بە دروشمی"دوور لە مردن ژنان شایەنی ژیانن" لە کەرکوک پانێلێك سازکرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ڕێکخراوی "ڕەژاک" لەژێر دروشمی (دوور لە مردن ژنان شایەنی ژیانن) هەستا بە ئەنجامدانی پانێلێك‌.

ئێوارەی دوێنێ هەینی لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک، لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان "ڕەژاک" پانێلێك لەژێر ناونیشانی (دوور لە مردن ژنان شایەنی ژیانن) بەرێوەچوو.

لە پانێلەکەدا ژنانی چالاکوان هەڵسەنگاندنیان ئەنجامدا سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و هەروەها کاریگەریی دابونەریتی کۆمەڵگا لەسەر کێشەکانی ژنان و بەدیهێنانی چارەسەریی کێشەکان، پانێلەکە شەش بابەتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو کە تەواوی ئەو بابەتەنانە لەلایەن ژمارەیەک ژنانی چالاکوانی کاوباری ژنان و پاریزەر و توێژەی کۆمەڵایەتیەوە پێشکەش بە ئامادەبووانی پانێڵەکە کرا.

ووتاری کردنەوەی پانێڵەکە لەلایەن دلڤان ئەکرەم، بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک)ەوە پێشکەش کرا، کە تیدا دلڤان ئەکرەم و وتی: "ئامانجمان لەم پانێلە، چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنانە لەم کۆمەڵگایەدا، بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی ژنان پێویستی بە هەماهەنگیی هەیە لەنێوان ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت کێشەکانی ژنان چارەسەر بکرێن."

پاشان ووتەکانی دلڤان ئەکرەم، یەکەم بابەتیش سەبارەت بە کاریگەریی دابونەریت لەسەر ژنان و کۆمەڵگە لەلایەن شکۆفە ساڵەیی، ئەندامی ڕێکخراوی کوردستانی سەوز پێشکەش کرا و ووتی: "ژن کەسایەتییەکی هەستیاری هەیە و زیاتر بەرگەی نەهامەتییەکان دەگرێت، بەڵام کاتێک کەسایەتیی لاواز دەبێت، ئەوکات نەریت کاریگەریی دەکاتە سەری و زۆرجاریش لەناچاریدا پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات."

هەروەها، بابەتێکی دیکەی گرنگی پانێلەکە بە ناونیشانی هۆکاری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەلایەن فەنار فاروق، ئەندامی ڕێکخراوی ڤیان، پێشکەش کرا فەنار ووتی: "زۆرجار ژنان بەبیانووی جیاوزای وەکو پاراستنی شەرەف و پاکردنەوەی شەرەفەوە دەکوژرێن و هەروەها ژنان ئازادییان نیە لەم کۆمەڵگایە بەشێوەیەک کە ژنان زۆرجار دەکەونە ژێر سێبەری باوک و براوە و پێداویستییەکانی دابین ناکەن، ئەمەش وادەکات پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن، یان کاتێک هاوسەرگیری دەکات و دوور دەکەوێتەوە لە ماڵی باوکی، هۆگری پیاوەکەی نابێت و ئەوەش وا دەکات کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت.''

پاش تەواوبوونی ووتارەکەی فەنار فاروق، تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی، بابەتێکی بە ناونیشانی سیاسەتی سیستەم لە زیادبوونی لەشفرۆشی، پێشکەش کرد و وتی: “سیستمی سەرمایەداریی، ژنانی ئازاد بە گەورەترین دوژمنی خۆی دەبینێت، بۆیە کار دەکات بۆ ئەوەی ژن بکاتە کۆیلەی سیستەم، هەر بۆیە سیستەمی سەرمایەداری ژنان وەکو کاڵایەک نێشاندان دەدات بۆ لاوازکردنی کەسایەتی ژن و بەهاو جوانییەکانی کۆمەڵگە لەناودەبات."

