چالاکوانانی ژن لە کەرکوک: خۆکوشتنی ژنان بووەتە دیاردە

چالاکوانانی کاروباری ژنان نیگەرانن لە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و دەڵێن: "خۆکوشتن بووەتە دیاردە".

لەماوەی ڕابردوو بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنا و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و زیادبوونی فشارەکان لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا و خراپ بوونی دۆخی ئابوری تاکەکانی کۆمەڵگا، بەشێوەیەکی بەرچاو توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕووی لەزیادبوون کرد و پسپۆڕان و چالاکوانان چەندین هۆکارییان خستە ڕوو بۆ زیادبوونی ئەم حاڵەتانە، ژمارەیەک ژنانی ڕێکخراوەکانی کاروباری ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باس لە دۆخی ژنان دەکەن و نیگەرانن لەوەی کە خۆکوشتن بووەتە دیاردە و و رۆژ بەرۆژ توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لەزیادبوونە.

بارودۆخەکە بەرەو خراپ بوون دەڕوات

ژیان حەمید بەرپرسی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنانی کوردستان، سەبارەت بەدۆخی ژنان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژنان داتا و ئاماری تەواومان لانیە دەربارەی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان تا بزانین کێشەکان روو لەزیادبوونە یان ڕوو لە کەمبوونە، بەڵام بەپی ژمارەی ئەو ژمارە ژنەی کە ڕوو لە لقەکانمان دەکەن لە یەکێتی ژنان دەبینین ژمارەکە ڕوو لە زیادبوونە و ژنان دەکوژرێن و توندوتیژی دژیان زیادی کردووە و بارودۆخەکە بەرەو خراپ بوون دەڕوات."

پێویستە لە سیستەمی پەروەردەوە دەست پێبکەین

هەروەها ژیان حەمید سەبارەت بە چۆنیەتی چاکردنەوەی خراپی بارودۆخی ژنان ووتیشی: " پێویستە لەسەر هەموو ژنانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە کاربکەین بۆ چاکردنەوەی دۆخی ژنان لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوان، چونکە چارەسەری کێشەکان تەنها لەلای ژنان نیە بەڵکو ئەگەر بەرامبەرەکەی کە پیاوانن لە کێشەکان تێنەگەن و نەتوانن گوفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن ئەوە ناتوانن چارەسەری کێشەکان بکەن، ئێمە وەکو ڕێکخراوەکان هەوڵمانداوە هۆشیاری لەنێوان خێزانەکان نێو کۆمەڵگای بڵاوبەینەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە لە سیستەمی پەروەردەوە دەست پێبکەین."

کاری ڕێکخراوەکانی ژنانی ئاستەم کردووە

سەبارەت بە کێشەکان بەهۆی نەبوونی شەڵتەر(پەناگە) لەشاری کەرکوک، ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ژنان ڕایگەیاند: " ماوەی چەندی ساڵە ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان لەشاری کەرکوک داوامان لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە کە شەڵتەر (پەناگە)یەک لە شارەکە دروست بکەن، چونکە نەبوونی شەڵتەر لەشارەکە کاری ڕێکخراوەکانی ژنانی ئاستەم کردووە، زۆر جار پەیوەندیمان پیوەدەکەن کە ژنێک لەشەقام کەتووە ئێمە ناتوانین بیگرینە خۆمان بەهۆی نەبوونی شەڵتەرەوە، بەڵام هەندێک جار دەتوانین لەڕێگەی ڕەوانە کردنی ژنان بۆ شەڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان بتوانین هاوکاری ئەو ژنانە بکەین."

کۆشتنی ژنان بووەتە دیاردە

شکۆفە محەمەد کە ژنێکی چالاکوانە لەشاری کەرکوک، سەبارەت بەدۆخی ژنان ووتی: " بەداخەوە لەبری پێشکەوتن رۆژ لەدوای رۆژ کۆمەڵگاکەمان بەرەو دواکەوتن دەچێت وە دەبینین کە لە ئەمڕۆدا کۆشتنی ژنان بووەتە دیاردە، لە کۆنەوە لە کۆمەڵگای کوردی بایەخیان بە ژن داوەو و رێزیان لە ژنان گرتووە و تەنانەت دەسەڵاتیش دراوە بە ژنان وەکو خانمی خانزادی میری سۆران و دەیان ژنی دیکە کە رۆڵیان هەبووە لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی."

