"بەشێوەیەکی مەترسیدار، کوشتنی ژنان بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە"

بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بەرگری کردن لەمافی ژنان دەڵێن: " یاسای بەناو(شەرەف) بۆخوی توندوتیژییەکە بەرامبەر ژنان چونکە خزمەت بە بکوژانی ژن دەکات".

پاش ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەگشتی و لەماوەی هەفتەی ڕابردوو بەتایبەتی، هەموو رۆژێک چەندین حاڵەتی تاوانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق تۆمار دەکرێن، ڕێکخراوەکانی بەرگری کردن لە مافی ژنان بانگەواز بۆ روبەڕوبونەوەی تاوانەکە دەکەن.

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی کوشتن و ناچارکردنی ژنان بەخۆکوشتن و بوونی ئەم کەیسانە بەدیاردەیەکی رۆژانە، ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانی ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوان.

یاسا کەمتەرخەمە لە لێکۆڵینەوە لە کەیسی خۆکوشتنی ژنان

سرود محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی ڕێکخراوی هیوای عێراقی لە کەرکوک، سەبارەت بە زیادبووه‌ی رێژەی وشتنی ژنان بەشێوەیەکی مەترسیدار، ڕایگەیاند: "لەماوەی ڕابردوو و بەتایبەتی لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هیچ رۆژێک نیە کەیسی ژن کوشت و خۆکوشتن نەبێت، زیادبوونی دیاردەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەگەڕیتەوە بۆ چەند هۆکارێکی وەکو زاڵبوونی پیاوسلاری لە کۆمەڵگا، فشاری کۆمەڵگا و سەروەر نەبوونی یاسا ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ زیادبوونی ئەم حاڵەتانە، یاسا کەمتەرخەمە بەجۆرێک کە بەشێوەیەکی لێهاتووانە لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەو ژنانە ناکات کە ناچارکراون بە خۆکوشتن، پێویستە ئەو کەسانەی کە ژنان ناچار بە خۆکوشتن ئەکەن سزابدرێن، زۆرجار خێزان ڕێگری لە کچان دەکات کە خوێندن تەواوی بکەن یان ڕێگرن لە کارکردنیان هەروەها حاڵەت هەیە کە کچان بەزۆر هاوسەرگیریان پێدەکرێت کە تەواوی ئەم فشارانە دەبنە هۆی نەخۆشی دەرونی و وادەکات کە کچان پەنابەرنە بەر خۆکوشتن".

کەمتەرخەمی حکومەت هۆکار بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان

دەربارەی رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو ژنە چالاکوانە ووتی: "بەداخەوە تائیستا حکومەت هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە بەرامبەر بەو هەموو کەیسەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان وە تائیستا داتاکان باس ناکرێت، نەک تەنها لەشاری کەرکوک بەڵکو لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان حکومەت ستراتیجێکی نەبووە بۆ مامەلەکردن و چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کەیسانە، زیادبوونی ئەم دیاردەیە کەمتەرخەمی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتە".

دەسەڵاتی کەرکوک قەبوول ناکات باس لە ئاماری کوشتنی ژنان بکرێت

هەروەها ناوبراو هۆکاری نەبوونی ئاماری فەرمی گەڕاندەوە بۆ زاڵ بوونی عەقڵیەتی پیاواسلاری بەسەر دەسەڵاتی و ڕایگەیاند: "زۆرجار وەکو ڕێکخاوەکانی ژنانی هەوڵدەدەین لەنزیکەوە لە کەیسی خۆکوشتنی ژنان بکۆڵینەوە بەڵام هۆشداریمان دەدرێت و هەرەشەمان لێدەکرێت لەلایەن کەسانی چەکدارەوە و هیچ پاراستنێک نیە بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بارودۆخەکە باشترە بەراوەرد بە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێڕاق چونکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی خێزانی هەیە و لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەکەن، هەروەها ڕێکخراوەکانیش دەتوانن ئاسانتر کارەکانیان بەڕێوەبەرن بە پێچەوانەی شاری کەرکوک کە ڕێکخراوەکانی شارەکە تەنانەت ناتوانن باسی ئاماری کەیسەکانیش بکەین چونکە دەسەڵاتی شاری کەرکوک قەبوول ناکات".

بەنهێنی ژن بەخاکسپێرداروە

لە کۆتایدا سرود محەمەد، مەترسییەکی دیکەی ئاشکرا کرد و ووتی: "سەرەڕای ئەوەی کە کەیسێکی زۆری کوشتنی ژنان ئەشاردرێتەوە بەڵام حاڵەتی حاڵەتی کوشتن رۆژانە هەیە، کەیس هەیە لەشارەکە کە تەرمەکەشیان نێژراوە بەبی ئەوەی کەس بزانێت ناتوانین نزیک کەیسەکەش ببینەوە چونکە ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە سەر بەلایەنی دەسەڵات و چەکدارن¸ کاتێک هەوڵ دەدەین کە لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەو ژنانە بکەین کە لاشەکانیان نێژراوە بەنهێنی، هەتاکو فەرمانی دادوەر پەیدا دەکەین گۆڕەکەی دەگوازرێتەوە و بۆ شاردنەوەی کەیسەکە تا ڕێگربن لە لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەی کە ژنانی بەنهێنی نێژراون".

