بەپێی ڕاپۆرتی نەخۆشخانە ژینا ئەمینی بە ئەشکەنجە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە کوژراوە

رژێمی ئێران بانگەشەی ئەوەی دەکرد، ژینا ئەمینی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستداوە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی نەخۆشخانەکە ئاشکرایان کردووە، کە ژینا بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی قورسەوە کوژراوە.

پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند، ژینا ئەمینی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام هاککەران کۆمپیوتەرەکانی ئەو نەخۆشخانەیەیان هاک کرد، کە ژینا ئەمینی تێدا بوو و زانیاریەکانیان لەبارەی کوشتنی ژینا ئەمنییەوە بڵاوکردەوە.

بەپێی وێنەى سی تی سکانەکان، کە لە ڕاپۆرتی تەندروستیی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخاەى کەسرا دا هەبوو و لەلایەن هاککەرانەوە بڵاوکرایەوە ئەوە ئاشکرا بوو، کاسە سەری ژینا ئەمینی بەهۆی لێدانی قورس و پیاداکێشانی شتی ڕقەوە شکاوە و مێشکی تووشی خوێنبەربوون بووە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ، سی تی سکانەکانی نەخۆشخانەکە لە ژینا ئەمینی ئەوە دەردەخەن، کە ژینا لە ئەنجامی لێدان و شکان و دەرز تێکەوتنی گەورە لە لای ڕاستی ئێسکی سەرییەوە گیانی لە دەستداوە.

هاوکات ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، خوێن چووەتە ناو سییەکانی و خوێنیش لە گوێ هاتووە و خوێن لە ژێر چاوەکانیدا مەیوە و بەهۆی لێدانی قورس و پیاداکێشانی تەنێکی ڕەقەوە ژینا لەهۆش خۆی چووە و کەوتۆتە کۆما و غەیبوبەوە.

بانگەشەکانی ڕژێمی ئێران درۆ بوون

بنەماڵەی ژینا ئەمینی ڕایانگەیاندووە، بەهۆی چارەسەرنەکردن لە کاتی خۆیدا و دواخستنەوە ژینا کەوتووەتە غەیبووبە و کۆماوە، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، چارەسەرکردن بۆ ژینا ئەمینی لە کاتی خۆیدا ئەنجام دراوە!.

 لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، ژینا ئەمینی لە منداڵییەوە نەخۆشیی بورانەوە و دڵی هەبووە و ئەوانە هۆکار بوون بۆ گیان لە دەستدانی، بەڵام ئەو پڕوپاگەندانەی بەرپرسانی رژێمی لەلایەن بنەماڵەى ژینا ئەمنییەوە ڕەتکرایەوە و ڕایانگەیاند، ژینا هیچ یەک لەو نەخۆشیانەى نەبووە و زۆر تەندروست بووە.

هێزەکانی رژێمی ئێران لە سەرۆکی حکومەتەوە بۆ وەزیرەکان و بەرپرسانی ئەمنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان لە هەوڵدان بە هەموو شێوەیەک دۆسیەی کوشتنی ژینا و تاوانی هێزەکانیان بشارنەوە، بۆ ئەوەش هەموو جۆرە درۆ و پڕوپاگەندەیەک بڵاودەکەنەوە، بەڵام ڕاپۆرتی پزیشکی، بنەماڵەکەى و گەلی کورد و دۆستانی گەلی کوردو ئازادیخوازان بە هیچ یەک لە درۆکانی ئەو ڕژێمە بڕوا ناکەن، چونکا سەدان تاوانی تری هاوشێوەیان ئەنجامداوە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە هەوڵی شاردنەوەیان داوە.

ژ.ت