ژنان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن

هەروەها ئەو ژنە چالاکوانە ووتیشی: "بەڵام بەداخەوە لەئەمرۆدا کە سەردەمی تەکنەلۆجیایە بارودۆخی ژنان بەشیوەیەک بەرەودواوە هەنگاوی ناوە کە بەهۆی فشار و ستەم لێ کردن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونیەوە ژنان خۆکوشتن هەڵدەبژێرن بۆ رزگاربوون لەو نەهامەتیانەی تووشی دەبن."

لاسایی کلتوری ووڵاتانی دیکە دەکەنەوە

شکۆفە محەمەد ووتیشی: "لە کۆمەڵگای کوردیدا رێزگرتن هەبووە بەرامبەر ژنان، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ژنانی کۆمەڵگاکەمان لاسایی کلتوری ووڵاتانی دیکە دەکەنەوە و دابونەریتی ووڵاتانی دیکە سەپێنراوە بەسەر ژنی کوردا، بۆ چارسەرکردنی کێشەکە پێویستە کار لەسەر سیستەمی خوێندن بکەین بۆ گۆڕینی عەقلی تاکەکانی کۆمەڵگا."

توندوتیژی لە کۆمەڵگاکەمان  روو لەزیادبوونە

شیرین عەبدوڵا ژنێکی پارێزەرە و شارەزایە لە یاسا، سەبارەت بەتوندوتیژی دژی ژنان ووتی: " لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣یەوە رێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگاکەمان بەشیوەیەکی بەرچاو روو لەزیادبوونە، لە ئێستادا خۆکوشتن بووەتە دیاردەیەک کە ژنان ناچار دەبن پەنای بۆ دەبەن بەهۆی ناکۆکی نێوان هاوژینەکان، هەروەها ریژەی جیابوونەوە زۆر زیادبووە."

ئەو مادە یاسایانە مافەکانی ژنان تیدا بچوک دەکرێنەوە

هەروەها ئەو ژنە پارێزەرە سەبارەت بە رۆڵی یاساکان لە بابەتی توندوتیژی خێزانی ووتی: " بەشێک لە یاساکان تا ئاستێک توانیویەتی خزمەت بە ژنان بکات بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری یاساکان ناکەوێتە خزمەتی ژنانەوە بەڵکو ئەو مادە یاسایانە ژن بەکۆیلە ئەکەن و مافەکانی ژنان تیدا بچوک دەکرێنەوە کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو نادادپەروەرییەیە کە رووبەرووی ژنان دەبیتەوە لەناو کۆمەڵگاکەمان."

پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە

هەروەها پاریزەر شیرین عەبدوڵا ووتیشی: "من وەکو پاریزەریک دەتوانم بلێم یاسا نەبووەتە وەڵامدانەوەیەک بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی ژنان کە لەناو کۆمەڵگاکەمان بوونی هەیە، بۆیە پێویستە ئەو یاسایانەی کە لەدژی مافەکانی ژنان بەکاردەهینرێن بێنە هەموارکردن یان یێنە سڕینەوە لە مادە یاسایەکانی عێراق."

ژنانی پەرلەمانتار کەمتەرخەم بوونە

لە کۆتایدا سەبارەت بەرۆڵی ژنە پەرلەمانتارەکان لە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان لە پەرلەمان، ئەو شارەزای یاساییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " ڕاستە ژمارەیەکی کەم لە ژنان پەرلەمانتارن بەڵام ئەو ژنانە لەبەرمبەر چارەسەکردنی کێشەکانی ژنان کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان کەمتەرخەم بوونە، هۆکاری کەمتەرخەمی ژنە پەرلەمنتارەکان بەرامبەر کێشەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگادا دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی عەقلیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی ووڵات."

ژ.ت