنیامین ناتانیاهۆ) کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی رژێمی تۆتالیتەر دەکات، شازادەی عەرەبستانی سئوودی (سەلمان بن عبدل العزیز)، سەرۆکی ئایینی ئێران(عەلی خامنەئی)، سەرۆک کۆماری تورکیا(تەییب ئەردۆغان) دەکەین، دەتوانین بە ئاشکرایی قڕکردنی کۆمەڵگا ببینین. ئەو کەسایەتییە نەخۆشانە کە خۆیان وەکوو سەرۆک و سەروەری جیهانی یەکەمین دەبینن؛ نەتەنیا ژن بەڵکوو لە کەسایەتی ژندا هەموو کۆمەڵگا بە ئامانج دەگرن.

فاشیزم و سەرجەم دەسەڵاتەکان، سیاسەتێک کە بە ژیر و زمانی پیاو پێش دەکەوێت، شەڕ، قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری؛ هەرە زۆر کاریگەری لەسەر ژن دادەنێن. کێشەی ژن ئیتر سنوورە نەتەوەییەکان، چینییەکان و هەرێمییەکانی بەزاند و وەرچەرخاونە قەیرانی گلۆبال(گەردوونی). رەگەزپارێزی، نەتەوەپەرەستی، ئایین پەرەستی و زانستپەرەستی کە بەرهەمی عەقڵی پیاوی سەردەستن، لە پێش ژیانی ژن و کۆمەڵگای یەکسان، دادپەروەر و ئازاد ئاستەنگییەکی گەورە درووست دەکەن.

لەبەر ئەوەی دەوڵەتگەلێک کە بە عەقڵی پیاوە سەردەستەکان بەڕێوەدەچن، بەجێگەی ئەوەی کە یەکسانی کۆمەڵگا بەبنەما بگرن، بە زیهنییەتێکی تاڵانکار، جیهادکار و داگیرکار دەڕواننە دەوروبەریان و بۆ ئەوەی کە خەیاڵەکانیان بکەن بە هێزێکی هەژموونی و ناوەندی، بەردەوام کۆمەڵگاکان کەمەدکێشی شەڕان دەکەن. کاتێک ئەمەش دەکەن دەیانهەوێت کە ژنانی ئەم وڵاتە دەست لە ژیانی ئازاد و یەکسان هەڵگرن و تەنیا گوێبیستی وتەکانی ئەوان بن. لەبن ناوی خزمەتکردن بە شەڕەوە وەکوو کەرەستەی منداڵ هێنان، دەیانهەوێت بەردەوام ئەو ژنە منداڵان بێنێت؛ دەیانهەوێت خۆیان تێکەڵداری هەر ساتەی ژیانی ژنان بکەن. دیار دەکەن کە ژن چۆن، لە کوێ و لەگەڵ کێ بژی و بەم شێوەیە دەیانهەوێت ژن بخەنە بن کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. بۆ سەردەستی پیاو، کۆنەپارێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە بوارێک؛ ئەمەش بۆ ژیانی ژن دژوارییەکی تر ئاوا دەکات.

