عەگیدبوون

لە کوردستان عەگید زۆرن، هەر چۆن عەگیدێک لە دژی پاکتاوکارییەکانی داعش وەستایەوە، لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و پارتیش سەدان عەگید دەشەکێنەوە و دەوەستنەوە.

لە ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستان لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا بەهۆی هێرشی نامەردانەى فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە عەگید گارزان فەرماندەى هەپەگە لە ئەیالەتی خواکورک لەگەڵ دوو جەنەڕاڵی عێراق شەهید بوون. لەلایەکی ترەوە لە ناوچەى ماسیرۆی بۆتان لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا عەگید جڤیان فەرماندەی هەپەگە لە ناوچەى بۆتان لە شەڕ لە ژی هێزەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوو. مرۆڤایەتی فەرماندە عەگید جڤیانی لە بەرخودان لە دژی هێرشی پاکتاوکردنی داعش بۆ سەر شەنگال ناسی، کە چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شەنگال. ئەو بە تێکۆشانەکەى بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگەى ئێزدی لە پاکتاوکردنی داعش، ناسرا.  

لەوسەر ئەو بنەمایە، ئێمە سەرەتا سڵاو لەو هێزە قارەمانەکانی گەریلا دەکەین، کە لە خواکورک تاوەکو شەنگال کوردستانیان لە دژی داگیرکەری و پاکتاوکردن پاراست و دەیپارێزن. رۆڵەکانی کورد، کە لەسەر هێڵی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بوونەتە عەگید، بەهۆی سەرکەوتنە مێژووییەکانیانەوە پیرۆزباییان لێدەکەین. یادی شەهیدە قارەمانەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە کەسایەتیی جەنگاوەرانی ئازادی و فیدایی عەگید گارزان و عەگید جڤیان دا بە رێزەوە دەکەینەوە. ئێمە لە دڵەوە بڕوامان بەوە هەیە، کە دەبێت مرۆڤە قارەمان و فیداییەکان لە هەموو کاتێکدا شکۆمەندانە رێزیان لێبگیرێت و یادیان بکرێتەوە.

ئێمە لەوە تێگەیشتین و زانیمان عەگید گارزان رۆڵەیەکی سەرحەدی بوو. لەبەر ئەوەى لە گارزان بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو بوو و زۆرترین شەڕی لە گارزان کردبوو، پاشناوی گارزانی بۆ خۆی هەڵبژاردبوو. عەگید جڤیان  لە گوندی جڤیانی گەڤەڕ لە دایکبووبوو و گەورە بوو بوو. لەبەر ئەوەی فەرماندەی نەمری گەریلای پەکەکە عەگید (مەعسوم کۆرکماز)یان بۆ خۆیان کردە نمونە، هەر دوکیان ناوی عەگید-یان بۆ خۆیان هەڵبژارد. بەراستی لەسەر رێگاکەى رۆیشتن و وەک مەعسوم کۆرکماز بوون بە عەگید.

ئاشکرایە، کە هەر دوو عەگیدەکە لە چوارچێوەی فەرمان و رێککەوتنی "پێکەوە بەرەنگاربوونەوى پەکەکە"ی بەڕێوەبەریی ئەمریکادا، لەلایەن دەوڵەتی تورک – عێراق – پەدەکەەوە، کە رێککەوتنێکی بەهێزیان ئەنجامداوە، کوژران. بەپێی ئەو زانیارییانەى ئاشکرا بوون، عەگید گارزان فەرماندەی ئەیالەتی خواکورکی هەپەگە لەلایەن ئەو سێ هێزەوە، یان هێزەکانی ناویان، بەو ئامێر و جیازەى کە پێشتر لە ئۆتۆمبێلیی ژەنەراڵی عێراقی زوبێر حالی دا جێگیرکرابوو، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و چاودێریی دەوڵەتی تورک کوژران.

رووداوێکی چەپەڵی لەو شێوەیە، کە ژەنەڕاڵی عێراق لە ناو ئۆتۆمبێلە فەرمییەکەیى خۆیدا بوو لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەکوژرێت، بەڵام ئەو رووداوە ئەو دوو دەوڵەتەى نەهێنایە رووبەڕووی یەکتر، بە پێچەوانەوە زۆرتر لە یەکی نزیک کردنەوە.

خاکی کوردستان، کە عەگید گارزان و ژەنەڕاڵەکانی عێراقی تیادا کوژران، ئێستا لەلایەن سەربازانی تورکەوە داگیرکراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە - PDK)، کە بە خۆی دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستانمان" و بەڕێوەبەریی عێراق، کە ئەو خاکە وەک "وڵاتی عێراق" پێناسە  دەکات، پشتیوانی لەو داگیرکەریی دەکەن. فەرمان و پلانی ئەمریکا لەلایەن ئەو سێ هێزەوە لەسەر بنەمای کۆمەڵکوژکردنی دڕندانەی لەو شێوەیەی قێزەن جێبەجێ دەکرێت.