ژنان ئامادەنین ملکەچی عەقڵیەتی پیاوسالاری بن

شۆخان عومەر توێژەری کۆمەڵایەتی تیشکی خستەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی حەڵەتەکانی کوشتن و ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن و ڕایگەیاند: "بەداخەوە رۆژنیە کە هەواڵی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بڵاونەبێتەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانەش هۆکاری ئەوەی کە ئەم نەوەیەی ئیستا هەیە هۆشیارن ئامادەنین ملکەچی ئەو عەقڵیەتە بن کە بەسەر کۆمەڵگاوە زاڵە، هۆکارێکی دیکەش هەڕەشەی ئەلکترۆنیە کاتێک کچان لەپەیوەندی خۆشەویستیدا دەبن هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە یان شتێکی دیکەیان لێ دەکرێت ئەوە لەبری ئەوەی دایک و باوک ئاگاداربکەنەوە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، زۆر جاریک بابەتی کوشتنی ژنان دەگۆڕدرێت بۆ خۆکوشتن".

یاسای بەناو(شەرەف) بۆخوی توندوتیژییەکە بەرامبەر ژنان

هەروەها ئەو توێژەری کۆمەڵایەتیە ووتیشی: "لە کۆمەڵگاکەماندا عەقڵیەتی پیاوسالای زاڵە کە تەواوی بڕیارەکان بەدەستی پیاوە، زۆرجار بەهۆی ئەوەی کە ژنان دەیانەوێت کار بکەن یان بخوێنن یا هەر بڕیارێکی دیکە بدەن و پیاو ڕەزامەندی لەسەری نەبێت ئەوە ئەو ژنانە دەکوژرێت و پاشان دەلێن بەهۆی کەیسی شەرەف بووە کە ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پیاوان ڕووبەرووی سزای قورس نەبنەوە، چونکە لە یاسایی عێراق کاتێک ژنێک لەسەر بابەتی شەرەف دەکوژرێت ئەوە ۆیاوەکە سزایەکی زۆر سووک وەردەگرێت، کە ئەم یاسایەش توندوتیژییە بەرامبەر ژنان، ٩٠٪ی بکوژانی ژنان کەیسەکانی کوشتنی ژنان دەگەڕیننەوە بۆ بابەتی شەرەف تا لەسزادان ڕزگاریان بێت".

پێویستە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی دەستپێبکەین

هەروەها بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژە مەترسیدارەی کوشتنی ژنان، شۆخان عومەر تۆێژەری کۆمەڵایەتی ووتی: "داواکارین یاسای بەناو(شەرەف) گۆڕانکاری تێدا بکرێت، هەروەها پێویستە لە قوتابخانەکانەوە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی دەستپێبکەین چونکە حاڵەتێکی زۆری خۆکوشتن بوونی هەیە لەه‌یوان قوتابیان، هەروەها دەییت ڕاگەیاند و پیاوانی ئاینی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەلگا، بەداخەوە کوشتنی ژنان بۆتە دیارەیەکی رۆژانە کە لە رحژێکدا چەندین حەڵەت ڕوودەدەن".

لەبێ هیوایدا پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن

ژیان حەمید لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنانی کوردستان، سەبارەت بە ڕێژەی زیادبوونی کوشتنی ژنان و بوونی بە دیاردەیەکی رۆژانە ووتی: " بەداخەوە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کوشتنی ژنان بەئاستێکی مەترسیدار زیادی کردووە، زۆرێک لەو ژنانەی کە پەنادەبەنە بەر خۆکوشتن کەسێک نیە هاوکارییان بێت بۆیە پێویستە خێزانەکان لەلایەن دەرونیەوە هاوکاری کچەکانیان بن چونکە ئێمە وەکو ڕێکخڕاوەکانی ژنانی ناتوانین بگەینە فریای هەموو کەیسەکان، هەمیشە لەڕێگەی کۆر و سیمینارکاندا جەختمانکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە ژنان پێویستە هۆشیاربن و بیر لە خۆکوشتن نەکەنەوە چونکە هەمێشە ڕێگە چارەیەکی هەیە".

لەژێر کاریگەری کۆمەڵگا خێزانەکان کەیسەکان دەشارنەوە

هەروەها ژیان حەمید ووتیشی: " لە ناوچەکەماندا عەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە ژنانیش هیچی دیکە توانای بەرگەگرتنیان نەماوە، کاتێکیش دەستیان ناگات بەهاوکاری پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، لەئیستادا هیچ ئامارێکی فەرمی بوونی نیە دەربارەی بە ڕێژەی ئەو ژنانەی دەکوژرێن و ئەو ژنانەی کە ناچار بەخۆکوشتن دەکرێن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە خێزانەکان بە هۆی شەرمکردن لە بیرکردنەوەی کۆمەڵگا هەوڵدەدەن کەیسەکانی بشارنەوە و بە ڕووداو ناوی بهێنن".

یاساکان دژی بەرژەوەندی ژنانە

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی ژنان ڕەخنەی لە حکومەت گرت و ووتی: "حکومەت و پەرلەمان کەمتەرخەم و تاوانبارن لە کەیسی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان چونکە تائیستا ئامادەنین یاسای ڕوربەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند بکەن، بەردەوام یاساکانیش دژی ماف و بەرژەوەندی ژنان توندتر دەبن، زۆرجاریش کە ژنێک دەکوژرێت خێزانەکەی تاوانەکە دەکەنە بابەتی بەناو شەرەف تا لەسزای قورس ڕزگاریان بێت".

رۆژانە ژنان دەکوژرێن

لەکۆتایدا ژیان حەمید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " پیاوان هاوکارنین لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، لەناو خێزانەکان و لەیاساشدا ماف نادرێت بەژنان، لەئیستادا بەشێوەیەکی رۆژانە ژنان دەکوژرێت و ناچار بەخۆکوشتن دەکرێن، بۆ ڕگری کردن لە تەشەنەکردنی زیاتری دیاردەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان پێویستە لە سیستەمی پەروەردەوە دەستپێبکەین لەپێناو بەرهەمێنانی خیزانیکی تەندروست و کۆمەلگایەکی تەندروست".

هـ . ب