بوڵدان: لە هەموو شوێنێک داکۆکی لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ دەکەین

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە وتی: "ئێمە لە هەموو شوێنێک داکۆکی لە رێکەوتننامەی ئیستەنبوڵ دەکەین".

سکاڵای ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە دژی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەى ئیستەنبوڵ لە ١٠هەمین فەرمانگەی دادگای ڕاوێژکاری بەڕێوەدەچێت. پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بەناوی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپەوە لە دادگا بەرگری لە سکاڵاکەیان دەکات.

دانیشتنەکە لەلایەن بووڵدان، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنان عایشە ئاجار باشاران، جێگری سەرۆکی فراکسیۆن مەرال دانش بەشتاش، پەرلەمانتاران  و ئەندامانی ئەنجوومەنی ژنانەوە  چاودێری دەکرێت.

بووڵدان بەر لە دانیشتنی دادگاکە لەبەردەم دادگای ڕاوێژکاریدا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "لە ئەنجامی تێکۆشانی ساڵەهای ساڵی ژنان، کە بە ڕەنج و جەستە و وتە مافەکانیان بەدەستهێناوە قبوڵ ناکرێت، کە بە بڕیاری پیاوێک ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە. جارێکی تر دەڵێین: ڕێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ ڕێکەوتنێک نییە، کە بە قسەیەک لە ناو پیاواندا دروستکراوە و هەڵبوەشێتەوە و پشتگوێ بخرێت. ئەمڕۆ لە تورکیا هەزاران ژن لەلایەن پیاوانەوە توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، هەزاران ژن دەمرن، یان دەکوژرێن، ئێمە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ قبوڵ ناکەین. ئێمە لە هەموو شوێنێک داکۆکی لە رێککەوتننامەى ئیستەنبوڵ دەکەین".

بووڵدان وتی: "ئێمە بە ناوی هەدەپەوە سکاڵامان لە دادگای ڕاوێژکاری تۆمار کرد و ڕامانگەیاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵ قبوڵ ناکەین، تەنها دەرکردنی بڕیارێکی باش و ئیجابی لەلایەن دادگای ڕاوێژکارییەوە هەموو داواکارییەکانی ئێمە نییە، بەڵکو داواکاریی ملیۆنەها ئافرەتی ئەم وڵاتەیە. ئێمە بە ناوی ملیۆنان ژنەوە چاودێریی ئەم دۆزە دەکەین. ئێمە جارێکی تر ئەوە ڕادەگەیەنین، کە هەرگیز بێ یاسایی و بێ مافی قبوڵ ناکەین. لێرە دایکانی چاو پڕ لە فرمێسک هەیە، بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە کچەکانیان لە دەست داوە، بەڵام بۆ ئەوەی ملیۆنان دایک لەم وڵاتەدا نەکەوێتە هەمان بارودۆخەوە پێکەوە ئەم پرۆسەیە پەیڕەو دەکەین. ئێمە هەرگیز کۆڵ نادەین و دەستبەرداری ئەم هێڵەى خەبات و تێکۆشانمان نابین و هەرگیز سازش ناکەین".

ژ.ت