هەر سێ هێزە ناوبراوەکە لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایانگەیاند، لەسەر پلانێکی نوێی دگیرکەری لە دژی شەنگال رێککەوتوون. هەفتەى رابردوو بابەتێک، کە لەناو رای گشتیی کورددا زۆرترین موناقشە و مشتومڕێ لەسەر دروستبوو، ئەو رێککەوتنە بوو. یانی کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی، کە لەلایەن پەکەکەوە لە پاکتاوکردن و سڕینەوەى داعش رزگارکران، ئێستا لەلایەن ئەو سێ هێزەوە کە "لە دژی پەکەکە رێککەوتوون" سەرلەنوێ کۆیلەیەتییان بەسەردا دەسەپێنرێتەوە. شەنگالێک کە لەلایەن پەکەکەوە لە دەستی داعش رزگار کرا و بۆ کۆمەڵگەى کوردانی ئێزدی بووەتە خاکی ژیانی ئازاد، ئێستا لەلایەن ئەو سێ هێزەوە هەوڵ دەدرێت لە کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی بسەنرێتەوە. ناوی شەڕڤانی ئازادیی قارەمانی زاگرۆس و بۆتان، عەگید جڤیان بەو هۆیەوە زۆر بووەتە رۆژەڤ.

دیارە جێبەجیکردنی شەڕی قورس و بێسنوور،  کە بەهۆی فەرمانی ئەمریکاوەیە و لە کاتێکدا، کە دەوڵەتی تورک، عێراق و پەدەکە ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەى شەنگاڵ لە کۆمەڵگەی کوردی ئێزدی بسەننەوە، فەرماندەی گەریلای هەپەگە عەگید جڤیان، کە لە پاییزی ٢٠١٤دا شەنگالی لە داگیرکەریی داعش رزگار کرد، لە شەڕێکدا لە دژی سوپای تورک شەهید بوو. ئەو شەهادەتە لەلایەن بڕیارگەى ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ەوە بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە، لەو رووەوە ئەوە مشتومڕەکانی لەسەر شەنگال زیاتر کرد، لەلایەکی تریشەوە وادیارە، پلانی داگیرکەریی ئەو سێ هێزە بۆ سەر شەنگال قورس کردووە.

ئاشکرایە ئەو هێزانە دەیانخواست دوای خواکورک و حەفتانین، شەنگالیش بە هەمان شێوە داگیر بکەن، کارەکەیان زۆر قورسە، چونکە سەرەتا کۆمەڵگەى کوردی ئێزدی لە شەنگال و رێکخراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆەبەڕێوەبەری دیموکراتیک، هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکان بە بەرفراوانی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پلان داگیرکەرییەوە دەکەن و لە دژی دەوەستنەوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەهێزترین ئارگۆمێنت و فاکتەر لە راستیی شەهید عەگید جڤیان و پرۆژەی سیاسیی بۆ چارەسەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال دەستنیشان کراوە.

بە هۆی ئەوەی لە پەیمانی داگیرکردنی شەنگالدا کە لە ٩ی تشرینی یەکەمدا راگەیێنرا، هەرچەندە باس لەوە کرا کە 'ناوچەکە لە تیرۆرستە بیانی و خۆجێیەکان پاک کرایەوە' بەڵام هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت کە مەبەستیان لەم قسەیە، پەکەیە. روون و ئاشکرایە کە ئەو رێکەوتنە 'رێکەوتنی دژی پەکەکەیە'. هەرچەندە هەندێک هێزی وەکو دەسەڵاتی عیڕاق هەوڵ دەدەن رەوشەکە پەردەپۆش بکەن، بەڵام ئامانجی سەرەکی هەر یەک لە ئەمریکا و دەوڵەتی تورک و بەڕێوەبەرانی پەدەکە، پەکەکەیە و ئەمەش ناشارنەوە. لە ژێر ناوی 'دژایەتی پەکەکە'دا دەیانەوێت یەبەشە و دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی خۆسەریی گەلی شەنگال، لە یەکتر دوور بخەنەوە.

بارودۆخە دژوار و خرابەکەش لێرەدا دەردەکەوێت. چونکە داعش کە هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵگای کوردی ئیزدیی قڕکردەوە، ئەوانەی دەستوەردانیان کرد و لە دژی چەتەکانی داعش، شەنگال و کۆمەڵگای ئێزیدان پاراست، گەریلاکانی پەکەکە بوون. بەڵام ئەو لایەنانە یان لەوێ نەبوون، یان وەکو پەدەکە لە داعش رایانکرد، یانیش وەکو دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا هاوکاریی داعشیان کرد. دووهەمیش؛ گەریلاکانی پەکەکە لە شەنگال جێگیر بوون، بە پێچەوانەوە ئاسایشی شەنگالیان پاراست و لە لایەکی ترەوە پشتیوانیان لە گەل و گەنجانی شەنگال کرد بۆ ئەوەی بتوانن هێزی خۆپاراستن و دامودەزگای خۆسەری دیمۆکراتیک بونیاد بنێن. خاڵی سێهەمیش؛ گەریلاکانی پەکەکە کە لە شەنگال کۆتایی بە ئەرکەکانیان هات، لە بەهاری ساڵی ٢٠١٨ دا لە شەنگال کشانەوە و ئەم هەنگاوەش لە بەر چاوی رای گشتی نرا. ئەوانەی پێشەنگ بوون بۆ ئەو هەنگاوەش، مام زەکی شەنگالی و عەگید جڤیان بوون کە هەردووکیان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە نامەردانە شەهید کران.

