بزوتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا: لە دژی هێرشەکان دەڕژێینە سەر شەقامەکان و هێڵی ژنی ئازاد دەپارێزین

بزووتنەوەى ژنانی کوورد لە ئەوروپا رایگەیاند، بەرخودان لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان تەنها کاری گەریلا نییە و بەرپرسیاریی هەموو کوردێکی شکۆمەند، هەموو ژنێک، سۆسیالیستێک، گەلانی ناوچەکە و رای گشتیی دیموکراتیکە.

بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی نیساندا دەوڵەتی تورکی فاشیست لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی بە هێرشێکی نوێی داگیرکەری کرد. ئەو هێرشە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکاندا دەستیپێکرد و کات و چوارچێوەکەى تەنها لە دژی ناوچەیەک و هێزەکانی گەریلا نییە، بەڵکو هێرشێکە لە دژی سیستمی ئەڵتەرناتیڤ و فیکری ئافراندنی کورد، ژنان، کەسایەتی و کۆمەڵگەى ئازاد، کە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە.

گەریلا نزەکەى نیوە سەدەیە مافی بەرگریی رەوای خۆی بەکار دەهێنێت، هەبوونی خۆی، ناسنامە و شکۆی خۆی پاراستووە. نەک تەنها هەبوونی خۆی پاراستووە، بەڵکو لە هەمان کاتدا رێکخستنێکی وەهای دروستکردووە، کە یوتۆپیای داهاتووی مرۆڤایەتیی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی نوێی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو و ئەوەش روون و زەق بووەتەوە.

هێرشە لە دژی هێڵی ژنی ئازاد

ئێمە لە سەردەمێکی وەها قەیراناویداین، کە دەوڵەتی تورکی فاشیست و هێزە سەردەستەکان، کە سەدەی رابرودوویان بە کۆمەڵکوژیی کۆتایی پێهێنا، ئەمڕۆش دەیانەوێت هەمان چارەنووس بەسەر ئێمەدا بسەپێنن. نوێکردنەوەى بڕیاری ئەمریکا لە دژی کادێرانی پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادی بۆ هەمان ئامانجە. بۆیە ئێمە هێرشەکان بۆ سەر خواکورک، حەفتانین، گارە، زاپ، مەتینا و ئاڤاشین بە هێرش بۆ سەر کوردستان، دەستکەوتەکانی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی وەک هێرشێک بۆ سەر هێڵی ژنانی ئازاد دەبینین.

بەرپرسیاریی هەموومانە

بۆیە بەرخودان لە دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە تەنها کاری گەریلا نییە، بەڵکو بەرپرسیاریی هەموو ئەو کوردانەیە، کە دەڵێن، 'دەمانەوێت بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و ئازاد بژیم' بەرپرسیاریی هەموو ژنان، سۆسیالیستەکان، گەلانی ناوچەکە و رای گشتیی دیموکراتیکە. گەلەکەمان و ژنانی کورد لە ئەوروپا دەیان ساڵە رێکخستنبوونی خۆیان دەپارێزێن، وڵاتپارێزیی خۆیان پاراستووە، پەیوەندیی رۆحی و فیکرییان لەگەڵ وڵات نەپچڕاندووە. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە، کە بە وتنی 'کاتی ئازادییە' هەستنە سەر پێ، ئەو بەرخودانە بە شێوەیەکی یەکپارچە و یەکگرتووانە بە رێکخستن بکەن و هەنگاوەکانی ئەمدواییەى دەوڵەتی تورک پووچ بکەنەوە. بۆ سەرکەوتنی هەڵمەتی 'کاتی ئازادییە' و 'ئێمە پێکەوە فاشیزم تێکدەشکێنین'، کە ماوەیەک لەوە پیش دەستیان پێکردووە، دەبێت لە گۆڕەپانەکاندا چالاکی ئەنجام بدەین. لەسەر ئەو بنەمایە داوای لە گەلەکەمان، ژنانی کورد لە ئەوروپا دەکەین، داوا لە رای گشتیی دیموکراتیک، هێزە فێمینیستەکان و کەسایەتییەکان دەکەین، کە داهاتووی خۆیان لە ناو هێڵی ئازادیی ژنانی کورددا دەبینن، ئەو بەرخودانە گەورەتر و گەشتر بکەن".

ژ.ت