بەرواری: ٢٠ ڕۆژی داهاتوو بۆ گەلی کورد مەترسیدارە

دکتۆر کامەران بەرواری سیاسەتمەداری باشوری کوردستان دەڵێت: سەردانەکەی خولوسی ئاکار بۆ عێراق مەترسیدارە، پلانی مەترسیداریان لە دژی گەلی کورد بەدەستەوەیە و بە تایبەتی ٢٠ ڕۆژی داهاتوو ئەگەری شەرێکی قورس هەیە.

دکتور کامەران بەرواری سیاسەتمەدارای باشوری کوردستان دەربارەی سەردانەکەی خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF    قسەی کرد و بە سەردانێکی مەترسیدار بەناوی کرد.

ئەو سیاستەمەدارە لەسەرەتای قسەکانیدا بەم شیوەی خوێندنەوە بۆ ڕەوشی گەلی کورد کرد:" ئەم دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لەسەر گەلی کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد هەیە، ڕەوشێکی گران، ئاڵۆز، مەترسیدار، دژوار و چاوڕەوانکراوە، بە گوێرەی خوێندنەوەی ئێـمە بۆ ڕەوشەکە، عێراق و تورکیا لەسەر هەندێک خاڵی گرنگ و بەرژەونی هاوبەش و ستراتیژی ڕێکەوتوون و بە تایبەتیش لەدوای سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ تورکیا".

لەم٢٠ ڕۆژەی داهاتوودا شەڕێکی دژوار ڕودەدات

 بەرواری وتی"بەگوێرەی پێشبینی ئێمە لە٢٠ ڕۆژی داهاتوودا شەڕێکی دژوار ڕودەدات لە ناوچەی گارە و مەتینان تا دەگاتە زاخۆ، لە مانگی شەشی ٢٠٢٠ەوە تورکیا پلانی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان و ناوەڕاستی عێراقی داناوە، هەریەک لە حکومەتی عێراق، تورکیا بە هاوکاری و پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشور، پێکەوە پلانیان داناوە کە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵی بکەن، بەتایبەتی تورکیا هەوڵ دەدات سنوری باشوری کوردستان لە فیشخابوور تا ڕەبیعە و شەنگالیشی لە ناودا و لەوێشەوە تا سنوری ئوردن بگرێتە دەستی خۆی.

 باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتر دادەبڕن

لە درێژەی نرخاندنەکانیدا بەرواری جەختی لەوەکردەوە کە  هاتنی خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاری و ڕێكەوتنە لەسەر ئەو پلانەی تورکیا، وتیشی:" هەر لێدوانێكیش لەبارەی ئێران سەرقاڵکردنی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکەن و پلانەکانیان لەدژی رۆژئاوا و باشوری کوردستان جێبەجێ بکەن کە ئامانجەکانیان بەم شێوەیەن:

یەکەم:  هێزی بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلی کورد شەرڤان یاخود پێشمەرگە لاواز بکەن.

 دوو: جیاکردنەوەی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتری، لە ڕووی جوگرافیەوە بەتەواوەتی.

سێەم: لەناوبردنی خۆسەری شەنگال کۆمەلکوژکردنی گەلی ئێزدی و سڕێنەوەی گەلی ئێزدی لە عێراق و جیهان و دەست گرتن بەسەر ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی.

چوارەم: لاوازکردن و بێ ئێرادەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشان لەناوبردنی ئەو حکومەتە، لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد تاکو هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بەتەواوەتی هەرێمی کوردستان لاواز دەکرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەێوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراق و تورکیا.

پێنج: ڕێگریکردن لە ئێران بۆ ئەوەی هێچ پەیوندیەکی لەگەڵ عێراق و سوریا نەمێنێت.

شەش: دروستکردنی هەرێمێکی تایبەت بۆ سونەکانی عێراق کە ڕاستەوخۆ سنورەکانی لەگەڵ ئوردن و تورکیا گرێبدرێ.

بەرواری دەشڵێت، "دەبێت هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی کوردی بەشداری ئەو پێلانگێریە نەکات، چونکە وەک ڕێفراندۆم گەلی کورد هەڵدەخەڵتێنن، یان وەک هێنانی داعش لە ٢٠١٤ بۆ ناوچەکە پێلانگێریەکی نوێە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی بە هێچ شێوەیەک بەشداری نەکەن و هەست بەو بەرپرسیاریە بکەن و لە دژی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد شەڕ نەکەن و هێڕش نەکەنە سەر گەریلا، چونکە ئەو شەڕە دەبێتە هۆی لەناوچوونی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، دەبێتە شەری ٦٠ ملێۆن کورد لە ناویەکتری، لە دوای ئەو شەرە کورد ناتوانی داوای هیچ هاوکارێک لە دەرەوە بکات چونکە کورد بۆخۆی دەستکەوتەکانی خۆی لەناو دەبات.

لە کۆتای قسەکانیدا بەرواری رایگەیاند، دەبێت کورد لە جێگەی سەنگەرلێدان لەدژی یەکتری، لەیەکتر یەکێتی و یەکڕیزی ناوماڵی خۆی بەهێز بکات و بە یەکێتی نەتەوەیی وڵامی پلان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بداتەوە.

ف.ق