ئاشکرایە کە دەستوەردانی پەکەکە لە شەنگال، بەم شێوەیەیە و هەموو کەسێکیش ئەم راستیە دەزانێت. پەکەکە، شەنگالی لە دەستی داعش رزگار کرد و رێگری کرد لەوەی کۆمەڵگای کوردی ئێزدی، کۆمەڵکوژ بکرێت. پەکەکە بۆ گەلی شەنگال و کۆمەڵگای کوردی ئێزدی پێشەنگایەتی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیکی کرد. دوای ئەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ کرد، پەکەکە خۆی لە ناوچەکە کشاندەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا کە راستیەکان لەبەر چاون، هێنانەوەی پەکەکە وەکو بیانوو بۆ هەوڵدان بۆ داگیرکردنی شەنگال، هێندە ئاسان نیە.

لەم رووەوە پێویست ناکات زۆر قسە لەسەر ئەمریکا و دەوڵەتی تورک و پەدەکە بکرێت. چونکە دین و ئیمانی ئەمریکا پەترۆل و بەرژەوەندیەکانیەتی. دەسەڵاتی تورکیاش بۆ خۆی دوژمنە سوێندخواردووەکەی گەلی کورد و کۆمەڵگای ئێزیدە و چەندین جاریش شەنگالی بوردومان کردووە. پەدەکەش، ئاشکرایە کە نرخ و شکۆی خۆی لە شەنگال بە تەواوەتی لەدەستدا. چونکە لە داعش رایکرد و کۆمەڵگای کوردی ئێزدیی لە ناو چنگی داعشدا بەجێ هێشت. شەنگال شوێنی کۆتاییهاتنیەتی، دەیەوێت رووداوی راکردنەکەی، لە لاپەڕەکانی مێژوودا بسڕێتەوە.

بەڵام بۆ دەسەڵاتدارانی عیڕاق بارودۆخەکە بەم شێوەیە نیە. چونکە بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە پشتیوانی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو تێکۆشانەی لە شەنگالی لە دژی داعش بەڕێوە چوو، پەکەکەش بەو کارەی کە کردی شکۆی مرۆڤایەتی رزگار کرد. حکومەتی عێراق خۆشی لە موسل و دەوروبەری لە دژی داعش تێکۆشانی کرد. دەسەڵاتی ئێستای عێراق ناتوانێت ئەمانە لەبیر بکات و بە سەرکێشی ئەمریکا لەم ئاستەدا سەر بۆ بەرەی دەوڵەتی تورک-پەدەکە دانوێنێت و لەگەڵ ئەواندا رێکەوێت و ئەم بارودۆخە قبوڵ بکات. مرۆڤ بە هەڵەدا ناچێت کە چاوەڕێی ئەوە بێت، عێراق واز لەوە دێنێت.

لە دژی ئامادەکاریەکانی داگیرکردنی شەنگال، هەم گەلی شەنگال و هەم کۆمەڵگای کوردی ئیزدی و دامودەزگاکانی خۆسەری دیمۆکراتیکی شەنگال، بە شێوەیەکی قارەمانانە و لە ئاستێکی باڵادا هەڵوێستیان نواند. لە هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرتاسەری جیهان، پشتیوانی لەو هەڵوێستە خۆڕاگر و ئازادیپارێزە کرا. روون و ئاشکرایە کە بزوتنەوەی ئازادی کورد، هەمیشە پشتیوانی لە گەلی شەنگال دەکات. بۆیە پێویست ناکات مرۆڤ هێندە بترسێت. ئەگەر جارێکی تر پێویست بە دەستوەردان بکات، پەکەکە و هێزە شۆڕشگێر-دیمۆکراتەکان، ئامادەن و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆیان جێبەجێ دەکەن. لە کوردستان عەگیدمان زۆرە، هەروەک چۆن عەگیدێک لە دژی قڕکەریەکانی داعش هاتە ئاراوە، بە هەمان شێوە، لە دژی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکەش بە سەدان عەگید دێنە ئاراوە. چونکە ئەو رووداوانەی روودەدەن، لە هەر جێگایەک بێت، راستیی عەگیدبوونی بە باشی فێری ژنان و گەنجان و کۆمەڵگای کوردی کردووە.

سەرچاوە: یەنی ئوزگور پۆلیتیکا

ز.ش- ژ.ت