دەوڵەتی تورک بە فەرمی لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول کشایەوە

دەوڵەتی تورک بە فەرمی لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول کشایەوە. بڕیاری کشانەوەکەش لە رۆژنامەى فەرمیی تورکیادا بە بڕیار و ئیمزای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بڵاوکرایەوە.

رۆژنامەى فەرمیی تورکیا لە ١٩ی ئاداردا بڕیاری کشانەوەى دەوڵەتى تورکی لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول بڵاوکردەوە، کە بڕیاری کشانەوەکە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکەوە ئیمزا کراوە.

رێککەوتننامەى ئیستەنبول لە ١٢١هەمین کۆبونەوەى کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ئیستەنبول بڕیاری لەسەر درابوو و لەلایەن تورکیا و ٤٦ وڵاتی تری ئەوروپاوە پەسەند کرابوو.

لەبەر ئەوەى لە ١١ی ئایاری ٢٠١١دا ئەو رێککەوتننامەیە لە ئیستەنبول ئیمزا کرابوو، بە کورتی پێی دەوترا "ریککەوتننامەى ئیستەنبول". رێککەوتننامەکە لە تورکیا لە ١ی ئابی ٢٠١٤دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دەوڵەتى تورک ئەو رێککەوتننامەیە پێی قبوڵ نەکرا و لەئەنجامدا لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢١ بە ئیمزای رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو رێککەوتننامەیە کشایەوە.

رێککەوتننامەى ئیستەنبول بۆ داکۆکی لە مافی ژنان بوو. بەپێی رێککەوتننامەکە دەبوایە رێکاری پێویست و یاسایی گونجاو بگیردرێتەبەر بۆ ئەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و توندوتیژیی خێرانی بەرامبەر بە ژنان کۆتایی پێ بهێنرێت. تورکیا بەراورد بە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بەرزترین رێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانی تیادایە.

بەشێک لە ئاماری کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان لە تورکیا

دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بە زلهێزکردنی تورکیا پلانی ئەوەی داناوە، کە ژنان زۆرترین منداڵ بخەنەوە و بەوەش دانیشتوانی تورکیا زیاد بکەن و بە زیادکردنی دانیشتوان، هێزی کار و جەنگ و سەنگی دانیشتوان بەرزبکەنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە لەلایەن رێکخراوەکانی بواری ژنانەوە بە بەردەوامی رەخنە لە دەوڵەتی تورک و دامودەزگاکانی دەگیردرێت، کە دەوڵەت و دادگا و یاسا پشتیوانی لە بکوژی ژنان و ئەو کەسانە دەکەن، کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن.

بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، کە بە بۆنەی زیندانیکردنی مەلەک ئیپەک، کە مافی خۆپاراستنی بەرامبەر بە لێدان و ئەشەکەنجەکانی هاوسەرەکەى بەکارهێنابوو، بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، هەموو رۆژێک لە تورکیا بەلانیکەمەوە ٥ ژن دەکوژرێت.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمی "ئێمە رێگری لە کوشتنی ژنان دەکەین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون و ١٧١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

هاوکات بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی ژن نیوزیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٣٢ ژن و ٣٣ منداڵ کوژراون. ١١٠ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە و دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٤٩ منداڵ.

ژ.ت