لە ڕۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا کێشە و ناکۆکییە هەرە بنگەییەکانی ژن، بە هۆی بەڕێوەبردنی سیاسەت بە دەستی زیهنییەتی کۆنەپارێزی پیاوسالارەوە و داسەپاندنی ئەم سیاسەتە لەسەر ژنانە. مۆدێڕنیتەی ئەوروپاش بە پێشکەشکردنی ژیانێکی سەرنج راکێش، ژن لە گەوهەر و راستی خۆی دوور دەخاتەوە؛ بە دەستتێوەردانەکانی سۆسیۆلۆژیای ژن، سایکۆلۆژیای ژن و تەنانەت بیۆلۆژیای ژن ئەمە دەکات و ژن ناچاری ژیانێکی مەجازی کە لە راستی بەدوورە، دەکات. بزوتنەوەی ژنان بە هەڵمەتی خۆی لەبن ناوی "ئێستا کاتی گۆڕانکاری و ئازادییە" دەستی بە لێپێچینەوەی کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی و رۆڵێک کە بۆ ژن دیار کراوە، دەکات. ئەم هەڵمەتە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دا بەگوێرەی سەربەخۆیی خۆیان دەستی پێ کردووە. هەروەک چۆن کێشەی ئازادی ژن سنووری وڵاتەکانی بەزاند و گەردوونی بوو، رێگەچارەسەری ئەویش لە ئاستی گەردوونی بوون دا پێویستی بە تێکۆشانێک هەیە.بۆ ئەمەش ئێمە وەکوو کەژار بۆ ئەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا و کێشەی ئازادی ژن بە رۆژەڤ بکەین و ژیانێکی بە ئالتەرناتیڤ پێشبخەین؛ لە چوارچێوەی هەڵمەتی"لە دژی توندوتیژی، یەکبگرین، تێبکۆشین و ئازاد ببین"دا کە لە ٢٨ی تیرمانگ(٦ی گەلاوێژ) دا دەستمان بەم هەڵمەتە کرد. بەبۆنەی رۆژی ئاشتی جیهانی ١ی ئەیلول، بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە جیهانێکی یەکسان و ئازاد دا بژین، خەیاڵەکانیان نەکوژرێن و پێشکەوتنە ئازادەکانیان سنووردار نەکرێن؛ لەناو هەڵمەتەکەماندا بۆ کەمپەینی "نا بۆ زەواج لەتەمەنی بچووک دا " خەبات بەڕێوەدەبەین؛ ئێمە هەر مانگ هەڵمەتەکەمان بە کەمپەینێکی بەکاریگەر بەڕێوە دەبەین و بەم رێگەیە خوازیارین کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەین. بە جێی ئەوەی خەیاڵەکانی منداڵانێک کە داهاتووی ئێمەن هەڵوەشێنین؛ بۆ پێکهێنانی خەیاڵەکانیان تێکۆشان بە بنەما بگرین. منداڵانێک کە لە تەمەنی بچووکدا ناچار بە هاورسەرگیری دەکرێن، دەبن بە قوربانی کۆناپارێزی کۆمەڵایەتی و زیهنییەتی ئایین پەرەست. پێویستە منداڵانمان لەم زیهنییەتە کە منداڵان دەکات بە قوربانی رزگار بکرێن و ژیانێکی ئازادیان بۆ فەراهەم بکرێت. بۆ ئەمەش بانگەوازی ئێمە سەرەتا بۆ ژنانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر هەموو جیهان ئەوەیە کە:بۆ ئەوەی منداڵانمان کە لە هەر جێگەیەکی جیهان, دەبن بە قوربانی زیهنییەتی پیاوی سەردەست یەک بگرین و تێکۆشان بکەین؛ لەم چوارچێوەیە دا لە نیجەرییە کەمپەینێک کە لە بن ناوی"تۆ تاوانبار نی" دەست پێکراوە هەنگاوێکی گرنگە.

لەم سۆنگەیەوە پێویستە رەگەزپارێزی کۆمەڵگا لێپێچینەوەی بۆ بکرێت و پێکهاتەگەلێک کە لەپێش ئازادی ژن دەبن بە ئاستەنگ، بە ئامانج بگیردرێن و جەخت لەسەر گۆڕانکاری بکرێت. رەگەزپارێزی، نەتەوەپەرەستی، ئایین پەرەستی و زانست پەرەستی هۆکارن بۆ تێکۆشان کردنمان. بۆ ئەوەی بتوانین جیهانێکی ئازاد بۆ ژنان ئاوا بکەین؛ لە دژی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک ؛ لە دژی هەڵوەشاندنی دەوروبەر و سروشت،تێکۆشانی ئێکۆلۆژیک (ژینگەپارێزی)؛ لە دژی سیستەمی تاڵانکەری سەرمایەدای، ئابووری کۆمیناڵ پێویستە وەکو ئاڵتەرناتیڤ پێشبخرێن. چۆنایەتی کێشەگەلیک کە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا رووبەڕووی دەبینەوە، خاوەن تایبەتمەندی ئاواکردنی شۆڕش و گۆڕینی روانگەی مێژوویین. وەکوو کەژار بەو زانا بوونە خوازیارین روانگەی مێژوو بەگوێرەی بەرژەوەندی ژن بگۆڕین و بۆ ئەوەی ئەمانە بگۆڕدرێن، تێکۆشانێکی ئەکتیڤ، هەڵسوکەوتێکی بەهێز و خوڵقاندنی ژیانێکی دیموکراتیک بۆ ئێمە مسۆگەر پێویستە.

لە بنگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا و لە فەلسەفەی ژیانی ئازاد دا، پێویستە ئێمە وێڕای ژنانی نەتەوەکانی تر تێکۆشانێکی هاوبەش پێشبخەین و لە دەوری دروشمی:"ژن-ژیان-ئازادی"دا کێشەکانمان بە رۆژەڤ بکەین و بۆ گەیشتن بە چارەسەری پێویستە ژنان بکەین بە پارێزوانانی بە کاریگەری شۆڕش. وەکوو ژنانی جیهان ئەگەر ئێمە خوازیاری ئاواکردنی سەردەمی ژنین، پێویستە وەکوو ژنانی تێکۆشەری جیهان رۆژەڤەکانمان ئاوێتەی یەکتر بکەین؛ لەم چوارچێوەیە دا وەکو کەژار بانگەوازی لە هەموو بزوتنەوەکانی ژنان بەوێنەی: ئێکۆلۆژیستەکان، فێمێنیستەکان، دژی فاشیستەکان، دژی سەرمایەداریەکان، رەوشەنبیرەکان، هونەرمەندەکان و...هتد، دەکەین کە تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە ببەین و بە تێگەیشتنی" لە دژی توندوتیژی، یەکبگرین، تێبکۆشین و ئازاد ببین" گۆڕانکاری و ئازادی مسۆگەر بکەین. "

ک-ش