کۆنگرەی ستار پشتیوانی خۆی بۆ کۆمەڵەی ژنانی رۆسا دەربڕی

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار کە کار و چالاکیەکانی خۆی لە فیدراسیۆنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوە دەبات، لە بەرامبەر گرتنی بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژنانی رۆسا ناڕەزایەتی دەربڕی و جەختیشی کردەوە، ژنانی کورد واز لە تێکۆشانیان ناهێنن.

دەوڵەتی تورک لە ٢٢ی ئەم مانگە (ئایار)دا لە چوارچێوەی ئۆپڕاسیۆنێکی قڕکردنی سیاسیدا، لە ناوەندی شاری ئامەد ١٨ کەسی دەستگیر کرد کە زۆربەیان بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژنانی رۆسا بوون. لەو ژمارەیە ١٢ کەسیان رەوانە زیندان کران.

کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر فشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سیاسەتەمەدار و ژنانی کورد و گرتنی ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی رۆسای ئیدانە کرد و راشیگەیاند:" بەو هێرشە دڕندانە و بێئەخلاقانەیان، دەیانەوێت ژنان تەسلیم بکەن، بەڵام ئاشکرایە کە ناتوانن لەم هەوڵانەیاندا سەرکەوتوو بن. ئەمڕۆ ئەوانەی لە بەرامبەر فاشیزمی توندڕەوی تورکیا بێدەنگ نامێنن و لە خۆڕاگریدان، گەلی کوردە. ئەوانیش دەزانن تا ئەو رۆژەی شکست بە کورد نەهێنن، ناتوانن سەرکەوتوو بن.

لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانەوە بگرە تا دەگاتە گرتنی سیاسەتمەداران و دروستکردنی فشار بۆ سەر ئەو کەسانەی لە تورکیا ئۆپۆزیسیۆنن، هەمووی بە پلان و زانابوون بەڕێوە دەبرێت. دوایین جاریش ئەو شەپۆلەی گرتنی ئەندامانی رێکخراوی رۆسا و سیاسەتمەداران بوو، کە لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوە چوو. رێکخراوی رۆسا رێکخراوێکە لە دژی پێشێلکردنی مافی ژنان تێدەکۆشێت و خاوەنداری لەو ژنانە دەکات کە رووبەرووی توندوتیژی پیاوان دەبنەوە. ناوەندێک بوو بۆ داڵدەدانی ژنان. یەکێکی دیکە لە کار و چالاکیەکانی، دژایەتیکردنی ئەو یاسایەی رژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بو کە رێگا خۆشکەر بوو، بۆ بەشوودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا."

لە بەردەوامی راگەیێندراوەکەیدا کۆنگرەی ستار دەڵێت:" ئێمە ئەوە باش دەزانین کە تێکۆشانی ژنانی کورد لە ناو کۆمەڵگا و سیستمدا، گۆڕانکاری زۆری دروست کرد. لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا و هیوای ئازادی لە ناو ژنان و بە گشتی لە ناو گەلی کورددا گەش کردەوە. بۆیە رژێمی فاشیست لە سەرەتاوە ژنانی بە ئامانج گرت. لە کوشتنەوە بگرە تا دەگاتە گرتن و دەستدرێژی، هەموو رێبازەکانی تەسلیمکردنی گرتنە بەر و جێبەجێی کرد، بەڵام لای ئێمە ئاشکرایە کە ناتوانن ئیرادەی ژنانی کورد تەسلیم بکەن و بیانترسێنن و دووریان بخەنەوە لە دۆزی ئازادیان. دەوڵەتی فاشیست بە هەزاران کەس زیندانی دەکات، بەڵام دیسان بە هەزاران کەسی دیکە دێنەوە پێشەوە و جێیان دەگرن.

ئێمە وەکو رێکخراوی ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەپۆلی گرتنی ژنانی تێکۆشەری باکوری کوردستان، لە لایەن رژێمی فاشیستەوە ئیدانە دەکەین و جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان دەردەبڕین.

بانگەوازیشمان بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بە پێشەنگایەتی ژنانی کوردی تێکۆشەر بوون بە خاوەندی ئیرادەی خۆیان و ئەو رێکخراو و کەسایەت و ژنانەی کە کاریگەری تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنانی کوردیان لەسەرە، ئەوەیە کە لە دژی ئەم کردەوە فاشیست و پیاوسالاریانە، بێدەنگ نەمێنن و خاوەندیاری لە رێکخراوەکانیان، پیرۆزی و هەبوونی خۆیان بکەن."

ز.ش