شیرین عەبدوڵا، پارێزەر و شارەزا لەکاروباری یاسایی، بابەتێکی لە پانێڵەکەدا بە ناونیشانی یاسای پاراستنی ژن لە دەستووری عێراقدا پێشکەشکرد و سەرنجی خستە سەر پێشێلکاری بەرامبەر ژنان لەرووی یاساییەوە  و ناوبراو ووتی: “یاساکان بە بیر و زهنییەت و عەقلیەتی پیاوسالاری نووسراونەتەوە، بۆیە لە زۆرینەی ماددەکانی یاساکانی عێراقدا، مافی ژن پێشێل کراوە، بۆنموونە بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراق، پیاو مافی هەیە لە هاوسەرەکەی تووڕە ببێت و تەنانەت لێیشی بدات.''

هەروەها دلڤان ئەکرەم، بەرپرسی ئەنجومەنی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "رەژاک" بابەتێکی بە ناونیشانی ڕۆڵی ڕێکخستنی ژن و تێگەیشتنی لە پاراستنی مافی خۆی چییە؟ پێشکەش بە ئامادەبووانی پانێڵەکە کرد و ووتی: پێویستە ژنان خۆیان بەڕێکخستن بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە مافی خۆیان بکەن و شارەزاییان هەبێت لە مافەکانی خۆیان بۆ ئەوەی لە مافەکانیان تێبگەن و هەوڵی بەدەستهێنانیان بدەن."

لە کۆتایی پانێڵەکەیشدا بەناونیشانی ئاستی تێکۆشانی ژنان و ڕێگە چارەسەرییەکان ، نەجیبە عومەر، چالاکوانی کاروباری ژنان بابەتێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد کە تیدا ووتی: " ژنان نێوەی کۆمەڵگان و پێویستە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە تەواوی دام و دەزگاکان بەکاربهینرێت، چونکە ژنانیش وەکو پیاوان مافیان هەیە، کە لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا جێبگرن، هەروەها دەبێت لەبواری تێگەیشتندا، ئەوە ڕاست بکەینەوە، کە کەسیان لە کەسیان کەمتر نییە، دەبێت ژن شانازیی بە هەبوونی خۆیەوە بکات و متمانەی بەخۆی هەبێت، جگەلەوەش دەبێت پرۆژەی هاوژیانی ئازاد بنیادبنرێت، هەروەک دەبێت سیاسەت لە ئەقڵییەتی ڕەگەزگەرایی دەربهێندرێت."

لەکۆتایی پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و لە ڕێگەی گفتوگۆ ئامادەبووانی پانێڵەکە تێبینی سەرنج و پرسیاری خۆیان خستەڕوو و بەم شیوەیە پانێڵەکە کۆتایی هات.

فەنار فاروق بەرپرسی ڕێخراوی ڤیان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، کە لە پانێڵەکەدا، بابەتێکی بەناونیشانی (هۆکاری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان) پێشکەش کردبوو لەبارەی پانێلەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووتی: "ئێمە ئەمڕۆ لەم پانێلەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، هەوڵمانداوە وەکو ژنانی چالاکوان بۆ کاروباری ژنان هەڵسەنگاندن ئەنجام بدەین سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و هەروەها کاریگەریی دابونەریتی کۆمەڵگا لەسەر کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگای عیراق بە گشتی و بەتایبەت لە کۆمەڵگای کەرکوکیش، ئێمە لێرەوە هەوڵمانداوە دەنگی ژنان بگەینینە زۆرترین ژمارەی خەڵكی، هۆکاری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی عەقلیەتی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگای کەرکوکدا."

هەروەها فەنار فاروق سەبارەت بە ئامانجیان لە ئەنجامدانی ئەم پانێلە ووتی: "لە ڕێگەی ئەم جۆر پانێلانە هەوڵ دەدەین ژنان هۆشیار بکەینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی رووبەربوونەوەی توندوتیژی بتوانن بەنا ببەنە بەر ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و نهێنی بابەت و کێشەکانیان بپارێزرێت و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بتوانین هاوکاریان بکەین و ئەو ژنانە لە توندوتیژی کۆمەڵگا بپارێزین کە ژنانی کۆمەڵگای کەرکوک دەناڵێنن بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە ، هەروەها هەوڵدەدەین بۆ پاراستن و بەدیهێنانی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان لە کەرکوک."

ژ.ت