کەلتور و ژیانی کوێستانەکان بە پێشەنگایەتیی ژنان بەردەوامە

کوێستانی مەرگابوتە ١٢ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و تیایدا کەلتور و ژیان بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

ژیان لە کوێستانەکانی جۆلەمێرگ بە پشتیوانیی ئەو ژنانە بەردەوامە و ژیانی خۆشیان بەپێى دۆخی کوێستان رێکخستووە و رایدەگەیەنن، لە کوێستانەکان ئارامن.

کوێستانی مەرگابوتە ١٢ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگەوە دوورە. ژیان لەوێ جیاوازە. ژنان بەیانی زوو دوای ئەوەی ئاژەڵەکانیان بۆ لەوەڕاندن رەو چیاکان بەرێکدەکەن دەست بە کارەکانیان دەکەن. بەیانییەکەی مانگاکان دەدۆشن، نزیک نیوەڕۆ پێش گەڕاندنەوەى مەڕەکان سەتڵەکان بۆ شیر ئامادە دەکەن و دواتر شیر دەکوڵێنن و شیرەکە دەکەن بە ماست، پەنیر و رۆن.

بەبێ گۆرانی و هەڵپەڕکێ نابێت

ژنان لە کوێستانەکان ژیانێکیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە. کاتێک لە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئاژەڵەکاندان گۆڤەند دەگرن و گۆرانی دەڵێن. نیوەڕۆش پێکەوە مەڕەکانیان دەدۆشن. هاوژینەکانیشیان ئەگەر شوان نەبن، یان لە ناوەندی شارەکان یان گوندەکان ئیش دەکەن، یان بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن.

ئارامی لە کوێستانەکاندایە

حاجی نەسیبە ئیحتیات ئۆغڵووی تەمەن ٧٠ ساڵ دەڵێت، ئارامی و دڵخۆشی لە کوێستانەکاندا دەبینێت. ئیحتیاتئۆغڵوو رایدەگەیەنێت، چوار مانگ لە کوێستانەکان دەمێننەوە و دەڵێت "کوێستان بۆ ئێمە ژیانە. لێرە لەناو ئەم سرووشتەین. ئەو بەرهەمانەی لێرە ئامادەی دەکەین سرووشتین، زۆر تەندروستن. بەشێکیان دەفرۆشین، بەشێکیشی بۆ بنەماڵەی خۆمان ئامادەی دەکەین. زستانیش بەوانە دەژین. پێویستمان بە کەس نییە و بەو شێوەیە بەردەوامی بە ژیانی خۆمان دەدەین".

ژ.ت